بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ لە جیهاندا نزیکەی دوو ملیار کەس چەوریی جگەریان هەیە، چارەسەری بزانە
رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس لەبارەی پاراستنی تەندروستیی گون و جگەر بوو، پسپۆڕێک ئاشکرای دەکات، 25٪-30٪ی دانیشتووانی جیهان چەوریی جگەریان هەیە و لە هەرێمی کوردستان دەبێت 1.5 ملیۆن کەس چەوریی جگەریان هەبێت.
د. سەنگەر رەشید، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر دەڵێت: کحول هۆکارێکی نیشتن و دروستبوونی چەوریی جگەرە و جگە لەمەش، خۆراکی ناتەندروست هۆکارێکی دروستبوونی چەوریی جگەرە.
بەگوتەی د. سەنگەر رەشید، دوورنییە چەوریی جگەر هۆکارێکی هەوکردنی جگەر بێت و 10%ی تووشبووانی چەوریی جگەر، تووشی هەوکردن دەبن.
ئەوەشی باس کرد، نەجووڵان و کەمجووڵەیی هۆکاری تووشبوونن بە چەوریی جگەر و تەنانەت نەخۆشیی شەکرەی کۆنتڕۆڵنەکراویش هۆکارە بۆ چەوریی جگەر.
بۆ چارەسەریش پێشنیاز دەکات، پارێزی لە خۆراکی چەور و دابەزاندنی کێش هەبێت.
تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەت بوو بە تەندروستییی گونەکان و پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان گوتی، منداڵ هێلکەکانی لەنێو گونی نەبن، دوورنییە ببێتەهۆی نەزۆکی و نەهاتنەخوارەوەی هێلکە گونەکان هۆکارێکی شێرپەنجەیە.
د. محەممەد مەمووندی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان و شێواییە سکماکییەکان پێشنیاز دەکات، لەکاتی دایبی گۆڕین، پشکنین بۆ گونی منداڵ بکرێت و دایک و باوک ترسیان لە نەشتەرگەریی نەبێت؛ گونی منداڵەکە رزگار دەکات.