بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر: پێویستە یاسایەک بۆ نەخۆشە تاوانبارەکان هەبێت

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر رایدەگەیێنێت، نەخۆشخانەکەیان جێگەی چارەسەر و چاودێریی نەخۆشانی دەروونییە نەک وەکو بەندینخانە بێت و کەس نەتوانێت لێی رابکات. داوای دانانی یاسایەکی نوێش دەکات لەبارەی نەخۆشە دەروونییە تاوانبارەکان.
 
دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە {نەخۆشی دەروونی بووە} راگەیاند کە سێ ئەندامی یەک خێزانی لە شاری هەولێر کوشتبوو و لە نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر رایکردبوو. ئەمڕۆ چوارشەممە 28-1-2026 د. بەکر کوردە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی دادی دەروونیی نییە، بەتایبەت بۆ ئەو نەخۆشخانەی کە نەخۆشن و تاوانباریشن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە مەترسییەکەیان پارێزراو بێت.
 
د. بەکر کوردە روونی دەکاتەوە، ئەو تاوانبارە نەخۆشی دەروونیی نەخۆشخانەکەیان بووە و چەندینجار رایکردووە، بەڵام لەسەر بەرپرسیارێتیی باوکی، لە نەخۆشخانە دەرهێنراوە. ئەو دەڵێت: وەکو نەخۆش لە نەخۆشخانەکەمان مابووەوە، نەک وەکو تاوانبار، بۆیە نەماندەتوانی رێکاری ئەمنیی تووندی بەرامبەر بگرینە بەر و بەر زۆر بیهێڵینەوە لە نەخۆشخانە.
 
بەگوتەی د. بەکر کوردە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق، یاسایەک نییە تایبەت بێت بە نەخۆشە تاوانبارە دەروونییەکان، ئەمەش کێشەی بۆ دروستکردوون و سەڕەڕای سەختیی دۆخی بەشێک لە نەخۆشەکان، بەڵام ناتوانن بە زۆرەمڵێ بیانهێڵنەوە و ئەگەر خێزانەکانیان لە نەخۆشخانە دەریان بکەن، ئەوا پزیشکان ناتوانن هیچ بڵێن.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە روونی دەکاتەوە، ئەو کەسە پێنج جارە لە نەخۆشخانە رادەکات و جگە لە نەخۆشیی شیزۆفرینیا تێکەڵەی چەندین دۆخی ناڕێکیی دەروونیی دیکەشی هەبووە بەتایبەت تووندڕۆیی و ئازاردان. چەندجارێک لەسەر بەرپرسیارێتیی خێزانەکەی دەرچووە، کە بەدەر بووە لە رێنوێنییە دەروونییەکان. (ئەمەش لەبەر ئەوەی نەخۆشخانە هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی نییە کە نەخۆش بە زەرەمڵێ بهێڵێتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ نەخۆشخانە).
 
کۆتا جاریش لە رێکەوتی 4ـی 1ـی 2026 رایکردووەتەوە و ئەوەبوو کە ئەو کارەساتەی دروستکرد و بووە هۆی کوژرانی سێ کەسی خێزانەکەی.
 
چیرۆکەکەی بخوێنەرەوە.