رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: لەوانەیە ئەمریکا ببێتە ناوەندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

24-03-2020

01:00

ژمارەی کەرەنتینکراوان لە جیهاندا نزیکەی 2.6 ملیار کەسە

شەقامێکی ساو پاولۆ بەهۆی کۆرۆناوە چۆڵە. وێنە: AFP
 
رۆژانە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە، هاوکات ژمارەی کەرەنتینکراوانیش بەرزتر دەبێتەوە.
 
لەدوای بڕیاری حکومەتی هیندستان بە قەدەخەکردنی هاتووچۆ لە سەرانسەری وڵات، کۆی کەرەنتینکراوانی جیهانی بۆ دوو ملیار و 600 ملیۆن کەس بەرزکردەوە.
 
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، وەکو هیندستان، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و کۆڵۆمبیا، کەرەنتینکردنی بەزۆر بەسەر خەڵکدا سەپێندراوە، وەکو رێکارێكی سەرەکی بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
 

00:32

ترەمپ هۆشداری "لەنێوچوونی ئەمریکا" دەدات بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی قەدەخەی هاتووچۆ بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتە هۆی "لەنێوچوونی" ئەمریکا.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی فۆکس نیوز بەرگریی لە سیاسەتی خۆی کرد بۆ رانەگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ و گوتی "زۆر کەس هاوڕان لەگەڵم. وڵاتەکەمان بۆ ئەوە دروستنەکراوە کە دابخرێت (هاتووچۆ قەدەخە بکرێت). دەتوانی وڵاتێک لەنێوببەی بەم جۆرە داخستنە".
 
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند کە هەفتەی داهاتوو هەڵسەنگاندن دەکات بۆئەوەی بڕیاری کەرەنتینکردن و دابڕانی کۆمەڵایەتی هەڵبوەشێنێتەوە، تاوەکو ئابووریی وڵاتەکەی دووبارە بەرەو باشبوون بڕوات.
 
دۆناڵد ترەمپ گوتووشیەتی "ئێمە ناتوانین بۆوینگ لەدەستبدەین. ئێمە ناتوانین ئەم جۆرە کۆمپانیایانە لەدەستبدەین. ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە لەدەستبدەین، ئەوا بە سەدان هەزار کار لەدەستدەدەین، ملیۆنان کار لەدەستدەدەین".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، لەوانەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببێتە ناوەندی نوێی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
 
لە ئەمریکا تاوەکو ئێستا 52 هەزار و 921 تووشبووی کۆرۆنا هەن، تەنیا رۆژی 24ی ئادار زیاتر لە نۆ هەزار و 200 تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون، ژمارەی ئەو کەسانەش لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 684 کەس و تەنیا رۆژی 24ی ئادار لانیکەم 131 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. چاکبوونەوەش لەچاو ژمارەی تووشبووەکان زۆر کەمە، بەشێوەیەک تەنیا 370 کەیسی چاکبوونەوە هەن.
 
 

00:08

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: لەوانەیە ئەمریکا ببێتە ناوەندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

پزیشکان خەریکی تێستکردنی ستافی نەخۆشخانەیەکن لە نیویۆرک. وێنە: AFP
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، لەوانەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببێتە ناوەندی نوێی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
 
مارگرێت هاریس، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند "ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا بە خێرایی روو لە زیادبوونە، لەوانەشە لە ماوەیەکی کورتدا پێش وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا بکەوێت".
 
گوتەبێژەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەشڵێ "ئێمە ناتوانین بڵێین ئەمریکا لە 100% بەم جۆرە دەبێت، بەڵام بە پشتبەستن بە ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا کە لە ماوەیەکی کەمی رابردوودا تۆمارکراون، پێشبینی دەکەین پێش ئەوروپا بکەوێت".
 
تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە زیاتر لە 25 وڵاتی ئەوروپا لە سەرووی 210 هەزار کەسە، لە ئەمریکا نزیکەی 50 هەزار تووشبوو هەن، بەڵام رێژەی ئەوانەی کە لە ماوەی 24 کاژێردا لە ئەمریکا تووشدەبن بەرزترە لە وڵاتانی ئەوروپا.
 
لە ئەمریکا تاوەکو ئێستا 52 هەزار و 921 تووشبووی کۆرۆنا هەن، تەنیا رۆژی 24ی ئادار زیاتر لە نۆ هەزار و 200 تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون، ژمارەی ئەو کەسانەش لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 684 کەس و تەنیا رۆژی 24ی ئادار لانیکەم 131 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. چاکبوونەوەش لەچاو ژمارەی تووشبووەکان زۆر کەمە، بەشێوەیەک تەنیا 370 کەیسی چاکبوونەوە هەن.
 

23:15

ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە تورکیا گەیشتە 44 کەس

ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە تورکیا گەیشتە 44 کەس
 
 
فەخرەدين كۆجا، وەزيرى تەندروستیی توركيا رايگەياند، حەوت كەسى ديكە بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 44 کەس. 
 
بە گوتەی وەزيرى تەندروستیى توركيا، لە 24 کاژێری رابردوو سێ هەزار و 935 پشكنينیان ئەنجامداوە و دەرکەوتووە 343تووشبووى کۆرۆنا هەن.
 

23:14

لە فەرەنسا 1100 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

 
لە فەرەنسا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا گەیشتە 22 هەزار و 300 کەس و وەزیری تەندروستی فەرەنسا دەڵێت، رۆژانە پشکنین بۆ 9 هەزار گومانلێکراو دەکەن.
 
وەزیری تەندروستی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 240 کەس گیانیان لەدەستداوە و تاوەکو ئێستا 1100 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
 
لە 24 کاژێری رابردوو دوو هەزار و 444 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون.

 

 

23:04

ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا 18 هەزار و 500 کەسی تێپەڕاند

ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا 18 هەزار و 500 کەسی تێپەڕاند
 
 
ژمارەی ئەوانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لە هەموو جیهان گەیشتە 18 هەزار و 557 کەس، ئیتاڵیاش لە پلەی یەکەمی وڵاتان دێت و شەش هەزار و 820 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
ژمارەی تووشبووان لە جیهان 414 هەزار و 277 کەسن کە 107 هەزار و 806 کەسیان چاکبوونەتەوە.
 

 

 

22:51

وەزارەتی تەندروستی بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان: 25% نرخەکانتان دابەزێنن

 
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوای لە نەخۆشخانە تایبەتەکان کرد 25% نرخەکانیان دابەزێنن بۆ هاوکاریکردنی نەخۆش، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، دابەزاندنی نرخ لەم دۆخەدا بۆئەوەی ئاسانکاری بۆ نەخۆشەکان بکرێت. 

 

وێنەی راگەیێندراوەکە

20:32

ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئیتاڵیا گەیشتە زیاتر لە دوو هێندەی چین

ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئیتاڵیا گەیشتە زیاتر لە دوو هێندەی چین
 
حکومەتی ئیتاڵیا گیانلەدەستدانی 743 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بەوەش کۆی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە بۆ شەش هەزار و 820 کەس بەرزبووەوە کە زیاتر لە دوو هێندەی ژمارەی گیانلەدەستدانە لە چین. 
 
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە چین سێ هەزار و 160 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
لە ئیتاڵیا 69 هەزار و 176 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون. ئاژانسی پاراستنی مەدەنیی ئیتاڵیا ئاماژە بەوە دەکات، ئەوە دووەم جارە لە ئیتاڵیا ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە یەک رۆژدا بمرن. 
 
ئەو ئاژانسە دەڵێت، هەرچەندە رێژەی تووشبوون لە ئیتاڵیا کەمێک هێواش بووەتەوە. 
 

20:18

چین رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت بەهۆی ناوهێنانی کۆرۆنا بە "ڤایرۆسی چینی"

چین رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت بەهۆی ناوهێنانی کۆرۆنا بە "ڤایرۆسی چینی"
 
ترەمپ بەردەوامە لە ناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ڤایرۆسی چینی، جارێکی دیکەش وەزیری دەرەوەی چین رەخنەی لە بەرپرسانی ئەمریکا گرت بەوەی کە وڵاتەکەیان لەکەداردەکەن کاتێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڵێن "ڤایرۆسی چینی" یان "ڤایرۆسی ووهان".
 
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا خراپتربوون و هەر یەکە لەو دوو وڵاتە ئەوی دیکە تۆمەتباردەکات بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسکە. 
 
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە، دۆناڵد ترەمپ و کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای ئەمریکا لەنێویشیاندا مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەروەی ئەمریکا بەردەوام رەخنەیان لە چین گرتووە بەوەی کە یەکەمجار ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە ئاسیاییە بڵاوبووەتەوە هەروەها ڤایرۆسی کۆرۆنایان بە "ڤایرۆسی ووهان" و "ڤایرۆسی چینی" ناودەبرد، پێچەوانەی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە داوایکرد ڤایرۆسەکە بەناوی هیچ شوێنێکەوە نەکرێت.
 
بە گوێرەی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، شارەزایانی سیاسی پێیانوایە حکومەتی ئەمریکا کاردانەوەیەکی خراپیان هەبووە لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ چەندین مانگ مەترسی ڤایرۆسەکەیان بە کەم دانا و تاوەکو هەڕەشەکەی لە ئەمریکا بەدیارنەکەوت، ڤایرۆسکەیان ناونەدەنا "ڤایرۆسی چینی".
 
گێنگ شووانگ، وەزیری دەروەی چین دەڵێت، ئەوە ئەمریکا بوو کە بۆ یەکەمجار ڤایرۆسەکەی بە "ڤایرۆسی چینی" ناوبرد و بەتایبەتیش مایک پۆمپەیۆ تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە. ئەمە لەکاتێکدایە لەسەرەتادا چین بوو کە دەستەواژەکەی بەکارهێنا و میدیای فەرمی ئەو وڵاتە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ووهان، ڤایرۆسەکەی بە ناوی "ڤایرۆسی ووهان" ناساند کاتێک کە هێشتا مەترسی ڤایرۆسەکە زۆر گەورە نەببوو.
 
هەروەها وەزیری دەرەوەی چین وڵامی نامەیەکی رۆژنامەکانی نیۆرک تایمز، واشنتن پۆست و وۆڵ ستریت جێرناڵی دایەوە کە داوایان لە چین کردبوو بە بڕیاری کردنەدەرەوەی رۆژنامەڤانەکانیاندا بچێتەوە، بەڵام گێنگ شووانگ رایگەیاند ئەو بڕیارەیان "رێکار و کاردانەوەی پێویستن" و "بەرگریکردنێکی یاساییە لە خۆمان".
 
پێشتر ئەمریکا مۆڵەتی کارکردنی لە چەندین رۆژنامەڤانی چینی وەرگرتەوە و تۆمەتباریکردن بە کارکردن لە "بەرژەوەندی وڵاتانی بییانی"، لە کاردانەوەشدا پەکین بڕیاریدا 13 رۆژنامەڤانی ئەمریکی لە وڵاتەکەی دەربکات. 
 

17:53

کوردێکی 91 ساڵانی تووشبووی کۆرۆنا چاکدەبێتەوە

کوردێکی 91 ساڵانی تووشبووی کۆرۆنا چاکدەبێتەوە

 

هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستان کە دانیشتووی لەندەنە و دوو هەفتە لەمەوبەر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، چاکبووەوە.

ئیبراهیم ئۆزاڵپ، کوردێکی خەڵکی پارێزگای گمگمی باکووری کوردستانە و دانیشتووی لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە. ئیبراهیمی تەمەن 91 ساڵ دوو هەفتە لەمەوبەر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و خرایە کەرەنتین.

ئەو پزیشکانەی چاودێریی ئیبراهیمیان کردووە باس لەوە دەکەن، سیستمی بەرگریی جەستەی زۆر بەهێزە، بۆیە بە ئاسانی چاکبووەوە. ئێستا ئیبراهیم لە ماڵەوەیە و تەندروستە.

دوو هەفتە لەمەوبەر ئیبراهیم ئۆزاڵپ گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەیدا دەستنیشانکرا و راستەوخۆ لە نەخۆشخانەی هۆمرتۆن کەرەنتین کرا.
 
دوای 14 رۆژ مانەوە، پزیشکان چوار جار پشکنینیان بۆ کرد و گەرەنتیی ئەوەیان پێدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەیدا نەماوە و ئیبراهیم چاکبووەتەوە.
 
تاوەکو ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا زیاتر لە 330 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
 

17:38

هیندستان قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەری رادەگەیێنێت

هیندستان قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەری رادەگەیێنێت
 
 
بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی هیندستان بڕیاریدا پاش چەند کاژێرێکی دیکە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی دابخات و قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەریش دەستپێبکات. 
 
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان رایگەیاند، قەدەخەی هاتووچۆ بۆ 21 رۆژ بەردەوامدەبێت. 

 

 

17:34

لە ئیتاڵیا کەشتییەکی گەشتیاری دەکرێتە نەخۆشخانە

لە ئیتاڵیا کەشتییەکی گەشتیاری دەکرێتە نەخۆشخانە
 

کەشتییەکی گەشتیاری لە شاری جەنەوای باکووری ئیتاڵیا کراوە بە نەخۆشخانەی تایبەت بەوانەی کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.
 
کەشتییەکە بە ناوی MSC Splendidەوەیە و شوێنی 350 نەخۆشی تێدا دەبێتەوە.
 
لەنێو کەشتییەکەدا هەموو ئەو پێداویستییە پزیشکییانە بەردەستن بۆ چاودێریکردنی رەوشی تەندروستیی ئەو تووشبووانەی کە چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەکانیان جێهێشتووە، بەڵام پێویستیان بەوەیە بۆ ماوەیەک لە ژینگەیەکی کۆنترۆڵکراودا بمێننەوە پێش ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
ئیزابێلا سێڤاسکۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی جەنەوایە و سەرپەرشتیی ستافی تەندروستیی کەشتییەکە دەکات و دەڵێت، کەشتییەکە زۆر هاوکاربووە و ئەرکی سەر شانی بەشەکانی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکانی کەمکردووەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 23ی ئادار کەشتییەکە پێشوازیی لە چوار نەخۆشی یەکەم کرد و ئەمڕۆ سێشەممە بڕیارە 25 نەخۆشی دیکە وەربگرێت.
 
بەرپرسانی تەندروستیی شاری جەنەوا بڕیاریان داوە قۆناخ بە قۆناخ 350 تەختی کەشتیەکە پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی ستافەکەی لەگەڵ کارە نوێیەکەیان رابێن. 
 
هاوکات هەموو نەخۆشخانەکانی باکووری ئیتاڵیا پڕبوون لە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا و شوێنیان تێدا نەماوە، تاوەکو ئێستاش نزیکەی 64 هەزار تووشبوو لەو وڵاتە تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش شەش هەزار و 77 کەس مردوون.
 

16:37

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق گەیشتە 316 کەس

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق گەیشتە 316 کەس
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە 316 کەس.
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای راگەیاند و بەپێی ئامارەکان لە 24 کاژێری رابردوو 50 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، 75 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق چاکبوونەتەوە و 27 تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، حکومەتی عێراق رێوشوێنەکانی تووند کردووە و قەدەخەی هاتووچۆی لەنێو پارێزگاکان و هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی راگەیاندووە.
 
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە. 

 

 

14:20

لە لوڕستان سێ کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا

لە لوڕستان سێ کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا
 
 
 
لە پارێزگای لوڕستان سێ هاونیشتمانیی دیکە بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و تووشبوونی 71 کەسی دیکەش بە ڤایرۆسەکە راگەیێندرا.
 
زانکۆی پزیشکیی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، تاوەکو رۆژی سێشەممە کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 35 کەس. 
 
هەروەها زانکۆکە ئاماژە بەوە دەکات، پشکنینی کۆرۆنا بۆ هەزار و 576 کەس کراوە کە ئەنجامی 541 کەسیان تاوەکو ئێستا ئەرێنی بووە. 80 کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێنراون و 335 کەسیشیان لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتینکراون و 91 کەسیش چاکبوونەتەوە.
 
هاوکات چوار کەسی دیکە لە پارێزگای ورمێ بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا و تووشبوونی 34 کەسی دیکەش راگەیێندرا.
 
جەواد ئاقازادە، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە چوار کەسی دیکە لە شارەکانی بۆکان، سایین قەڵا، مهاباد و میاندواو بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا و 34 کەسی دیکەش تووشبوون. تاوەکو ئێستا لە پارێزگای ورمێ 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و تووشبوونی 462 کەسیش پشتڕاست کراوەتەوە.
 
بە گوتەی ئاقازادە، 53٪ی تووشبووان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 54 ساڵیدایە و 46٪ تەمەنیان زیاتر لە 55 ساڵییە.
 

14:15

رۆژنامەڤانێکی کورد: زیاتر لە 50 پزیشک لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە

شۆڕش عەزیز سورمێ، نووسەر و رۆژنامەڤان لە پادۆڤای ئیتاڵیا
شۆڕش عەزیز سورمێ، نووسەر و رۆژنامەڤان لە پادۆڤای ئیتاڵیا
بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو، ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئیتاڵیا کەمتربووەتەوە، رۆژنامەڤانێکی کورد هۆکارەکەی بۆ پابەندبوونی زیاتری خەڵک بە رێنماییە تەندروستییەکان دەگێڕێتەوە و دەشڵێت "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 پزیشک لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە".
 
رۆژی دووشەممە 23-03-2020  بە تەنیا 3780 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوونە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە رۆژانی پێشتر ئەو ژمارەیە زۆر زیاتربووە. 
 
شۆڕش عەزیز سورمێ، نووسەر و رۆژنامەڤان لە پادۆڤای ئیتاڵیا لەکاتی بەشدارییکردنی لە نیوڕۆژی رووداو سەبارەت بە رەوشی ئیتاڵیا گوتی "رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا کەمبووەتەوە و ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارە ئەمڕۆ دوو دەرمان لەسەر نەخۆشەکان تاقیبکرێتەوە، یەکێک لە دەرمانەکان پێشتر لە چین تاقیکراوەتەوە".
 
ئەو رۆژنامەڤانە هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە خەڵک زیاتر پابەندی ئەو رێنماییانەن کە وەزارەتی تەندروستی و ئاژانسی شارستانیی ئیتاڵیا داویانە بە خەڵک. 
 
سەبارەت بەوەی کە دەگوترێت کە پزیشک دەستناکەوێت و لە بەرازیل و و کوبا دکتۆریان هێناوە، ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت "بەداخەوە ئەوەی دەگوترێت راستە، نەک تەنیا ئەمە حکومەتی ئیتاڵیا بڕیاریداوە ئەو پزیشکانەی خانەنشینیشکرابوون بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان و ئێستاش پێویستییان بە زیاتر لە 300 پزیشکە".
 
بەگوتەی ئەو رۆژنامەڤانە "48 نەخۆشی زۆر ترسناک" کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان لە ئیتاڵیاوە نێردراونەتە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستییان بۆ بکرێت و دەشڵێت "بەداخەوە ئیتاڵیا خۆی بۆ کارەساتێکی لەم جۆرە ئامادەنەکردبوو، لەبەرئەوە پەرستار و پزیشکیش تووشی کۆرۆنا بوون و تاوەکو ئێستاش 50 پزیشک گیانیان لەدەستداوە".
 
لەبارەی شوێنی چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا، ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت "دوێنێ دوو کەمپیان دروستکرد بۆ ئەو نەخۆشانەی کە لە نەخۆشخانەکان جێگەیان نابێتەوە، کەمپەکان هەموو پێداویستییەکانیان تێدایە و تووشبووەکان لەوێ چارەسەر وەردەگرن، ئەمە جگەلەوەی کە چەند میوانخانەیەکش بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکراون".
 
ئانگێلۆ بۆڕێل، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "رۆژی دووشەممە 408 کەس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا رزگاریان بووە و 3780 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون. هاوکات لە هەمان رۆژ 602 تووشبووی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە".
 
رۆژی شەممە 4821 کەس لە ئیتاڵیا تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام لە رۆژی دووشەممە ژمارەی تووشبوان 3780 کەس بووە، ئەمەش واتە نزیکەی هەزار کەس کەمتر تووشی ڤایرۆسەکە بوونە.
 
بەپێی دواین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە ئیتاڵیا 63 هەزار و 927 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 7432 کەس چاکبوونەتەوە و 6077 کەسیش گیانیانلەدەستداوە. 
 

14:10

لە ئێران 122 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

لە ئێران 122 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
 
 
 
وەزارەتی تەندروستیی ئێران گیانلەدەستدانی 122 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە بۆ 1934 کەس بەرزبووەوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 122 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 762 کەسی دیکەش بە تووشبووی نوێ تۆمارکراون و هاوکات وەرگرتنی هاوکاریی رێکخراوی پزیشکە بێسنوورەکانی رەتکردەوە.
 
ژمارەی گشتیی تووشبووان لە ئێران بۆ 24 هەزار و 811 کەس و مردووانیش بۆ هەزار و 934 کەس بەرز بووەتەوە و هەشت هەزار و 913 کەسیش چاک بوونەتەوە.
 
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 24-03-2020 رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆنا کەم بووەتەوە.
 
بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا ژمارەیەکی زیاتر لە چاو رۆژی پێشتر تووشبوون.
 
بە بڕیاری حکومەتی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تاوەکو 10 رۆژی دیکە  یەک لەسەر سێی فەرمانبەران دەچنە سەر کارەکانیان.
 
 
 
ئێران هاوکاریی پزیشکە بێسنوورەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رەتکردەوە
 
لەلایەکی دیکەوە ئێران دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنای لەلایەن رێکخراوی پزیشکە بێسنوورەکانەوە رەتکردەوە.
 
عەلیڕەزا وەهابزادە، راوێژکاری وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "بە جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوکاریی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و هەروەها سوودوەرگرتن لە هەموو توانا دەرمانییەکانی هێزە چەکدارەکان، کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە پێویست ناکات".
 
رێکخراوی پزیشکە بێسنوورەکان تاوەکوو ئێستا دوو جار هاوکاریی پزیشکیی بۆ ئێران ناردووە و بڕیار بوو لە ئەسفەهان نەخۆشخانەیەکی کاتیی تایبەت بە کۆرۆنا دروست بکەن.
 
لەم چوارچێوەیەدا حوسێن شەریعەتمەداری، نوێنەری رێبەری ئێران لە رۆژنامەی کەیهان رەخنەی لەوە گرتبوو کە بۆچی مۆڵەت بە پزیشکانی بێسنوور دراوە و هاوکارییەکانی ئەوانی وەک "سەرپۆشێک بۆ ئامانجی نامرۆڤانە" لە قەڵەم دابوو.
 
شەریعەتمەداری باسی لەوە کرد، فەرەنسییەکان زۆر جار دوژمنایەتیی خۆیان دژی خەڵکی ئێران دەربڕیوە، ئێستا بە چ گەرەنتییەک مۆڵەت بە پزیشکانی بێسنوور دراوە بێنە ئێرانەوە؟
 
مەحموود سادقی، پەرلەمانتاری ریفۆمخوازی ئێران لەم بارەیەوە دەڵێت، "هەستیاریی نەریتخوازەکان بە هاتنی پزیشکە بێسنوورەکان بەپێچەوانەی ئەو شتەی دەیڵێن، نیگەرانی لە پیلانی شەڕی بایۆلۆجی نییە، بەڵکوو ئەوان لەوە نیگەرانن کە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کەلێنێک لە دیواری گەمارۆکاندا دروست بکات".
 
رۆژی یەکشەممە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانیش،وەرگرتنی هاوکاریی لە ئەمریکا رەتکردەوە و ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تایبەت بە ئێرانی دروست کردووە و بە ناردنی هاوکاری دەیەوێت بوار بڕەخسێنێت کە ئەو ڤایرۆسە بۆ هەمیشە لە ئێران بمێنێتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە و لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "درۆکانی خامنەیی مەترسییان لەسەر گیانی مرۆڤەکان دروستکردووە".
 
 
 

12:17

قایمقامی دەربەندیخان: ئەوەی لە قەدەخەی هاتووچۆ ویستوومانە بەدیهاتووە

قایمقامی دەربەندیخان: بودجەی پێویستمان لەبەردەست نییە
قایمقامی دەربەندیخان: بودجەی پێویستمان لەبەردەست نییە
قایمقامی دەربەندیخان رایگەیاند، ئەنجامی پشکنینی زۆربەی ئەو کەسانەی بەریەککەوتنیان لەگەڵ تووشبووەکەی شارەکە هەبوو نێگەتیڤە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی بەشێک لە پشکنینەکان نەگەڕاوەتەوە و بەشێکیش کەرەنتین کراون. 
 
ناسیح مەلا حەسەن، قایمقامی دەربەندیخان لە نووڕۆژی دۆستان رایگەیاند، رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ زۆر تووندن و هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشیدان و تاوەکو ئێستا ئەوەی کە ویستوویانە لە قەدەخەی هاتووچۆ هاتووەتەدی. 
 
ناسیح مەلا حەسەن گوتیشی، بودجەی پێویستیان لەبەردەستدانییە بۆ راپەڕاندنی بەشێک لە کاروبار و رێکارەکانی تایبەت بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا. 
 
 

12:11

لە ئیسپانیا رزگاربووان لە کۆرۆنا بە چەپڵە لە نەخۆشخانەکان بەڕێدەکرێن

لە ئیسپانیا رزگاربووان لە کۆرۆنا بە چەپڵە لە نەخۆشخانەکان بەڕێدەکرێن
 
 
 
 
 
رۆژی دووشەممە 23-03-2020 لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا یەکەمین گرووپی چاکبووەوەکان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو ماڵەوە بە چەپڵە بەڕێکران.
 
پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەکە بە چەپڵە چاکبووەوەکانیان بەرەو ماڵەوە بەڕێکردن و دڵخۆشیی خۆیان بە گەڕانەوەیان بۆ نێو ماڵەکانیان دەربڕی.
 
زۆربەی ئەو کەسانەی لە ئیسپانیا تووشی ڤایرۆسەکە بوون بە سووکی گرتوویانە، هەندێکیان لە ماڵەکانیاندا کەرەنتین کراون و ئەوانەی دیکەش لە نەخۆشخانەکان خەوێنراون.
 
 تاوەکو ئێستا لە ئیسپانیا 35 هەزار و 136 کەس تووشی ڤایرۆسکە بوون، سێ هەار و 355 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و دوو هەزار و 311 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 
 

11:50

لە ئیتاڵیا ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا بە بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو کەمتر بووەتەوە

لە ئیتاڵیا ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا بە بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو کەمتر بووەتەوە
 
 
 
بە بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو، ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا لە ئیتاڵیا کەمتر بووەتەوە. رۆژی دووشەممە بە تەنیا سێ هەزار و 780 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەوەش لە کاتێکدایە لە رۆژانی پێشتردا ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر بووە.
 
ئانگێلۆ بۆرێل، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆرۆنا ڤایرۆس لە ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 408 کەس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا رزگاریان بووە و سێ هەزار و 780 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆرۆنا ڤایرۆس لە ئیتالیا راشیگەیاند، هاوکات لە هەمان رۆژ 602 تووشبووی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
 بە بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا رووی لە کەمبوونەوە کردووە، بە جۆرێک رۆژی شەممە چوار هەزار و 821 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام لە رۆژی دووشەممە ژمارەی تووشبوان سێ هەزار و 780 کەس بووە، ئەوەش واتە نزیکەی هەزار کەس کەمتر تووشی ڤایرۆسەکە بوونە.
 
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە ئیتاڵیا بە گشتی 63 هەزار و 927 کەس تووسی ڤایرۆسەکە بوون، حەوت هەزار و 432 کەس چاکبوونەتەوە و شەش هەزار و 77 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 
 
 

11:29

پێنج لە تووشبووەکانی ئەمڕۆی هەولێر دانیشتووی کۆمەڵگەی سێبیرانن

کۆمەڵگەی سێبیران لە سنووری قەزای خەبات لە هەولێر، وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی شەش کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر دەڵێت، پێنج لە تووشبووەکان دانیشتووی کۆمەڵگەی سێبیرانن کەسەکەی دیکەش دانیشتووی قەزای سۆرانە و پێشتر لە نەخۆشخانە کەرەنتین کرابوو.
 
د. هەڤاڵ فارس، سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر کە تایبەتە بە چارەسەری تووشبوانی کۆرۆنا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەخۆشخانەی پێشمەرگە پڕبووە لە نەخۆش و ئێستا 16 تووشبووی کۆرۆنا لەلای ئێمەن، بۆیە شەش تووشبووەکە رەوانەی نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر کراون".
 
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24-03-2020، وەزارەتی تەندروستی شەش تووشبووی نوێی کۆرۆنای لە هەولێر راگەیاند کە دوو منداڵی تەمەن یەک ساڵی و نۆ ساڵی، سێ ئافرەت و یەک پیاوی تێدایە. 
 
ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 91 کەس و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە هەروەها 22 کەسی دیکە چاکبوونەتەوە. 
 

11:22

پشکنینی ئەنگێلا مێرکڵ بۆ کۆرۆنا نەرێنی دەرچوو

پشکنینی ئەنگێلا مێرکڵ بۆ کۆرۆنا نەرێنی دەرچوو
 
 
لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، راوێژکاری ئەڵمانیا چووە کەرەنتینەوە و ئەنجامی یەکەمین پشکنیش بۆ مێرکڵ نەرێنی دەرچووە.
 
ستیفن سیبێرت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەنجامی یەکەمین پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا نەرێنی دەرچووە و بەپێی ئەو ئەنجامە بێت، مێرکڵ تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە.
 
گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا راشیگەیاند، بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی راوێژکاری ئەڵمانیا، لە رۆژانی داهاتوودا پشکنینی دیکەشی بۆ دەکەین و مێرکڵیش لەو ماوەیەدا لە کەرەنتین دەمێنێتەوە.  
 
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە ئەڵمانیا 29 هەزار و 56 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 453 کەسیان چاکبوونەتەوە و 123 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 
 
 

11:00

بۆریس جۆنسن: رێگەی بەردەممان سەختە و خەڵکێکی زۆر لەدەست دەدەین

بۆریس جۆنسن: رێگەی بەردەممان سەختە و خەڵکێکی زۆر لەدەست دەدەین
 
 
بەریتانیا کۆتایی بە دوودڵی هێنا و رێوشوێنی تووندی لە دژی کۆرۆنا گرتەبەر. بەریتانییەکان بۆیان هەیە رۆژی جارێک بۆ مەشق و راهێنان لە ماڵەکانیان دەرچن. زۆر پێویست نەبێت، نابێت بچنە سەرکار و بۆ کاری زۆر پێویست سەردانی بازاڕ بکەن و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، رێگەی بەردەممان سەختە و خەڵکێکی زۆر لەدەست دەدەین.
 
بۆریس جۆنس، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەو رێگەیەی لەپێشمانە سەختە، ئەوەش راستە بەداخەوە کەسێکی زۆر لەدەست دەدەین. هەروەها ئەوەش راستە کە رێگەیەکی روونمان لەپێشە. رۆژ لەدوای رۆژ ئێمە سیستەمی تەندروستیی نیشتمانیمان بەهێزتر دەکەین. ئێستا حەوت هەزار و 500 پەرستاری خانەنشینبوو گەڕاونەتەوە بۆ خزمەتکردن".  
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە، "لەو کاتەی ئێوە لە ماڵەکانتان دەمێننەوە، ئێمە هەوڵدەدەین دابینکردنی پێویستییەکانمان زیاتر بکەین، گەڕانەکانمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک خێراتر دەکەین. ئێمە سەرنجمان کردووەتە سەر دۆزینەوەی پێکوتەیەک. هاوکات بە ملیۆنان پاکێجی پشکنین دەکڕین کە رێگەمان دەدات رووبەرووی ئەم بکوژە نادیار ببینەوە".
 
د. ئەمیتاڤا بانێرجی، مامۆستای زانکۆیە لە لەندەن و دەڵێت، "لە دۆخێکدا ئەگەر ڤایرۆسەکە وەکو هەڵامەتی زستانە وەربگرین، ئەگەر پەیڕەوی ستراتیژیی خۆپارێزیمان کرد، بەڵام ئەوەندە تووند نەبووین. لەوانەیە 30 هەزار کەسمان لێ بمرێت، بەڵام ئەگەر سیناریۆی دووەم وەربگرین کە لەوانەیە واشبێت، ئەو کاتە لەوانەیە 70 هەزار کەس لەدەست بدەین". 
 
تاوەکو رۆژی دووشەممە کار و چالاکییەکان لە بەریتانیا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەچوون و تەنیا رێنمایی دەردەکران کە خەڵک خۆیان لە شوێنی قەرەباڵخ بپارێزن.
 
بەڵام دوای زیادبوونی گوشارەکان لەسەر بۆریس جۆنسن و مردنی 335 کەس بەهۆی کۆرۆناوە لە بەریتانیا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رێوشوێنی نوێی بۆ خەڵکەکەی راگەیاند.

 

10:50

ملیۆنان یەمەنی دەستیان بە ئاوی پاک ناگات لە دژی کۆرۆنا بەکاری بێنن

ملیۆنان یەمەنی دەستیان بە ئاوی پاک ناگات لە دژی کۆرۆنا بەکاری بێنن
 
 
ئاوی پاک لە زۆربەی وڵاتان چەکێکی ئاسان بەدەستهاتووە بۆ بەکارهێنان لە دژی کۆرۆنا، بەڵام لە چەند ناوچەیەک لە یەمەن تەنانەت بۆ خواردنەوەش دەست ناکاوێت.
 
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی حەرەز لە رۆژئاوای یەمەن کە ئاوی پاکیان دەست ناکەوێت، ترسیان هەیە کۆرۆنا لەنێویاندا بڵاوببێتەوە و هۆکارەکانی خۆپارێزییش نەبن کە لە دژی کۆرۆنا بەکاریان بهێنن.
 
هادی محەممەد، دانیشتووی حەرەزە و دەڵێت، "تا ئاومان بە دەست دەگات، زۆر ئازار دەچێژین. گوێدرێژ ئامادەدەکەین و منداڵ و ئافرەتان و خێزان دەنێرین لە دوورەوە ئاو بهێنن، بە دەست بێئاوییەوە گیرۆدەین".
 
یەمەنییەکان ئێستا بە دەست دوو جەنگەوە گیرۆدەن، جەنگی پێنج ساڵەی نێوان حووسی و هێزە میللییەکانی یەمەن، لەگەڵ جەنگی دژی کۆرۆنا.
 
شەڕ و پێکدادان لە یەمەن هەزاران کەسی ناچار کردووە دەربەدەربن و لەسەر ئاو و خواردنی پیس بژین.
 
محەممەد عوقەیل، پزیشکە و ئاماژە بەوە دەکات، "لە بنکەی تەندرووستیی قەعدە رۆژانە 300 نەخۆشمان بۆ دێت، سەرجەمیان بەهۆی نەخۆشییە گوازراوەکان بەهۆی ئاو یا بەهۆی پیسیی ئاوەوە نەخۆش دەکەون".
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵیت، کۆرۆنا لە یەمەن لەکۆنترۆڵ دەربچێت، کارەسات دروستدەکات.
 
عەلتەف موسەنا، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە یەمەن باس لەوە دەکات، "کاتێک سیستەم و خەڵکەکە تێکەڵ بە یەکدی دەکەین، زۆر نیگەران دەبین بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئێمە دەڵێین لە یەمەن کارەسات دروستدەبێت". 
 
یەمەن بە دەست نەخۆشیی دیکەی گوازراوەی وەکو کۆلێراوە گیۆردەیە. لە 2016ـەوە دوو ملیۆن یەمەنی تووشی کۆلێرا بوون و چوار هەزاری لێکوشتوون.
 

09:59

لە هەرێمی کوردستان 91 کەس تووشی کۆرۆنا بوون

هەولێر، وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی شەش کەسی دیکەی لە هەولێر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند کە لە نێویاندا دوو منداڵی تەمەن یەک ساڵ و نۆ ساڵ هەن لەگەڵ سێ ئافرەت و پیاوێک.
 
لە نوێترین راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ (سێشەممە 24-03-2020) بڵاوکراوەتەوە هاتووە "لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، شەش تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە شاری هەولێر دەستنیشانکرا کە لە نێویاندا دوو منداڵی تەمەن یەک ساڵی و نۆ ساڵی و سێ ئافرەت و یەک پیاوی تێدایە".
 
کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان 91 کەسن، لەنێویاندا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 22 کەسیان بەتەواوی چاکبوونەتەوە. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، تووشبووانی دیکە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

09:10

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: لەوانەیە ئەمریکا ببێتە ناوەندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

رووداو
 
ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهان 390 هەزار کەسی تێپەڕاند، تاوەکو ئێستا 17 هەزار و 138 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە. 
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 192 هەزار و 169 کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، 17 هەزار و 138 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و 102 هەزار و 850 کەسیش چاکبوونەتەوە. 
 
رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە خێرابڵاوبوونەوەی پەتاکە دەدات و دەڵێت، لە ماوەی چوار رۆژدا 100 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
 
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لەماوەیەکی کەمدا کۆتایی بە قەدەخەی هاتووچۆ دەهێنن و ئابووری وڵاتەکەیان ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام ڤایرۆسەکە تەنیا لە نیویۆرک گەیشتووەتە 20 هەزار کەس و لە واشنتنیش بۆ دوو رۆژ قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا، ئێستا ئەمریکا 46 هەزار و 145 تووشبووی هەیە، 582 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
توشبوون بە کۆرۆنا لە ئیتاڵیا 63 هەزار کەسی تێپەڕاند و زیاتر لە شەش هەزار کەسیش مردوون، بەڵام لەم دوو رۆژەی رابردوو هەرێمی لۆمباردی، ئەو شوێنەی زۆرترین تووشبووی لێیە، هێوربوونەوەیەکی بەخۆیەوە بینی.
 
ئێران بەردەوامە لە تۆمارکردنی توشبووی نوێ، ئێستا زیاتر لە 23 هەزار کەس هەڵگری کۆرۆنان،  هەزار و 812 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
چین ماوەیەکە کەمترین مردن بەهۆی کۆرۆنا رادەگەیێنێت، تووشبوون بەکۆرۆنا لە وڵاتەکە لە 81 هەزار کەس وەستاوە، ئێستا لە چین تەنیا چوار هەزار و 735 توشبوو بە کۆرۆنا هەن.
 
سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات شەڕ و پێکدادان لە هەموو جیهان کۆتایی بێت و فۆکەسی هەموو خەڵک لەسەر کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بێت بۆ کۆتایی هێنان بەو ڤایرۆسەی کە نزیکەی 17 هەزار کەسی کوشتووە.