پسپۆڕێک: ئەگەر 1٪ رێژەی شەکرەی سێ مانگی داببەزێت، 21٪ ئەگەری مردنی پێشوەختە کەم دەبێتەوە

21-07-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو و شەکرە باسی شەکرەی سێ مانگی دەکات و دەڵێت: لەگەڵ کەمکردنەوەی رێژەی شەکرەی سێ مانگی کە ناسراوە HbA1c، مەترسیی لەسەر گورچیلەکان و جەڵتەی دڵ کەم دەبێتەوە.
 
د. جاسم محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و شەکرە بە رووداو راگەیاند، ئەگەر رێژەی شەکری کۆکراوە واتا پشکنینی شەکرەی سێ مانگی کە پێی دەڵێن، شەکرەی تەراکومی (HbA1c) تەنیا 1٪ داببەزێت ئەوا ئەم سوودانەی دەبێت؛
 
 - کەمکردنەوەی ئەگەری جەڵتەی دڵ بەڕێژەی 14٪.
- کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بەڕێژەی 12٪.
- کەمکردنەوەی مەترسیی پەککەوتنی گورچیلە بەڕێژەی 16٪.
- کەمکردنەوەی مەترسیی مردنی پێشوەختە بەهۆی نەخۆشیی شەکرە بەڕێژەی 21٪.
- کەمکردنەوەی مەترسیی روودانی لێکەوتەکانی شەکرە وەکو لەدەستدانی بینین و مەترسیی دروستبوونی برینی قاچەکان و لەدەستدانیان، بەڕێژەی 36٪ - 43٪.
 
بەپێی WHO، ئەگەر شەکرە کۆنتڕۆڵ بکرێت دەبێت شێوازی ژیانی تەندروست پەیڕەو بکرێت، هاوتەریب لەگەڵ ئەو چارەسەرییانەی کە پزیشکی پسپۆڕ بۆ تووشبووەکەی دادەنێت.
 
پشکنینەکە چۆن دەکرێت؟
 
لە تاقیگەکان پشکنینەکە بەردەستە و ناسراوە بە پشکنینی شەکرەی سێ مانگی بە ناوی HbA1c کە لەڕێگەی خوێنەوە دەکرێت، رێژەی ئاساییش بە پێی جۆری ئامێرەکە دەگۆڕێت بەڵام بە گشتی دەبێت لەخوار 5.7٪ـەوە بێت. ئەگەر لەوە زیاتر بێت ئەگەری ئەوەی هەیە کەسەکە لە حاڵەتی پێش تووشبوون بە شەکرە و لە حاڵەتی تووشبوونی بە شەکرە بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە