رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق بە رووداوی گوت، ئەگەر نەخۆشێک لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە چارەسەر لە دەرەوەی وڵات بێت، ئەوان دەینێرنە دەرەوەی وڵات. بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، نزیکەی 74 نەخۆشی بەرکەوتەی چەکی کیمیاییان پێویستیان بە دەرەوەیە و ناوەکانیشیان دراوەنەتە تەندروستیی عێراق، بەڵام نەنێردراونەتە هیچ وڵاتێک.
رۆژی شەممە، 23ـی ئەیلوولی 2023، دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 10 نەخۆشی بەرکەوتەی چەکی کیمیاییمان هەیە و پێویستیان بە چارەسەری سییەکانە لە دەرەوەی وڵات، ناوەکانیشیان دراوەتە وەزارەتی تەندروستی عێراق، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچیان بۆ نەکردوون."
ئازاد مستەفا گوتی، لە ماوەکانی رابردوودا شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە ئەویش تێیدا ئەندام بووە چوونەتە بەغدا و لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق کۆبوونەتەوە؛ گوتیشی، "لە بەغدا ناوی 64 نەخۆشی دیکەی هەڵەبجەمان رادەستی وەزیر کرد کە بۆ گۆڕینی گلێنەی چاو پێویستیان بە دەرەوەی وڵات هەیە. دواتر لیژنەیەکیان نارد و پشکنیان بۆ نەخۆشەکان کرد و گوتیان، لەنێوخۆی عێراق چارەسەریان دەکەن. بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بۆ ئەوانیش نەکراوە."
ئازاد مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئاگاداربوونی ئەو، تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق هیچ نەخۆشێکی هەرێمی کوردستانی نەناردووەتە وڵاتانی دەرەوە.
قسەکانی بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی، دکتۆر ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وێڕای ئەوەی کە بودجەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی سەربەخۆیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا "ئێمە گرنگی بە تەندروستیی هاووڵاتییان دەدەین؛ لەڕێگەی تیمی گواستنەوەی پزیشکی و ئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی عێراق پێویستیان بە چارەسەرە، لەسەر ئەرکی وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی دەیاننێرین."
حەسناوی گوتیشی، "وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی بەرپرسە لە تەندروستی لە عێراق، بەڵام بەگوێرەی یاسای بودجە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێم[ی کوردستان] تەنیا بە خەرجیی حاکیمەوە بەستراوەتەوە، کە خۆی تەنیا لە دەرماندا دەبینێتەوە، واتە پشکی دەرمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی [فیدراڵییەوە] دەدرێت."
پشکی هەرێمی کوردستان لەنێو بودجەی گشتیی عێراق بریتییە لە 23 تریلیۆن و 882 ملیار و 653 ملیۆن و 399 هەزار دینار، بەڵام دوای دەرهێنانی خەرجییەکانی حاکیمە و سیادی، کە بەشێکیان بۆ دەرمانە، پوختەی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێتە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار.
لە بودجەی گشتی عێراقدا لە چوارچێوەی خەرجی حاکمییەدا تریلیۆنێک و 651 ملیار و 864 ملیۆن و 216 هەزار دینار بۆ دەرمان دانراوە، لەوبڕە پشکی هەرێمی کوردستان 206 ملیار و 291 ملیۆن و 196 هەزار دینارە و پێش ناردنی دەرمانەکە لە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بڕدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ