لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر دەرزییەک نەماوە؛ لە بازاڕدا نرخەکەی 110 هەزار دینارە

29-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەرزی (ئەنتی دی) لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر نەماوە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، لە دەرمانخانە بە 110 هەزار دینار کڕیویەتی. تەندروستیش دەڵێت، دەرزییەکە دابین دەکەن.
 
هاونیشتمانییەک بەناوی ژیان محەممەد، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ پێویستم بە دەرزی (ئەنتی دی) بوو، کە دەبێت لە نەخۆشخانەکان هەبێت، بەڵام چوومە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر گوتیان نەماوە".
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "ناچاربووم لە دەرمانخانەکانی نزیک نەخۆشخانەکە دەرزییەکە بە 110 هەزار دینار بکڕم، کە نرخەکەی زۆرە".
 
لەبارەی نەبوونی دەرزییەوەکەوە، بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێوەی کاتیی دەرزییەکە نەماوە، جارجار کێشەی تەکنیکی لەنێوان کۆگەکان دروست دەبێت و گەیشتنی دەرزییەکە بە نەخۆشخانە دوادەکەوێت".
 
بەگوێرەی تەندروستی هەولێر بێت، دەرزییەکە لە بەغداوە بۆ هەولێر و هەموو هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و ئەمڕۆ دەگاتە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر.
 
دەرزیی Rhogam یاخود دەرزیی دژەتەنی Rh بۆ خانمانی دووگیان بەکاردێت، کە گرووپی خوێنیان نێگەتیڤە، بەڵام کۆرپەی گرووپی خوێن پۆزەتیڤیان دەبێت، چونکە دەشێت دایکەکە جۆرە پڕۆتینێک لە منداڵەکەوە وەربگرێت کە نەیبووە؛ ئەم دەرزییە لە دایکەکە دەدرێت بۆ ئەوەی لە منداڵی دووەم و داهاتوودا هیچ کێشەیەک دروست نەبێت و خانەکانی دایکەکە هێرش نەکەنە سەر کۆرپەلەکانی داهاتووی و ببێتەهۆی لەبارچوونیان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە