چیرۆکی تووشبوویەکی شێرپەنجەی مەمک؛ لەماوەی دووگیانیدا شێرپەنجەم تووشبوو
رووداو - تەندروستی
لە کۆبوونەوەیەکی هۆشیاریی تەندروستی دژی شێرپەنجەی مەمک لە هەولێر، خانمێکی تووشبووی شێرپەنجە رایدەگەیێنێت، شێرپەنجەکەی کوشندە بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە قۆناخی یەکەمدا زوو پێی زانیوە، ئەوا ئێستا لە قۆناخی کۆتایی چارەسەرییەکانە و چاکبوونەوەی نزیکە.
نور حازم، تووشبووی شێرپەنجەی مەمک بە رووداوی راگەیاند، لە هەفتەی 36ـی دووگیانیدا هەستی بە گرێیەک لە مەمکیدا کردووە، ئەمەش بەهۆی خودپشکنینی مەمکەوە.
نور بەگوتەی خۆی، هەمیشە هۆشیار بووە لەبارەی نیشانەکانی شێرپەنجە و خودپشکنینی مەمک، ئەمەش وایکردووە کە زوو دەستنیشانبکرێت.
لە کۆتاییشدا گوتی، سەرەتا نەشتەرگەری بۆ کراوە و ئێستاش دەرمانی هۆڕمۆنی بە دەرزی و حەب وەردەگرێت.
رووداو لە سەرەتای ئەم مانگە (ئۆکتۆبەر) هەڵمەتی لونای پەمەیی، بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لە شێرپەنجەی مەمک و هاندانیان بۆ پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی مەمک راگەیاند و دوو هەفتە بەردەوام بوو. (زانیاریی زیاتر).