WHO: کشانەوەی ئەمریکا لە هاوکاریکردنمان، تەندروستیی وڵاتەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەوە
رووداو - تەندروستی
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە هاوکاریکردنی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رێکخراوەکە رایدەگەیێنێت، کشانەوەی ئەمریکا لە هاوکاریکردنمان، تەندروستیی وڵاتەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایگەیاند، هەمیشە بە نیازپاکی لەگەڵ ئەمریکا کاری کردووە و ''بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتی لە جیهاندا کار دەکات و دەیەوێت (دەستڕاگەیشتن بە تەندروستیی گشتی) مافی بنەڕەتیی هەموو تاکێکی جیهان بێت''.
ئەمریکا بە راگەیێنراوێک هۆکاری کشانەوەی لە رێکخراوەکە ئاشکرا کرد و دەڵێت ''رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 شکستی هێناوە و رێگر بووە لە زوو بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان بۆ تەندروستیی گشتی و شاردوونیەتەوە''.
بەڵام WHOـش دەڵێت: هەمیشە وەڵامدانەوەمان بۆ پەتای کۆڤید-19 خێراترین بووە و زۆرترین کارمان کردووە بۆ ئەوەی کەمترین زیان و کەمترین قوربانی لێبکەوێتەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی وەکو رێکخراوێکی سەرەکی بەشداربووە لە بنبڕکردن و کەمکردنەوەی زۆرێک لە پەتا و نەخۆشییە جیهانییەکان بەتایبەت کۆکەڕەشە، ئیفلیجیی منداڵان، ئەیدز، ئیبۆلا، ئەنفلەوەنزا، سیل، مەلاریا و بەرگریی دژەمیکرۆبەکان و کۆڤید-19.
رێکخراوەکە چۆن باسی سەرەتای کۆڤید-19 دەکات؟
بەگوێرەی راگەیێنراوی WHO، لەسەرەتای دەرکەوتنی پەتاکە کە کۆمەڵێک تووشبووی هەوکردنی تووندی سییەکان بە هۆکاری نادیار لە وهانی چین تۆمار کران، داوای زانیاریی لە چین کردووە و دۆخی فریاکەوتنی راگەیاندووە تا ئەو کاتەی بە فەرمی چین لە 11ـی 1ـی 2020 یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی راگەیاند. رێکخراوەکە لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و کەناڵەکانەوە ئاگاداری و مەرجەکانی خۆپاراستنی راگەیاندووە و لە 30ـی 1ـی 2020دا بە فەرمی دۆخی فریاگوزاریی تەندروستیی گشتیی نێودەوڵەتی بۆ پەتای جیهانی کۆڤید-19 راگەیاند.
تەندروستیی جیهانی ئاماژەشی بەوە داوە کە وەکو دەزگایەکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەلایەن 194 وڵاتی ئەندامەوە هاوکاریی دەکرێت و هەمیشە بە بێلایەنی کاری کردووە.