توێژینەوەیەک: تێکچوونی دەروونیی باوکان دوای لەدایکبوونی منداڵەکانیان زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێی هاوبەش لەنێوان پسپۆڕانی چین و سوێد دەریدەخات، ئێستا حاڵەتەکانی تێکچوونی دەروونیی باوکان دوای لەدایکبوونی منداڵەکانیان زیاد بووە.
توێژینەوە هاوبەشەکە لەنێوان پەیمانگەی کارۆلینسکا لە سوێد و زانکۆی سیچوان لە چین لەسەر زیاتر لە ملیۆنێک باوک کرا و دەرکەوت، پیاوان دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر لەدایکبوونی منداڵەکانیان کێشە و گرفتە دەروونییەکانیان دەستپێدەکات بەتایبەت خەمۆکی و بێزاری لە ژیان.
جینگ ژۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی باوکان شانازی بە باوکایەتی خۆیانەوە دەکەن، بەڵام بەهۆی تێکچوونی خەو و گۆرانکاریی پەیوەندییان لەگەڵ هاوژینەکانیان کاریگەرییان لەسەر لایەنی دەروونی دەبێت و خەمبار دەبن.
لە توێژینەوەکەدا ئەوەش دەرکەوتووە کە پیاوان لەماوەی دووگیانیی هاوژینەکانیاندا ئەگەری پەنابردنە بەر کحول و مادە هۆشبەرەکانیان هەیە، دوای لەدایکبوونی منداڵەکەشیان ئەگەر تووشبوونیان بە خەمۆکی و بێزاری زۆرە.
هەر بۆیە پێشنیاز دەکرێت، پیاوانیش هاوشێوەی خانمان هەمیشە پێش و دوای لەدایکبوونی منداڵەکانیان لەژێر چاودێریی پزیشكی دەروونیدا بن و لە ئەگەری هەر نیشانەیەک راوێژ بە کەسانی شارەزا بکەن.