توێژینەوەیەک: بەرکەوتنی رووناکی لە شەواندا مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی لە ئوستڕاڵیا دەریخستووە کە بەرکەوتنی رووناکیی بەهێز لە شەواندا دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو ئەگەری تووشبوون بە کێشە مەترسیدارەکانی دڵ زیاد بکات، لەوانەش جەڵتەی دڵ، مێشک و سستبوونی دڵ.
توێژینەوەکە لە زانکۆی فلیندەرز لە ئوستڕاڵیا لەسەر 89 هەزار کەس کراوە لە رێگەی هەستەوەری مەچەکەوە زیاتر لە 13 ملیۆن کاژێر بەرکەوتنی رووناکییان تۆمارکردووە و دەرکەوتووە، ، ئەو کەسانەی لە شەواندا زۆرترین بەرکەوتنی رووناکییان هەبووە، ئەگەری تووشبوونیان بە کێشەکانی دڵ زۆر زیاتر بووە؛ بەجۆرێک کە ئەگەری تووشبوونیان بە سستبوونی دڵ بە رێژەی 56% و ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ بە رێژەی 47% بەرزتر بووە
د. دانیێل ویندرێد، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت "تێکدانی کاتژمێری بایۆلۆجیی جەستە لە رێگەی بەرکەوتنی بەردەوامی رووناکیی بەهێز لە شەواندا، کە بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێت تاریک بێت، مەترسیی تووشبوون بە کێشە مەترسیدارەکانی دڵ زیاد دەکات."
د. دانیێل ویندرێد ئاماژەی بەوەشکرد، "خۆشبەختانە، ئێمە دەتوانین کۆنترۆڵی بەرکەوتنی رووناکی بکەین لە شەواندا. بە بەکارهێنانی پەردەی تاریک، کزکردنی گڵۆپەکان و دوورکەوتنەوە لە شاشەکان پێش نووستن."