رووداو دیجیتاڵ
پزیشکێکی هەولێر بەبێ بێهۆشکردن، کردنەوەی سینگ یان راگیرانی دڵ، بە شێوەیەکی سەرکەوتوو نەشتەرگەریی چاندنی دەمارەکانی دڵی بۆ دوو نەخۆش کردووە و دەڵێت، ''ئەە شێوە نەشتەرگەرییە، نەخۆش لە مەترسییەکی یەکجار زۆر دەپارێزێت''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-09-2025، د. هێمن عەبدولڕەحمان، پزیشکی نەخۆشییەکانی دڵ لە هەولێر، بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێچەوانەی شێوەکانی باو، دوو نەشتەرگەریی دڵی بە تەکنیکێکی زۆر جیاواز و تەندروست بۆ دوو نەخۆش کردووە.
لە شێوەی کلاسیکەکەیدا، نەشتەرگەریی چاندنی دەمارەکانی دڵ بە کردنەوە و شەقکردنی ئێسکی سینگ و بێهۆشکردنی گشتیی نەخۆش دەکرێت و دڵ لە لێدان رادەگیرێت. د. هێمن عەبدوڵڵا گوتی: ''هەندێک لە نەخۆشەکان کێشەی هەناسەدانیان هەیە و شەقکردنی سینگ، بەنجکردن یان راگیرانی دڵ، کاریگەرییەکی یەکجار زۆر خراپی لەسەریان دەبێت.''
ئەو پزیشکە بەبێ ئەوەی بێهۆشکردنی گشتی بۆ نەخۆشەکان بەکاربهێنێت، تەنیا لە رێگەی سڕکردنی (بەنج) سینگیان، نەشتەرگەریی چاندنی دەمارەکانی دڵی بۆ کردوون و گوتیشی، ''نەخۆش بە تەواوی هۆشیار بوو و بە شێوەی سرووشتی هەناسەی دەدا، بەبێ ئەوەی سینگی بکەینەوە یان دڵی رابگیرێت.''
بەگوتەی د. هێمن عەبدوڵڵا، نەشتەرگەرییەکە لە رێگەی کونێکی بچووکەوە لە چورادەورەی گۆی مەمکی نەخۆش کراوە، ''لە کۆتاییدا بەبێ ئەوەی ئێسکی سینگ بشکێنرێت، دوای چەند مانگێک ئاسەواری برینەکە نامێنێت.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لەو نەخۆشانەی بەو شێوە نوێیە نەشتەرگەریی چاندنی دەمارەکانی دڵی بۆ کراوە، ناوی نەعام بلخێرە، تەمەن 80 ساڵ و خەڵکی جەزائیرە کە چوار دەماری دڵی گیرابوو و ئەمڕۆ چوارەم نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.
هەروەها نەخۆشەکەی دیکەیش هاووڵاتییەکی بە رەگەز عەرەبی خەڵکی خوارووی عێراقە، کە تەمەنی 60 ساڵە و بەر لە نەشتەرگەرییەکە، مەترسی لەسەر ژیانی هەبوو، بەڵام ئێستا پڕۆسەی چاندنی دەمارەکانی دڵی بە سەرکەوتوویی بۆ کراوە.
ئەو پزیشکە گوتی: ''پلانمان هەیە لە داهاتوودا نەشتەرگەریی چاندنی دەمارەکان بەو شێوەیە بکەین، چونکە پڕۆسەیەکی ئاسانە و نەخۆش بە برینێکی بچووکەوە، زوو دەگەڕێتەوە ژیانی ئاسایی.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ