بەرپرسێکی خۆپاراستنی دهۆک: قەدەخەیە ئاوی بیر بۆ شەربەتە دەستکردەکان بەکاربێت
رووداو - تەندروستی
بەرپرسی چاودێری و سەلامەتیی خۆراک لە خۆپاراستنی دهۆک رایدەگەیێنێت، بە هەموو شێوەیەک ئاوی بیر بۆ شەربەتی دەستکرد قەدەخەیە و لە پشکنینەکانیان دەرکەوتووە، ئەوانەی بەکاریان هێناوە، لەنێو شەربەتەکانیان بەکتریا هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 23-2-2026 دڵشاد عیزەدین، بەرپرسی چاودێری و سەلامەتیی خۆراک لە خۆپاراستنی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، سەرەنجامی پشکنین و بەدواداچوونەکانیان بۆ کواڵیتیی شەربەتە دەستکردەکان بۆیان دەرکەوتووە، 90٪ـی ساردەمەنییەکان پابەندی رێنوێنییەکانیانن و بەشێکیان بەهۆی ئەوەی ئاوی بیریان بۆ شەربەتەکان بەکارهێناوە، سزا دراون.
دڵشاد عیزەدین نموونەی شەربەتی ساردەمەنییەک باس دەکات و دەڵێت: لەبەر ئەوەی ئاوی بیری بۆ شەربەتەکانی بەکارهێنابوو، لە پشکنینەکاندا بەکتریای تێدا دۆزرابووەوە و هەمووی کشێندرایەوە.
دڵشاد عیزەدین روونی دەکاتەوە، بڕی بەکارهێنانی رەنگە دەستکردەکان دیاریکراون و بۆ هەر تامێک کیلۆیەک تاوەکو دوو کیلۆگرام بۆ هەزار لیتر ئاو دیاریکراوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، پێویستە ئاوی فیلتەرکراو بۆ شەربەتە دەستکردەکان بەکاربێت. داواش لە خاوەنکارەکان دەکات، پابەندی رێنوێنییەکانی خۆپاراستنی دهۆک بن.
شەربەتە دەستکردەکان چۆن هۆکاردەبن بۆ شێرپەنجە؟ لە بەرنامەی رەمەزانی دکتۆر ئاراس ئەمە باس کرا.