لە نەخۆشخانەی فێرکاریی بلێ ''بۆ یەکەمجار'' نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ کرا

رووداو - تەندروستی

نەخۆشخانەی فێرکاریی بلێ رایدەگەیێنێت، ''بۆ یەکەمجارە'' نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ لە سنووری بلێ کرا؛ ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە دەڵێ، ئەمە یەکەمجارە لە ئاستی هەموو عێراق شێوازێکی نوێی گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ بەکاردێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 22-11-2025 د. زریان حوسێن، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان کە خۆی نەشتەرگەرییەکانی کردووە بە رووداوی راگەیاند، لەماوەی دوو رۆژدا چوار نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی بلێ بە سەرکەوتوویی کران.
 
لەبارەی نەشتەرگەرییەکانەوە د. زریان حوسێن روونی کردەوە، دانەیەکیان هی جومگەی حەوز بووە و سیانەکەی دیکە هی جومگەی ئەژنۆ بووە.
 
ئەوانەی کە زیاتر تووشی ئەو کێشەیە دەبن ئەوەیە لە بەساڵاچوواندا هەیە و کڕکڕاگەی ئەژنۆیان دادەخورێت، لە گەنجانیش شکان و تەقینی کڕکڕاگە هۆکارێکی باوە بۆ پەککەوتنی جومگە.
 
هەر ئەمڕۆ د. کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە رووداوی گوت، ''پێشووتر نەشتەرگەریی جومگەی حەوز دەکرا و لەم چەند رۆژەشدا دەستمان بە گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ کردووە''.
 
د. کامەران محەممەد دەڵێت: ئێستا 150 کەس ناونووسکراون بۆ نەشتەرگەرییەکانی گۆڕینی جومگەی حەوز و ئەژنۆ، بەڵام دوای وردبوونەوە لە دۆخی تەندروستییان دەشێت نەشتەرگەری بۆ 100 کەسیان بکرێت.