سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای دەرمانسازان: ژمارەی دەرمانسازان لە پێویستیی بازاڕ زیاترە

رووداو - تەندروستی

سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان رایدەگەیێنێت، ژمارەی دەرمانسازان لە پارێزگاکە زۆرە و لە پێویستی بازاڕ زیاترە، دەشڵێت، ئەمەش وایکردووە هەلی کار بۆیان کەم ببێتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-9-2025  د. نوژدار بەزاز، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "729 دەرمانساز لە دهۆک هەیە و ئەو ژمارەیە زیاترە لە پێویستی بازاڕ." گوتیشی، "پێویست بوو پێش کردنەوەی کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆ تایبەتەکان، خوێندنەوەیەکی باشتر بکرایە."
 
بە گوتەی د. نوژدار بەزاز، زۆریی ژمارەی دەرچووان وایکردووە هەلی کار بۆ دەرمانسازان کەمببێتەوە و ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر سەندیکاکەیان دروستکردووە.
 
سەبارەت بە لایەنی یاسایی، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، "یاسای دەرمانسازی پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە، چونکە یاساکان کۆنن و بۆ ساڵی 2010 دەگەڕێنەوە." داوای کرد هەرکاتێک پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە، پێداچوونەوە بە یاساکەدا بکرێت.
 
د. نوژدار بەزاز، لەبارەی دامەزراندنی دەرمانسازان گوتی، "دانەمەزراندنی دەرمانسازان بڕیارێکی حکومی بوو، بەڵام پێویستە دەرچووان دوای 3 ساڵ دابمەزرێن، چونکە ناونیشانی دەرمانسازییان بەستراوەتەوە بە دامەزراندنیان."