کۆمەڵەی پزیشکانی دڵ: نەشتەرگەریی دڵ بە سڕکردنی نیوەیی "سەرکێشییە بە ژیانی نەخۆش"

رووداو - تەندروستی

دوای ئەوەی پزیشکێک لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند ''نەشتەرگەریی چاندنی دەمارەکانی دڵی بۆ دوو نەخۆش بە سڕکردنی نیوەیی ئەنجامداوە''، کۆمەڵەی پزیشکانی سینگ و دڵ لە کوردستان کارەکە بە "مەترسیدار" ناودەبات و داوای لێپێچینەوە لەو پزیشکە دەکات.
 
د. باوەڕ حەسەن، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی سینگ و دڵ، بە رووداوی راگەیاند، "نەشتەرگەریی سینگ و دڵ بە سڕکردنی نیوەیی ناکرێت و نابێت سەرکێشی بە گیانی نەخۆش بکرێت."
 
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستیی کردووە و داوامان کردووە لێپێچینەوە لەو پزیشکە بکرێت."
 
د. باوەڕ حەسەن روونی کردەوە، سڕکردنی نیوەیی تەنیا بۆ چەند نەشتەرگەرییەکی دیاریکراو بەکاردێت و ئەم جۆرە نەشتەرگەرییەی دڵ یەکێک نییە لەوانە.
 
سەبارەت بە کاری پزیشکەکە، د. باوەڕ حەسەن گوتی: "داوای روونکردنەوەمان کردووە بزانین ئایا ئەوە سەرکێشی کردووە یان ناچاربووە، چونکە نەشتەرگەریی لەو شێوازە مەترسیدارە."
 
د. باوەڕ حەسەن جەختی لەوە کردەوە، "کۆمەڵەی پزیشکانی سینگ و دڵ لە کوردستان ئاگاداری کاری ئەو پزیشکە نەبووە" و پێویستە رێکارە پزیشکییەکان بەپێی ستانداردە باوەڕپێکراوەکان بن.
 
پزیشکێکی هەولێر بەبێ بێهۆشکردن، کردنەوەی سینگ یان راگیرانی دڵ، بە شێوەیەکی سەرکەوتوو نەشتەرگەریی چاندنی دەمارەکانی دڵی بۆ دوو نەخۆش کردووە و لە رۆژی پێنجشەممە 18-9-2025 لە کۆنگرەیەکدا گوتی، ''ئەو شێوە نەشتەرگەرییە، نەخۆش لە مەترسییەکی یەکجار زۆر دەپارێزێت''.