رووداو دیجیتاڵ
تۆمەتباری کوشتنی خێزانەکەی هەولێر دەستگیرکرا. خێزانی قوربانییەکە داوا دەکات سزای لەسێدارەدان بەسەر تۆمەتباردا جێبەجێ بکرێ.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند کە هەستابوو بە کوشتنی سێ ئەندامی یەک خێزان لە شاری هەولێر. رووداوەکە بەو جۆرە بوو کە عەبدولڕەحمان عوسمانی تەمەن 65 ساڵ و مامۆستا زەینەبی هاوژینی تەمەن 59 ساڵ خنکێندراون و دلۆڤانی کوڕیشیان کە ئەندازیارێکی 25 ساڵان بوو، بە چەقۆ کوژراوە.
تۆمەتبارەکە، گەنجێکی تەمەن 26 ساڵە و بە قسەی باوکی، خزمی نزیکی کوژراوەکانە. باوکی تۆمەتبار باس لەوە دەکات، کوڕەکەی نەخۆشیی دەروونیی (شیزۆفرینیا)ی هەیە و پێشتر چەند جارێک لە نەخۆشخانەی دەروونی خەوێندراوە.
باوکی تۆمەتبارەکە دەڵێ: "سێ مانگ بوو کوڕەکەم حەبی نەدەخوارد، خۆم بە کەلەپچە بردم بۆ نەخۆشخانە و تکام لێکردن ئاگایان لێی بێت، بەڵام هەر رایکرد و ئەو تاوانەی ئەنجامدا."
ئەو هاونیشتمانییە سکاڵای لەسەر نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر تۆمارکردووە و بە کەمتەرخەم ناویان دەبات.
دکتۆر بەکر کوردە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (بەرپرسیار) تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستی دەکاتەوە کە تۆمەتبارەکە لە کۆتایی مانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەکەیان هەڵهاتووە و گوتی: "'ا' لە 21-12-2025 لەلایەن پۆلیسەوە هێنرایە نەخۆشخانە و هەمان رۆژ هەڵهات. لە 24-12-2025 لەلایەن باوکیەوە هێنرایەوە لامان و تاوەکو 28-12-2025 لە ژووری تاکەکەسی بوو. ئەو رۆژەی رایکرد، کارمەندان ویستبوویان ژوورەکەی پاکبکەنەوە، ئەویش ئەوەی بە دەرفەت زانی و هەڵهات. بە نووسراوی فەرمی، پۆلیس و ئاسایشمان لە هەڵهاتنی ئاگادارکردەوە. نەخۆشخانەکەمان زیندان نییە."
د. جەواد حەمەدەمین کە برای مامۆستا زەینەبی قوربانییە، گومانی لەم گێڕانەوەیە هەیە و دەڵێ: "ئەوەی باس دەکرێت گوایە تاوانبار نەخۆشیی دەروونی هەیە، ناڕاستە و شانۆگەرییە."
برای قوربانییەکە ئاماژە بەوەش دەکات، تۆمەتبارەکە دوای تاوانەکە، دزی کردووە و ئۆتۆمبێل، لاپتۆپ و کەلوپەلی ماڵەکەی بردووە، تەنانەت چەتری نێو ماڵەکەشی بردووە و دەپرسێت: "ئەگەر نەخۆشی دەروونییە، چۆن دزی دەکات؟" و باوەڕی وایە تاوانەکە رێکخراوە و لەلایەن یەک کەسەوە ئەنجام نەدراوە.
خێزانی قوربانییەکە داوای سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژەکە دەکەن.
موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بۆ رووداو پشتڕاستیکردەوە کە تۆمەتبار پێشتر لە نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر رایکردووە.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ