پسپۆڕێک هۆشداری لە بەکارهێنانی فلاجیل بۆ منداڵان دەدات؛ 'زیانی مەترسیداری هەیە'

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، زۆرجار بۆ سکچوون و رشانەوە دەرمانی فلاجیل بە منداڵ دەدرێت کە هیچ سوودێک بە چارەسەرکردنی نەخۆشیی منداڵەکە ناگەیێنێت، چونکە زۆرینەی هۆکارەکان ڤایرۆسین نەک بەکتریایی. 
 
د. سەروەر محەممەد شێخانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە رووداوی راگەیاند، فلاجیل ناوی دەرمانێکی باوی دژەبەکتریایەکە کە دایک و باوکان زۆرجار لەکاتی سکچوونی منداڵەکەیاندا، دەیدەن بە منداڵ، ئەمەش مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەکات. 
 
بەپێی ئەو پسپۆڕە، هیچ دەرمانێکی دژەبەکتریا نابێت بەبێ راوێژی پزیشكی شارەزا بدرێت بە منداڵ. {لەبەر ئەم مەترسییە}.
 
دەقی وەڵامەکانی د. سەروەر محەممەد شێخانی لەبارەی سکچوون و رشانەوەی منداڵ؛
 
رووداو: چ جۆر سکچوونێک مەترسیدارە و دایباب چۆن بزانن ئەو سکچوونە مەترسیدارە بۆ ئەوەی زوو منداڵەکەیان ببەن بۆ نەخۆشخانە؟
 
د. سەروەر شێخانی: هەر منداڵێک زیاتر لە 3 جار لە رۆژێکدا پیسایی کرد، واتا تووشی سکچوون بووە؛ بەڵام هەندێکجار منداڵی تازەلەدایکبوو راستەوخۆ لەدوای خواردنی شیر خۆی پیس دەکات، ئەمە بە سکچوون دانانرێت و ئاساییە، لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەن چاک دەبێت. سکچوونی مەترسیدار زیاتر لە 10 جارە لە رۆژێکدا کە وشکبوونەوەی زیاترە و رشانەوەشی لەگەڵدایە.
 
رووداو: نیشانەکانی وشکبوونەوە چین لە منداڵ؟
 
د. سەروەر شێخانی: ئەمانە نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستەی منداڵن و پێویستە راستەوخۆ ببرێتە نەخۆشخانە؛
 
- بێهێزی
- نووزانەوە و گریان
- لەهۆشخۆچوون
- قووڵبوونی چاوەکان
- نەمانی فرمێسک لەکاتی گریان
- وشکبوونی زمان و کەمبوونەوەی لیک
- کەمیی میز یان تۆخبوونی رەنگی میز
 
رووداو: لەکاتی سکچووندا بۆ قەرەبووکردنەوە، چی بدرێت بە منداڵ؟
 
د. سەروەر شێخانی: پێویستە ئەمانە جێبەجێبکرێن؛
 
- زۆرپێدانی شۆربا و شلەمەنی.
- خواردنەوەی ئاو.
- نابێت شیرپێدان بە منداڵ رابگیرێت، لەکاتی سکچوون.
- خواردنەوە گازییەکان، چا و قاوە نەدرێن بە منداڵ.
- نابێت راستەوخۆ منداڵ دەنکۆڵەی فلاجیلی پێبدرێت، چونکە زۆرینەی سکچوون و رشانەوەکان ڤایرۆسین و بە فلاجیل چارەسەر نابن.
- باشترە ژیناوی مادە خۆراکییەکان بەبێ دژەبەکتریا لە نۆرینگە لاکۆڵانەکان وەربگیرێت.
 
رووداو: لەلای بەشێکی دایبابان باوە کە ''سماقاو بۆ وەستانی سکچوونی منداڵ باشە''، ئەمە تا چەند راستە و سەلامەتە؟
 
د. سەروەر شێخانی: هەرگیز رێنوێنیی خەڵک ناکەین سماقاو بۆ وەستانی سکچوونی منداڵ بەکاربهێنن، چونکە دەشێت بەهێز بێت و زیان بە گەدەی بگەیێنێت.
 
رووداو: بۆچی لەم وەرزەدا {هاوین و گەرما} سکچوون زیاد دەبێت، هۆکارەکەی چییە؟
 
د. سەروەر شێخانی: لە هەموو ماوەیەکدا هەیە، بەڵام لە گەرمادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکەوەیە کە دەبێتە هۆی سکچوون و رشانەوە، زیاتر ئەگەری وشکبوونەوەی جەستە زیاد دەکات، هەروەها بەهۆی تێکچوون و ژەهراویبوون بە خۆراکیشەوە لەبەر گەرما، زۆرجار روودەدات.
 
رووداو: چۆن سکچوونی کۆلێرایی بناسرێتەوە؟
 
د. سەروەر شێخانی: ئەگەر تووشبووی سکچوونەکە لە شوێنێک بوو کە کەسانی دیکەش تووشی سکچوون بووبوون، یاخود تووشبووەکە ئەم نیشانانەی هەبوو وەکو 'سکچوونێکی زۆر شل کە هاوشێوەی ئاوی برنج وایە، رشانەوە هەیە و ئازاری قاچ و ئەژنۆکان و بێهێزی و لاوازی' ئەوا دەشێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە تووشی کۆلێرا بووبێت.
 
رووداو: چ جۆرە رشانەوەیەک ئاماژەیە بۆ ژەهراویبوون ''تەسەمووم''؟
 
د. سەروەر شێخانی: زۆرجار دوای خواردنی خۆراکێکی ماوە، یان خواردنی خۆراکی دەرەوە و سەردانەپۆشراو تووش دەبین، زۆرجاریش ئازاری نێوەڕاستی سکی دەبێت و لەگەڵ پیساییکردندا ئازاری دەبێت هەندێکجاریش رشانەوەی لەگەڵدایە.
 
رووداو: لەکاتی رشانەوە خۆراک بدرێت بە منداڵ؟
 
د. سەروەر شێخانی: منداڵ سکچوون و رشانەوەی هەبوو، نابێت ئاو و شلەمەنی لەسەر رابگیرێت، بەڵام ئەگەر هەر خۆراکێکی خوارد و رشایەوە، پێویستە ببردرێت بۆ نەخۆشخانە و دەرمانی پێبدرێت.