لە ئەڵمانیا 800 کەس بە ماریوانا لە پشتئێشەی درێژخایەن چاکبوونەتەوە
رووداو - تەندروستی
کارگەیەکی گەشەکردن و بەرهەمهێنانی ماریوانایە و توێژینەوەیەک لە ئەڵمانیا ئاشکرای دەکات، دەکرێت ئەم رووەکە وزەبەخشە بەسوود بێت بۆ ئەوانەی بەدەست پشتئێشەی درێژخایەنەوە دەناڵێنن.
پڕۆفیسۆر د. ماتیاس کارست، پسپۆڕی پزیشکیی ئازار لە سکووڵی پزیشکیی هانۆڤەر دەڵێت: ''دەزانیت ئەگەر ئازارێکی زۆرت هەبێت ئەستەمە بجووڵێیت؟ ئەستەمە کارەکانت بەپێی هەستەکانت بکەیت، بەڵام ئەوانەی ئەم مادەیەیان وەرگرتووە، باشتر ئەم کێشانەیان بۆ چارەسەر بووە، دەشتوانن بە ئاسانی وازی لێبهێنن، لەبەر ئەوەی ژیانیان ئاسایی دەبێتەوە''.
توێژەران دوو ساڵ تاقیکردنەوەیان لەسەر مادەیەکی ماریوانا کردووە بە ناوی ڤێر01 و لەسەر 800 کەس تاقیان کردووەتەوە، دەرکەوتووە بەکارهێنەران بەبێ ئەوەی ئالوودەی بن، ئازاری پشتیان نەماوە و جووڵەشیان باشتر بووە.
ئەم ماریوانانەی توێژەران کاری لەسەر دەکەن مادەی چالاککەری VER-01ـی تێدایە کە رۆڵی ئازارشکێنی هەیە، بەتایبەت بۆ ئێسک و جوومگەکان. ئەم جۆرە ماریوانایە بەردەست نییە و تەنیا کاری لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە وزەبەخشێکی سەلامەت و بۆ ئەوانە بەکاربێت کە دەرمانە ئازارشکێنەکانی دیکە کاریان لێناکەن.
پڕۆفیسۆر د. ماتیاس کارست، پسپۆڕی پزیشکیی ئازار لە سکووڵی پزیشکیی هانۆڤەر دەڵێت: "ئازار، نائاسوودەیی و قورسیی جووڵەی خەو هەموویان کاریگەرییان بۆ ژیان هەیە، بۆیە بۆمان دەرکەوت مادەکە باشتربوونێکی جەوهەری و مانادار دەبەخشێت بە بەکارهێنەران''.
کۆمپانیای ڤێرتانیکاڵ لە پەرەپێدانی ئەو گیراوەیەی ماریوانایە بۆ پشتئێشە، لە وڵاتانی ئەورووپاش جۆرێکی مایوانا کە ناسراوە بە حەشیش بۆ ئازاری فرەڕەقبوونی دەماری MS پەسند کراوە.