رووداو - تەندروستی
رووداوی تەندروستی لە مانگی ئۆکتۆبەردا کە ناسراوە بە 'ئۆکتۆبەری پەمەیی' هەڵمەتێکی فراوان بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک و هاندانیان بۆ پشکنینی پێشوەختە دەستپێدەکات.
ئەو هەڵمەتە بە ناوی 'لونای پەمەیی' رادەگەیێندرێت و ئامانجی سەرەکیی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکەن، چونکە چەند زوو شێرپەنجە دەستنیشانبکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت و خەرجییەکەی کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیش کەم دەبێتەوە.
هەڵمەتەکە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکرێت بە هاوبەشیی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک و هەرس و جگەر لە هەڵەبجە.
شێرپەنجەی مەمک سەرەکیترین هۆکاری مردنی خانمانە بە شێرپەنجە، بەربڵاوترین شێرپەنجەشە لەنێو خانماندا، دەستنیشانکردنی زوو یان پێشوەختەی شێرپەنجە رێگری لە مردنی 20٪ بۆ 40٪ـی تووشبووان دەکات، هەروەک کاریگەرترین رێگەیە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و کۆنتڕۆڵکردنی لە قۆناخێکی سەرەتاییدا.
خەرجیی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سفرەوە {پشکنینی خودیی مەمک} بۆ 15 دۆلاری تێدەچێت {15دۆلارەکە خەرجیی هەموو قۆناخەکانی پشکنینە بە بەرزترین کواڵیتی لەسەر حکومەت نەک هاونیشتمانی}، لەکاتێکدا خەرجیی چارەسەری نەخۆشییەکە بەپێی داتاکانی حکومەت 80 بۆ 100 هەزار دۆلارە.
جیاوازیی خەرجیی چارەسەرییەکانی شێرپەنجەی مەمک بەگوێرەی قۆناخەکانی نەخۆشییەکە؛
بەگوتەی د. لوقمان نانەکەلی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نرخی چارەسەرییەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەراورد بە ماوەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بەم شێوەیەیە؛
- لە ماوە سەرەتاییەکانی قۆناخی یەکی شێرپەنجەکە؛ 4 بۆ 5 هەزار دۆلار.
- لە ماوەی قۆناخی دوو و سێی شێرپەنجەکە، ئەگەر پێویستی بە دەرمانی بایۆلۆژی و کیمیایی بێت؛ 20 بۆ 30 هەزار دۆلار.
- لە ماوەی قۆناخی چواری شێرپەنجەکە؛ 250 بۆ 300 هەزار دۆلار.
تەنانەت بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، تێچووی چارەسەریی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخی یەک 300 هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام ئەگەر هەمان شێرپەنجە لە قۆناخی سێ یان چوار دەستنیشان بکرێت، بۆ 21 رۆژ 12 ملیۆن دیناری عێراقی تێدەچێت.
ئامارەکانی شێرپەنجە لە باشووری کوردستان لە ساڵانی 2023 و 2024
لە هەولێر ساڵی 2023= 5456 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە هەولێر ساڵی 2024= 4983 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە سلێمانی ساڵی 2023= 2796 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە سلێمانی ساڵی 2024= 3310 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە دهۆک ساڵی 2023= 1250 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون
لە دهۆک ساڵی 2024= 1303 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون
لە کەرکووک ساڵی 2023= 1116تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە کەرکووک ساڵی 2024= 1276 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ