شەربەتە دەستکردەکان چۆن هۆکاردەبن بۆ شێرپەنجە؟
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراس؛ د. سیما سۆران، پسپۆڕی کلینیکیی خۆراک و کێش دەڵێت شەربەتە دەستکردەکان پڕن لە مادەی پارێزەر، شەکری دەستکرد، رەنگ و تامی دەستکرد، کە زیانی زۆریان بۆ تەندروستی هەیە.
پسپۆڕەکە دەڵێت: "ماددەی "بەنزەواتی سۆدیۆم"ی نێو ئەو شەربەتانە کە وەکو پارێزەر دەخرێتە شەربەتەکانەوە، دوای کارلێککردن لەگەڵ ڤیتامین C، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات و ماددە پارێزەرەکانیش دەبنە هۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە".
د. سیما سۆران، پسپۆڕی کلینیکیی خۆراک و کێش روونیدەکاتەوە شەکری دەستکردی نێو شەربەتەکان "خراپترین جۆرە" و مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە و وشکبوونەوەی جەستە زیاد دەکات. گوتیشی، "ئەو شەکرە دەستکردانە لە منداڵاندا دەبنە هۆی فرەجوڵەیی و نیشانەکانی ئۆتیزم زیاد دەکەن، هەروەها رەنگ و تامە دەستکردەکانیش هۆکارن بۆ گرژەکۆڵۆن، ئاوسان و گازی گەدە."
بە گوتەی د. سیما، خراپترین کات بۆ خواردنەوەی شەربەتی دەستکرد، دوای بەربانگە، چونکە دەبێتە هۆی ئاوسان، ژان و گرژبوونی کۆڵۆن. ئەو شەربەتانە بە خێرایی شەکری خوێن بەرز دەکەنەوە و دواتر بە خێرایی دایدەبەزێنن، کە دەبێتە هۆی تەمبەڵی و بێهێزی.
بەرنامەی رەمەزانی دکتۆر ئاراس سەرچاوەیەکی تەندروستیی متمانەپێکراو و پشت بەستووە بە نوێترین بەڵگە و توێژینەوە زانستییەکان، کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ مانگی رەمەزان ئامادە کراوە. ئامانجی سەرەکیی بەرنامەکە ئەوەیە کە ببێتە رێبەرێکی کرداری بۆ بەدەستهێنانی تەندروستییەکی باشتر لەم مانگەدا، لەرێگەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو باوەڕ و بۆچوونە تەندروستییانەی کە زۆرترین تێگەیشتنی هەڵە و مشتومڕیان لەسەرە. بەرنامەکە تەنیا زانیاریی تیۆری پێشکەش ناکات، بەڵکو رێنمایی کرداری و ئاسان بۆ جێبەجێکردن دەخاتە روو، بۆ ئەوەی بینەران بتوانن بڕیاری تەندروستیی دروست بدەن و سوود لە مانگی رەمەزان وەربگرن بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانیان.