رووداو - تەندروستی
منداڵی بلووری (IVF) لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەجۆرێک لەدایکبوون لە رێگەی تەکنەلۆژیای یارمەتیدەری زاوزێوە لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2022 بە رێژەی 45% بەرزبووەتەوە.
ئێستا، ئاڕاستەیەکی نوێ سەریهەڵداوە: ئەو کەسانەی دەتوانن بە شێوەی سرووشتی منداڵیان ببێت، زیاتر روو لە منداڵی بلووری دەکەن بۆ ئەوەی پشکنینی بۆماوەیی بۆ کۆرپەلەکان بکەن بۆ دەستنیشانکردنی مەترسییە تەندروستییەکانی داهاتوو و تەنانەت تایبەتمەندییە خوازراوەکانیش.
ئەم جۆرە هەڵبژاردەییەی منداڵی بلووری بەخێرایی لە گەشەکردندایە و سەرمایەگوزاریی گەورەی راکێشاوە هەروەها کۆمپانیاکانی پشکنینی بۆماوەیی بیرۆکەی "تەندروستیی نەوەکان" زیاتر بە بازاڕ دەکەن.
نوێترین ئامراز بریتییە لە پشکنینی فرە بۆماوەیی یان PGT-P، کە داتابەیسی گەورەی دی ئێن ئەی کەسانی پێگەیشتوو بەکاردەهێنێت بۆ پێشبینیکردنی مەترسیی تووشبوونی کۆرپەلەیەک بە نەخۆشییە ئاڵۆزەکانی وەکو ئەلزهایمەر، ئۆتیزم، شیزۆفرینیا و شەکرەی جۆری 2 — ئەو تایبەتمەندییانەی کە لەژێر کاریگەریی چەندین جینن نەک تەنیا یەک بازدانی بۆماوەیی.
رووس لاسی، پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون لە زانکۆی ستانفۆرد کە لێکۆڵینەوەی لەسەر PGT-P کردووە، دەڵێت "هێشتا پەیوەندییەکی ئەوەندە بەهێزمان لەنێوان جینەکان و نەخۆشییەکاندا نییە تاوەکو متمانە بەم پۆلێنکردنانە بکەین". ئەو نیگەرانە لەوەی رەنگە پشکنینەکان ببنە هۆی هەڵسانگاندنی هەڵە لە کۆرپەلەکاندا.
پزیشکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە منداڵی بلووری لە خۆیدا پرۆسەیەکی جەستەیی و سۆزداریی قورسە، کە چەندین هەفتە دەرزی هۆرمۆن، نەشتەرگەری و ماوەی درێژی چاوەڕوانی لەخۆدەگرێت. ئەوان دەڵێن بەکارهێنانی چارەسەرێکی وا سەخت تەنیا بۆ ئەنجامدانی پشکنینی فرەبۆماوەیی، فشارێکی بەرچاو زیاد دەکات بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی سەلمێنراوی هەبێت.
سەرهەڵدانی پشکنینی فرەبۆماوەیی مشتومڕە ئەخلاقییەکانیشی لەبارەی ئەوەی پێی دەگوترێت "منداڵی دیزاینکراو" سەرهەڵداوەتەوە.
جەی. بێنجامین هورلبوت، لە زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا، هۆشداری دەدات کە پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە ئایا تەکنەلۆژیاکە کار دەکات یان نا، بەڵکو "ئەوەیە ئایا باشە پەیوەندیی دایک و باوک و منداڵ بەم شێوەیە دەستپێبکات یان نا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ