قایمقامیەتی سلێمانی داوای بەکارهێنانی جۆرێکی پلاستیکی تەندروست دەکات
رووداو - تەندروستی
دوای ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بووڵتەنی تەندروستی، بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" و تەواوی بووڵتەنە هەواڵییەکانییەوە بە شێوەیەکی چڕ و جیدی کاری لەسەر مەترسی و زیانەکانی پلاستیک کرد، قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی سلێمانی بڕیارێکی نوێی دەرکرد.
لە نووسراوێکی فەرمیدا کە پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی لەگەڵە، قایمقامیەت داوای بەکارهێنانی جۆرێکی تایبەتی پلاستیکی یەکجار بەکارهێنراو بە ناوی "بایۆ" دەکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانییان و ژینگەی شارەکە.
بەپێی نووسراوەکە، ئەم جۆرە پلاستیکە کە لە تێکەڵەی "بایۆ پۆلیمەر" و "پۆلی پرۆپلین" پێکدێت، بە "دۆستی ژینگە" دادەنرێت و جێگرەوەیەکی سەلامەتترە بۆ ئەو قاپ و کەلوپەلانەی لە چێشتخانە و کارگەکاندا بەکاردەهێنرێن، چونکە مەترسییەکانی بۆ سەر تەندروستی و ژینگە کەمترە.
نووسراوەکە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک شارەوانی، تەندروستی، ژینگە و پیشەسازی کراوە، بەمەبەستی کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە گرنگە.