رووداو - تەندروستی
لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس باسی مەرجەکانی کوالێتیی خەوی تەندروست کرا و پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژی دەڵێت: یەک لەسەر سێی ژیانمان خەوە، بۆیە دەبێت تەندروست بێت.
بەشی یەکەمی بەرنامەکە تایبەت بوو بە باسکردنی خەوی تەندروست و مەرجەکانی ژووری نووستن، دکتۆر شێروان نانەکەلی، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی دەڵێت، خەوی تەندروست رێگەیەکە بۆ نوێبوونەوە، پاکبوونەوەی جەستە و تەمەندرێژی.
پسپۆڕەکەی فیسیۆلۆژی گوتی: باشترە لە کاژێر 10ی شەو پلانی خەوتن هەبێت، چونکە بەشێک لە هۆرمۆنەکان رێژەکانیان کەمدەبنەوە و جەستە ئامادە دەکەن بۆ خەوتن. ''دەبێت 8 کاژێر بۆ خەو، 8 کاژێر بۆ کار و 8 کاژێر بۆ چالاکییەکان دابندرێت."
لەبارەی مەرجەکانی ژووری نووستن بۆ خەوێکی باش، دکتۆر شێروان گوتی: "لە ژووری نووستن نابێت رووناکی، دەنگ، ژاوەژاو، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، مۆبایل، ئایپاد و لاپتۆپ هەبن". چونکە بە گوتەی ئەو "دەبنەهۆی تێکدانی هۆرمۆنەکان و خەوزڕان."
پسپۆڕەکە ئاماژەش بەوەدەکات کە رووناکیی ژووری دانیشتن زەرد بێت نەک سپی و لە شەودا کزبێت، هەروەها پەردەی ژوورەکە تاریک و ئەستوور بێت و پلەی گەرمییەکەی مامناوەند بێت.
لە بەشێکی قسەکانیدا پسپۆڕەکە دەڵێت: منداڵ دەبێت لە کاژێر نۆ بخەوێت، ئاماژەش بە مەرجەکانی ژووری نووستنی منداڵ دەکات و دەڵێت: گڵۆپی ژووری منداڵ کزبێت و لەچاوی منداڵەکە نەدات و سۆپای نەوتی تێدا نەبێت، هەروەها لەبری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کتێب دابنرێت.
ئەم پسۆڕەی فیسیۆلۆژی ئاشکرای دەکات، خەوی خراپ هۆکارێکی دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکانە و دەشێت ببێتەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە.
پسپۆڕەکە ناوی ئەو خۆراکانە ئاشکرادەکات کە کوالێتیی خەو تێکدەدەن وەکو 'چا، قاوە، کاکاو و کحول'، هاوکات دەڵێت: "ژەمی کۆتایی لانیکەم سێ کاژێر لە خەوتن دووربێت''.
سەبارەت بە جلوبەرگی خەوتنیش، دکتۆر شێروان رەحمانەشەل نانەکەلی گوتی، توێژینەوە هەیە دەریدەخات خەوتن بەبێ جلوبەرگ بەسوودە و باشترە لە شەوانی زستان و لە بەیانیانی هاویندا خۆت بشۆیت.
بەشێکی دووەمی بەرنامەکە تایبەت بوو بە هۆکارەکانی دروستبوونی زیپکە، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست رایدەگەیێنێت، چارەسەری خێرا بۆ زیپکە نییە و ئێستا لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دەستپێدەکات، هەروەها چەورییە رژێنەکان بەرپرسی سەرەکیی زیادبوونی زیپکەن.
لەبارەی خۆراکی پەیوەندیدار بە دروستبوونی زیپکەوە پسپۆڕەکە گوتی، شیرەمەنییەکان و شیرینییەکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دروستبوونی زیپکە هەیە بەتایبەت لەنێو گەنجاندا.
هەروەها ئەوەش ئاشکرادەکات کە دەرزیی تێکەڵە و هۆڕمۆنەکان هۆکارن بۆ دروستبوونی زیپکە، بۆیە پێویستە بەهیچ شێوەیەک بەکارنەهێندرێن.