حکومەتی چین: سەرکەوتووبووین لە زیادکردنی تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووان

رووداو - تەندروستی

حکومەتی چین لەبارەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی وڵاتەکە راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و ئاشكرای دەکات، تێکڕای تەمەنی دانیشتووان لە ماوەی پێنج ساڵدا 1.1 ساڵ زیادی کردووە. 
 
بەپێی ئامارەکانی وڵاتەکە، تێکڕای تەمەنی دانیشتووانی چین لە ساڵی 2024دا 79.1 ساڵ بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2020دا 78 ساڵ بووە.
 
پسپۆڕانی وڵاتەکە زیادبوونی تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراو لەو وڵاتە، دەگەڕێننەوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و ئاسان دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوەکانی پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان و رێنوێنیکردنی خەڵک بۆ هۆشیارکردنەوەیان لەبارەی تەندروستییانەوە.
 
وانگ شیوفێنگ، توێژەرێکی ئەکادیمیای پزیشکییە لە چین و دەڵێت: زیادکردنی ژمارەی پزیشکانی خولاو بەراورد بە ساڵی 2020 کاریگەریی بەرچاوی هەبووە لە زیادکردنی خزمەتگوزارییەکان.
 
وانگ شیوفێنگ گوتی، ''ئێستا 90٪ـی دانیشتووانی چین لەماوەی 15 خولەکدا دەتوانن بگەنە نزیکترین نەخۆشخانە، ناوەند و بنکەی تەندروستی، ئەمەش وادەکات ئاسانتر خەڵک چارەسەر وەربگرن''.
 
هەر ئەمڕۆ مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە چین لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداودا گوتی، ''ئێستاش خەڵکی چین بە رێگەی کۆن چارەسەر وەردەگرن و راستەوخۆ حەز بە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی دەرمانخانەکان نادەن''.