بۆ یەکەمجار لە کۆریای باشوور چارەسەرێکی نوێی شێرپەنجە تاقیدەکرێتەوە

رووداو - تەندروستی

بۆ یەکەمجار توێژەرانی کۆریای باشوور شێوازێکی نوێی چارەسەریی شێرپەنجە بەکاردەهێنن کە خانە شێرپەنجەییەکان دەکاتە خانەی سەلامەت و هیچ دەرمانێکیش بەکار نایەت.
 
توێژەرانی پەیمانگەی پێشکەوتووی زانست و تەکنەلۆژیای کۆریای باشوور جۆرە چارەسەرێکیان دۆزیوەتەوە کە بەبێ بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و چارەسەری تیشک، دەتواندرێت چارەسەری شێرپەنجە بکات.
 
پڕۆفیسۆر کوانگ هیو چۆ، توێژەر و سەرپەرشتیارێکی کارەکەیە و دەڵێت: چارەسەرەکە لەڕێگەی سیستمێکی کۆمپیوتەریی ژیریی دەستکردە بە ناوی BENEIN کە توانای ناسینەوە و دەستکاریکردنی جینی بەرپرس لە خانە شێرپەنجەییەکانی هەیە.
 
سیستمەکە توانای دەستنیشانکردنی سێ جینی سەرەکیی شێرپەنجەیی HDAC2، MYB و FOXA2 هەیە و توێژەران پێیان وایە، ئەگەر ئەو جینانە کپ بکرێن، ئەوا گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەوەستێت.
 
بۆچی ئەمە گرنگە؟
 
چارەسەرە باوەکانی ئێستای شێرپەنجە دەکرێت چەندان کاریگەریی لاوەکییان هەبێت کە بۆ ژیانی تووشبووان ناخۆش بێت و شێوازی ژیانیان تێکبدات، چونکە ئەو چارەسەرانە لەگەڵ لەنێوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان، هێرشیش دەکەنە سەر خانە ساخەکانی جەستە.
 
تاقیکردنەوەکە چۆن کرا؟
 
توێژەرانی کۆریای باشوور کاریان لەسەر شێرپەنجەی کۆڵۆنی مشک کرد و بۆیان دەرکەوت، گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان بە کپکردنی ئەو جینانەن 60٪ بۆ 80٪ کەمبووەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی تەکنەلۆژیاکەیان بەکارهێنا بۆ دەستنیشانکردنی جۆری جینەکە و پاشانیش کپکردنیان.