هۆشداری لە هەڵەبەکارهێنانی دەرمان؛ ''نەخۆش هەیە بە هیچ دەرمانێک چاک نابێتەوە''

22-04-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
د. کردار - د. سەمیرە - دکتۆر رەنج - شکار رێبوار
د. کردار - د. سەمیرە - دکتۆر رەنج - شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبووانی بەهێزبوونی بەکتریاکان زیادبووە و WHO دەڵێت: ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە گیان لەدەستدەدەن، پسپۆڕێکیش لە باسی نەخۆشێکیدا گوتی، ''نەخۆش هەیە بە هیچ دەرمانێک چارە ناکرێت''.
 
بەهێزبوونی بەکتریاکان، مەترسییەکی بێدەنگ بەڵام ئەنجامێکی ترسناک، مەترسییەکە لەگەڵ پێدانی دەرمانە دژەزیندەییەکان واتە دژەهەوکردنەکان تووشی مرۆڤ دەبێت بەتایبەتیش دژەبەکتریاکان.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، بەهێزبوونی بەکتریاکان دژی دەرمانەکان ساڵانە ملیۆن و نیوێک کەس دەکوژێت. زۆرترین قوربانیانیش لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوون.
 
''نەخۆش هەیە بە هیچ دەرمانێک چارە ناکرێت''
 
پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی هەناو دەیان پشکنینی نەخۆشەکانی لەلایە و ئەنجامەکان بە کارەسات وەسف دەکات، چونکە نەخۆشی وا هەیە بە هیچ دەرمانێک چارەسەر ناکرێت.
 
د. کردار عەبدولخالق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو دەڵێت: ''نەخۆش هەیە لەکۆی 18 دەرمان، تەنیا یەک دەرمان چارەسەری دەکات و لەخۆڕا بەکارهێنانی دەرمان هۆکارێکی نەمانی کاریگەریی دەرمانەکانە''، هەروەها پشکنینی نەخۆشێکی لەبەردەستە کە نەخۆشەکە زیاتر لە 12 دەرمان کاری تێناکات و ناتواندرێت بۆی بەکاربێت، جگە لە یەک دەرمان نەبێت. 
 
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، یەکەم هۆکاری بەهێزبوونی بەکتریاکان؛ بەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریایە لەلایەن کەسانی ناپسپۆڕەوە، دووەم هۆکاریش ئەوەیە کە کەسەکە دەرمانەکەی لەلایەن پسپۆڕەوە بۆ نووسرابێت، بەڵام بە دروستی بەکاری نەهێنێت.
 
رێژەی بەهێزبوونی بەکتریاکان بەپێی رەگەز لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەولێر لە پیاوان لە ساڵی 2023دا 27٪ بووە، بەڵام لە 2024دا بەربووەتەوە بۆ 34٪، هاوکات لە خانماندا لە 2023دا 72.7٪ بووە و لە 2024ـیشدا کەمبووتەوە بۆ 66٪.
 
''لە نۆرینگە لاکۆڵانەکان بەبێ ئەوەی بزاندرێت هۆکاری نەخۆشییەکە چییە، دەرمان بەکاردێت''
 
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست دێسکی تەندروستیی رووداو کەوتوون، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار هەزار و 230 نۆرینگەی لاکۆڵان هەن، کە لانیکەم هەر یەکەیان رۆژانە 10 بۆ 15 کەس سەردانیان دەکەن.
 
پسپۆڕێکی مایکرۆبایۆلۆژی لەبارەی نۆرینگەکانەوە هۆشداریی تووند دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت: ''لەو نۆرینگانە ئەوانەی کە دەرمان دەنووسن، زۆرجار بەبێ پشکنین دژەبەکتریاکان دەدەن بە نەخۆش، بێ ئەوەی بزانن کە چ جۆرە دژەبەکتریایەک بۆ ئەو نەخۆشییە گونجاوە، یاخود لە هەمووی ترسناکتر کە رۆڵێکی زۆری هەیە لە دروستبوونی بەرگری''.
 
د. سەمیرە فەتاح، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژیی جەستە گوتی، پێدانی دەرمان بە نەخۆشێک کە لەوانەی نەخۆشییەکەی بەهۆی بەکتریاوە نەبێت، لەوانەیە نەخۆشییەکەی ڤایرۆس بێت، چونکە دژەبەکتریاکان دژی ڤایرۆس کار ناکەن، یان رەنگە نەخۆشەکە نەخۆشییەکی هەبێت کە هەوکردن نەبێت، دەبینی نەخۆشێک تای هەیە یان سەرمای بووە، دەژن دژەبەکتریای دەدەنێ، ئیدی وای لێدێت ئەو دەرمانانە بە هیچ جۆرێک کاریگەرییان نامێنێت بۆ چارەسەری نەخۆشەکە.
 
''پێدانی دەرمان لە نۆرینگە لاکۆڵانەکان کۆنتڕۆڵ نەکراوە''
 
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان رووبەڕووبوونەوەی بەهێزبوونی بەکتریاکان بە ئەرکی هەمووان دادەنێت، ئەو دەڵێت: کۆنتڕۆڵکردنی نۆرینگە لاکۆڵانەکان، ئەرکی سەرەکیی وەزارەتی تەندروستییە.
 
د. رەنج محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان گوتی، ''ماوەیەکی دوور و درێژە ئەو نۆرینگانە بوونیان هەیە، بووەتە راستییەکی تاڵ کە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی تائێستا ئەو بابەتەیان پێ چارەسەر نەکراوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین بە یاسا کار بکرێت، ئەگەر یاسا حەقی بە ئێمە داوە کە ئێمە مامەڵە بە دەرمانەوە بکەین، ئەوا دەبێت رێزی لێبگیرێت، و ئێمە ئەو مامەڵە بکەین، ئەگەریش یاسایەک رێگەی بەوان داوە، برینپێچی یان هەر کارێکی دیکە بکەن با بیکەن، بەڵام تۆ بێی هەمووی تێکەڵ بکەی ئەوە نابێت و ئەو خاڵە لە ئەستۆی وەزارەتە دەبێت خەمێکی جیدی لەو بابەتە بخوات و ناکرێت خەڵک دەرزیی تێکەڵە و دەرمان لە شوێنێک وەربگرێت کە هیچ پێناسەیەکی فەرمی نەبێت بۆ پێدانی دەرمان''.
 
لەگەڵ تووشبوون بە هەر ئازارێک مەرج نییە دەرمان بەکاربێت و وەرگرتنی دەرمانیش تەنیا بە راوێژی پزیشک و دەرمانسازان بێت، چونکە بەشێکی زۆری ئەوانەی بەهەڵە دەرمانە دژەبەکتریاکان بەکاردەهێنن، دەشێت چاودێریی چڕ بۆ ماوەیەکی زۆر شوێنیان بێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە