مەترسییەکی جیدیی کەمخەوی لەسەر منداڵ و نەوجەوانان؛ دەروونیان تێکدەدات

23-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی ئاشکرای دەکات، کەمخەوی دەشێت وا لە نەوجەوانان بکات لەڕووی دەروونییەوە زیان بە خۆیان بگەیێنن.
 
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی وارویک لە بەریتانیا لەسەر 10 هەزار نەوجەوانی نێوان 10 بۆ 14 ساڵ کرا و دەرکەوت، ناڕێکیی دەروونیی لەنێو منداڵ و نەوجەواناندا دەشێت بەهۆی کەمخەوییانەوە بێت کە لە سەردەمی ئێستادا بەهۆی زۆربەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە ئەوە بەدی دەکرێت.
 
د. مایکڵ پاولی، پسپۆڕی دەروونناسی و توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: پەیوەندیی نێوان تێکچوونی دەروونی و کەمخەوی مەترسیدارە و پێویستە رەچاوی رێکیی خەوی منداڵ و نەوجەوانان بکرێت، چونکە دەکرێت ئەو کەمخەوییە بەرەو بیری خۆکوژیشیان ببات.
 
ئەو پسپۆڕە گوتی، ''کاریگەریی کەمخەوی لە بەشێکی زۆری منداڵان دوای 17 ساڵی دەرکەوتووە، زیانیان بە خۆیان گەیاندووە و تووشی ناڕێکییە دەروونییەکان بوون بەتایبەت خەمۆکی و گۆشەگیری''.
 
بەگوێرەی مایۆکلینیک شەش رێگە دەبنەهۆی باشترکردنی خەو:
 
1. پێویستە نیکۆتین و کافایین، ژەمی قورس پێش خەوتن نەخورێن.
2. ژوورێکی سارد، تاریک و بەکارنەهێنانی شاشە پێش خەوتن، کواڵیتیی خەو باش دەکەن.
3. خەوتن لەماوەی رۆژدا کەمتر لە یەک کاژێر بێت.
4. رۆژانە وەرزش و جووڵەی بەردەوام هەبێت.
5. گوشار و دڵەڕاوکێ کەم بکرێنەوە.
6. کاتەکانی خەوتن و لەخەوهەستان دیار بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە