توێژینەوەیەک: نیگەرانی لە پیربوون، ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی پیربوون زیاتر دەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، ئەوانەی نیگەرانن یاخود خەمی پیربوونیانە، ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی پیربوونیان زیاترە و زووتریش نیشانەکانیان لێ دەردەکەوێت.
توێژینەوەکە لە زانکۆی نیویۆرک لە ئەمریکا لەسەر زیاتر لە 700 ژن کراوە و دەرکەوتووە، ئەوانەی زیاتر دڵەڕاوکێیان بۆ پیربوونیان هەبووە، خێراتر نیشانەکانی پیربوونیان لەسەر دەرکەوتووە ئەمەش بە پشکنین و تاقیکردنەوەی وردی جێنەتیک سەلمێندراوە.
د. مارینا رۆدریگێز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەیە و دەڵێت: دڵەڕاوکێ و ترس لە نیشانەکانی پیربوون دەکرێت لێکەوتەی دەروونیی لەسەر جەستە هەبێت و ئەنجامەکەشی لەسەر جەستە دەربکەوێت کە زوو نیشانەکانی پیربوون وەکو چرچولۆچی، بێهێزی و سپیبوونی موو دەربکەون.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت، خانمانی تەمەن مامناوەند زیاتر تووشی ئەو کێشەیە دەبنەوە.
چەند رێگەیەک بۆ بەگەنجی هێشتنەوەی پێست
- وەرزشی رۆژانە
- خۆپاراستن لە تیشکی خۆر لە کاتە گەرمەکان
- خەوی رێک
- تەواوکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامینەکان بە راوێژی پزیشک
- بەکارهێنانی شێدارکەرەوە و دژەخۆر
- کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی