رووداو - تەندروستی
دوای 271 رۆژ پزیشکان لە نەخۆشخانەی گشتیی ماساچوسێتس لە ئەمریکا، ئەو گورچیلە بەرازەیان لە جەستەی تیم ئاندروس دەرهێنایەوە کە بە شێوەیەکی بۆماوەیی دەستکاری کرابوو.
تیم ئاندروس، تەمەن 67 ساڵ، کە بەدەست قۆناخی کۆتایی نەخۆشیی گورچیلە و شەکرەوە دەیناڵاند، ئەمساڵ نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە بەرازی بۆ کرابوو، بەگوێرەی نەخۆشخانەی گشتیی ماساچوسێتس نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو و ئاندروس بۆ ماوەی نزیکەی 9 مانگ بەبێ پێویستی بە شوشتنی گورچیلە ژیانی بەسەربرد، کە ئەمەش درێژترین ماوەیە کەسێک بە گورچیلەی بەرازەوە ژیابێت و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی نەخۆشخانە ئەمریکییەکە، دوای ئەوەی پزیشکەکان دابەزینێکیان لە ئەرکی گورچیلەکەدا بەدیکرد، بڕیاری دەرهێنانی گورچیلەکەیاندا، تیم ئاندروس ئێستا دەگەڕێتەوە سەر چارەسەری شوشتنی گورچیلە و لە لیستی چاوەڕوانیدا دەمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی گورچیلەی مرۆڤ.
بەپێی دامەزراوەی نیشتمانیی گورچیلە لە ئەمریکا، زیاتر لە 101,000 ئەمریکی لە لیستی چاوەڕوانیی وەرگرتنی گورچیلەدان، بەڵام ساڵانە تەنیا نزیکەی 17,000 کەس گورچیلەیان پێدەگات
هەروەها بەگوێرەی تۆڕی دابینکردن و چاندنی ئەندامەکانی جەستە، لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 27 هەزار کەس لە ئەمریکا نەشتەرگەری گۆڕینی گورچیلەیان بۆ کراوە و 89 هەزار کەسی دیکەش چاوەڕێ دەکەن گورچیلەیەکیان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی نەشتەرگەرییەکە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ