پسپۆڕێک: 80٪ـی بەساڵاچووان نەخۆشییەک یان زیاتریان هەیە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت: 10 نەخۆشیی سەرەکیی هەیە رێژەیان لەنێو بەساڵاچوواندا زۆرە و بەرزەپەستانی خوێن یەکەمیانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30-7-2025 د. سیروان محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، بەرزیی پەستانی خوێن، بەرزە چەوریی خوێن، ناڕێکییەکانی جومگە، قەڵەوی، شەکرە، شێرپەنجە و خەمۆکی باوترین جۆری کێشە و نەخۆشییەکانن لەنێو بەساڵاچوواندا.
د. سیروان محەممەد ئەم مەرجانە بۆ بەتەندروستهێشتنەوە بەساڵاچووان دادەنێت وەکو؛
- لە هەوای پاکدا بن
- پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان باش بێت
- کوتان بکەن
- رۆژانە لانیکەم 7 کاژێر خەویان هەبێت
هەروەها ئەمانەشیان بەرامبەر بکرێت؛
-سەرزەنشت نەکرێن
-رێزیان بگیرێت
-کاتیان لەگەڵ بەسەر ببرێت
-خۆراکیان لەگەڵ بخورێت
-یارمەتییان بدرێت
-ئاگاداریان بین
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، 80٪ـی بەساڵاچووان نەخۆشییەک یان زیاتریان هەیە و بەشێکی زۆریان دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەکاردەهێنن، هەر بۆیە پێشنیاز بۆ بەخێوکەرانیان دەکات کە ئاگایان لە خشتەی دەرمانەکانیان بێت و بە دروستی رێنوێنییەکانی پزیشکیان لەسەر جێبەجێ بکەن.