لە ئەمریکا تەکنیکێکی نوێی یۆگا بۆ بەساڵاچووان بەکاردێت

رووداو - تەندروستی

ناوەندێکی وەرزشیی جەستەییە لە نیویۆرک و تەکنیکێکی نوێ بە بەکارهێنانی کورسی بۆ یۆگای بەساڵاچووان تاقیدەکرێتەوە.
 
ماریان ریڤمان بەشداربوویەکی 80 ساڵانە و یەکێکە لە بەشداربووەکانی یۆگا، ئەو دەڵێت: ''تۆ هەموو جەستەت دەکشێنیت واتا جومگەکانت لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر دەبەیت، ئەوە لەسەر کورسییەکە دەکرێت کەمتر هێز دەخرێتە سەر ئەژنۆ و رانەکان. ئەمە رێگە بە بەساڵاچووان دەدات ئەو جووڵەیە بکەن کە پێشتر دەیانکرد وەکو هەستانەوە بە بەکارهێنانی کورسی و جووڵەکانی دیکە، بێ ئەوەی ئازاری خۆت بدەیت''.
 
خانمە بەساڵاچووەکان دڵخۆشن کە بەبێ ئازار، یۆگا دەکەن، بە گشتی یۆگا چەند سوودێکی جەستەیی و دەروونی دەبەخشێت کە گرنگترینیان ئەمانەن؛ پاراستنی بڕبڕەی پشت، بەهێزکردنی ماسوولکەکان، پاراستنی تەندروستیی دڵ، باشترکردنی کواڵیتیی خەو، کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی و گەشبینی و ئارامی.
 
راهێنەران پەسنی ئەم شێوازە نوێیەی یۆگا دەکەن بۆ بەساڵاچووان و ویتنی چیپمان، راهێنەری یۆگا دەڵێت: ''یەکەمجار لە پۆلێکی یۆگادا کورسیم هێنا و قوتابییەکانم گوتیان کە ئێمە پێویستیمان بە یۆگای بەساڵاچووان نییە و ئێمە پیر نین، بەڵام دواتر بینیان کە بەکارهێنانی کورسی ئەوەندەی قایشی یۆگا بەسوودە''.
 
بەپێی ناوەندی CDC، لە ئەمریکا ئەنجامدەرانی یۆگا زیادبووە و لە ساڵی 2022دا 17٪ـی خەڵک بووە زۆرترینیشیان 18 بۆ 44 ساڵان بوون.