خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک: هیچ سەوزەیەک لە خواردنگەکان دانەنرێت، جگە لە هەندێکیان
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، لە چێشتخانە و خواردنگەکان پێشکێشکردنی هەموو سەوزەکان قەدەخەیە جگە لە ‘خەیار، تەماتە، لیمۆ و پیاز’ و پێش لەتکردنیشیان پێویستە بەجوانی بشۆردرێنەوە.
بەپێی خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک، بەهیچ شێوەیەک نابێت خۆراکی کۆن هەڵبگیرێت و دووبارە پێشکێشبکرێتەوە.
ئەم رێنوێنییانە لە سەروبەندی چەند حاڵەتێکی ژەهراویبوون بە خۆراک بوو کە دوایینیان ژەهراویبوونی 51 کەس بوو کە 16ـیان منداڵبوون، ئەویش بەهۆی خواردنی خۆراک لە خواردنگەیەکی نێوجەرگەی پارێزگاکە.
ئەو رێنوێنییانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاوی کردوونەتەوە بۆ چێشتخانە و خواردنگەکان ئەمانەن؛
1- نابێت بەهیچ شێوەیە مایۆنیز لە خواردنگەکان ئامادەبکرێت و نابێت بەکاربهێندرێت.
2- نابێت بەهیچ شێوەیە زەڵاتەی پەلکدار پێشکێشبکرێت وەکو (کاهوو، جەرجیر، کەلەرم، کەرەوز و سەوزەکانی دیکە..)
3- تەنیا (خەیار، تەماتە، لیمۆ و پیاز) پێشکێشبکرێن و پێش لەتکردنیان پێویستە بەجوانی بشۆردرێنەوە بە (خوێیاو، خەل و پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم).
4- هەموو کارمەندەکانی چێشتخانە پێویستە جلوبەرگی کار بپۆشن و (دەستکێش، کڵاو و بەروانکە) بەکاربهێنن.
5- بەهیچ شێوەیەک نابێت خۆراکی کۆن هەڵبگیرێت و دووبارە پێشکێشبکرێتەوە.
6- قاپ و کەوچکەکان دوای شووشتن، پێویستە بەجوانی وشک بکرێنەوە.
7- پێویستە سرکە (خەل) لەسەر هەموو مێزێکی خواردن دابنرێت.