پزیشکان هۆشداری لە لێکەوتەیەکی مەترسیدار لەدوای نەشتەرگەریی بڕینی گەدە دەدەن
رووداو - تەندروستی
نەشتەرگەریی بڕینی گەدە رێگەیەکی باوە بۆ دابەزاندنی کێش، بۆ ئەوەی کەسێک زوو هەست بە تێربوون بکات و کەمتر بخوات، بەڵام لێکەوتەکانی نەشتەرگەرییەکە لەڕووی کەمبوونەوەی هەڵمژینی مادە کانزاییەکان و ڤیتامینەکان زۆرن و پێویستە کەسەکە هەمیشە پشکنینی پێشوەختەی خۆی بکات.
بۆچی دوای نەشتەرگەریی بڕینی گەدە کەمیی مادە خۆراکییەکان روودەدات؟
لە دوای نەشتەرگەرییەکە گەدە ترش و ئەنزیمەکانی هەرس کەمتر بەرهەم دەهێنێت و خۆراکیش خێراتر بە کۆئەندامی هەرسدا رێدەکات، چونکە گەدە بچووکتر بووەتەوە لە پێشان. دوای نەشتەرگەرییەکە مەرج نییە راستەوخۆ نیشانەکانی کەمبوونەوەی مادە خۆراکییەکان دەربکەون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئاستی وزە و تەندروستیی ئێسک و دەمارەکان.
باوترین ئەو ڤیتامین و کانزایانەی دوای نەشتەرگەریی بڕینی گەدە کەم دەبنەوە چین؟
- ڤیتامین B12 کە نیشانەکانی بریتین لە (ماندوویێتی، سڕبوون لە دەست و قاچ و لەبیرچوونەوە)، دەکرێت لەڕێگەی دەرزی و سپڕا یاخود تەواوکەری خۆراکییەوە وەربگیرێت.
- ئاسن کە نیشانەکانی بریتین لە (ماندوویێتی، بێهێزی، لاوازی، هەناسەتەنگی و رەنگزەردبوون)، دەکرێت لەڕێگەی تەواوکەری خۆراکی و حەبەوە وەربگیرێت.
- ڤیتامین فۆڵەیت B9 کە نیشانەکانی بریتین لە (ماندوویێتی، بێهێزی، لاوازی و کەمخوێنی)، دەکرێت لەڕێگەی تەواوکەری خۆراکییەوە وەربگیرێت.
- کالسیۆم کە نیشانەکانی بریتین لە (ئازاری ئێسکەکان، گرژبوونی ماسوولکەکان و زوو شکانی ئێسک)، دەکرێت لەڕێگەی خۆراک یان تەواوکەری خۆراکییەوە وەربگیرێت.
- ڤیتامین سایامین B15 کە نیشانەکانی بریتین لە (کێشەکانی رۆیشتن،سەرلێشێوازی، ناڕێکیی بیرکردنەوە و تێکچوونی دەمارەکان) دەکرێت لەڕێگەی خۆراک یان تەواوکەری خۆراکییەوە وەربگیرێت.
- مس کە نیشانەکانی بریتین لە (کەمخوێنی کە هیچ هۆکارێکی روونی نەبێت یان کێشە لە دەمارەکان) دەکرێت لەڕێگەی تەواوکەری خۆراکییەوە وەربگیرێت.
ئامادەکردنی
- د. نەوشیروان سادق، مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەولێری پزیشکی
- لاڤە نەهرۆ، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەولێری پزیشکی
- چرۆ نەبەز، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەولێری پزیشکی