پسپۆڕێکی خۆراک لە ئێران: هاووڵاتییان بۆ هێمنیی دەروون، چای سەوز لەبری چای رەش بخۆنەوە
رووداو - تەندروستی
د. سەحەر فەسحەتی، ئەندامی دەستەی زانستیی بەشی خۆراکناسی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شیراز هانی هاووڵاتییانی ئێران دەدات کە بۆ ئارامبوونەوەی دەروونیان چەند خواردنەوەیەکی کاریگەر بخۆن.
د. سەحەر فەسحەتی دەڵێت: خواردنەوەی چای بابوون، چای سەوز و چای ماچا یارمەتیدەرێکی سەرەکییە بۆ هێور بوونەوە لەکاتی جەنگ و دڵەڕاوکێدا. هەروەها روونی دەکاتەوە ئەوانە هەموویان مادەی فایتۆکیمیکاڵیان تێدایە کە ئەم رۆڵەیان پێدەبەخشێت. ئەو پسپۆڕە چای سەوزیشی پێباشترە لە چای رەش.
تەنانەت باسی میوەکانی وەکو کیوی، لیمۆ، پرتەقاڵ، سپێناخ، برۆکلی، مۆز، سێو و لالەنگیش دەدات کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C و مادە کانزاییەکان و یارمەتیدەرن لە باشترکردنی دەروون.
ئەمەش بزانە
لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوبات، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە و لەو ماوەیەدا چەندین جار پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کراونەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران و مانگی سوور، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 1937 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 25 هەزار کەس.