رێکخراوێکی بەریتانی: سێ ملیۆن و 400 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە بەریتانیا هەن

رووداو - تەندروستی

رێکخراوێکی بەریتانی ئاشکرای دەکات، لە بەریتانیا ئێستا سێ ملیۆن و 400 هەزار تووشبووی شێرپەنجە هەن؛ شێرپەنجەی مەمک باوترینە.
 
مەکمیلیان، رێکخراوی خێرخوازیی پاڵپشتیی شێرپەنجە لە بەریتانیا نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی نەخۆشییەکەوە ئاشکراکردووە و تیایدا هاتووە کە بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو نیو ملیۆن تووشبووی شێرپەنجە زیادبوون.
 
بەپێی رێکخراوەکە، زیادبوونی رێژەکە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچووان لە وڵاتەکە، هاوکات لەکۆی سێ ملیۆن و 400 تووشبووەکەی شێرپەنجە؛ 890 هەزار تووشبووی شێرپەنجەی مەمک، 610 هەزار تووشبووی شێرپەنجەی پرۆستات، 390 هەزار تووشبووی شێرپەنجەی ریخۆڵە و 120 هەزاریش تووشبووی شێرپەنجەی سییەکان و شێرپەنجەکانی دیکە تۆمارکراون.
 
دام لۆرا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە دەڵێت: پێویستە حکومەت لەڕووی پاڵپشتی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە داهێنان بکات و پشکنینی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و چاودێریکردن بەهێزبکات.
 
بەپێی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی NHS لە بەریتانیا، لەنێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2023؛ 25٪ رێژەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە زیادبووە.