پسپۆڕێک: بە دانانی برژانگی دەستکرد و لابردنی مووی لووت زیاتر نەخۆش دەکەویت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی بەرگریزانیی جەستە و مامۆستای زانکۆ رایدەگەیێنێت، دانانی برژانگی دەستکرد بەرگریی جەستە لاواز دەکات، هەروەها مووی لووت لاببرێت، کەسەکە بە ئاسانی تووشی نەخۆشی دەبێت. هۆکارەکانیش روون دەکاتەوە.
 
د. ساکار ئەحمەد، پسپۆڕی بەرگریزانیی جەستە و مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکیی سلێمانی بە رووداوی گوت، ''ئەگەر مووی لووت لاببرێت ئەوا فیلتەرەکە نامێنێت و کەسەکە بە ئاسانی تووشی نەخۆشی دەبێت''.
 
تەنانەت گوتیشی: لەکاتی دانانی برژانگی دەستکرد کەسەکە ناتوانێت چاوی پاک بکاتەوە یاخود برژانگەکان پاک بکاتەوە، ئیدی کۆمەڵێک میکرۆب لەسەریان کۆدەبنەوە و چاو ناتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات و هەوکردنی تووشدەبێت. (لەبارەی دەرمانی سپیکردنەوەی پێستیش هۆشداری دەدات).
 
دەقی وەڵامەکانی د. ساکار ئەحمەد لەبارەی چەند هەڵەیەک کە وادەکەن، بەرگریی جەستە لاواز ببێت!
 
رووداو: بەرگریی جەستە لاواز ببێت، چی بەسەر جەستەدا دێت؟
 
د. ساکار ئەحمەد: سیستمی بەرگریی جەستە بەجۆرێک دروستکراوە کە توانای تێکشکانی میکرۆبەکانی هەیە، هەر تێکچوونێکیش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن و کۆمەڵێک لێکەوتی مەترسیدار کە ژیانی کەسەکە دەخەنە مەترسییەوە. بەتایبەت هەندێک هەڵە هەن کە رۆژانە دەکرێن و بەرگریی جەستە لاواز دەکەن.
 
رووداو: باشترین رێگەی بەهێزکردنی بەرگریی جەستە لە منداڵییەوە چییە؟
 
د. ساکار ئەحمەد: منداڵ لە سەرەتای لەدایکبوونیدا، بەرگریی جەستەی زۆر لاوازە، باشترین رێگەش بۆ بەهێزکردنی بەرگریی جەستەی، خواردنەوەی شیری دایکیەتی، چونکە ئەو خانانەی بەرگریی تێدایە کە لە دایکەکەوە دروستبوون و دەگوازرێنەوە بۆ منداڵەکە. تا دوو ساڵ پێویستە منداڵ شیری دایکی بخواتەوە. پاشان پشت بە پێدانی پڕۆتین و ڤیتامینەکان ببەسترێت.
 
رووداو: بۆچی برژانگی دەستکرد، بەرگریی جەستە لاواز دەکات؟
 
د. ساکار ئەحمەد: دانانی برژانگی دەستکرد بەرگریی جەستە لاواز دەکات کە ئێستا زۆر باوە، چونکە هەندێکجار ئەو مادەیەی برژانگی دەستکردی پێ دادەنرێت هەستیاری دروستدەکات و دۆخی تەندروستیی کەسەکە تێکدەچێت پاشانیش دەشێت نەتوانێت هەناسە بدات. یاخود لەکاتی دانانی برژانگەکە کەسەکە ناتوانێت چاوی پاک بکاتەوە یاخود برژانگەکان پاک بکاتەوە، ئیدی کۆمەڵێک میکرۆب لەسەریان کۆدەبنەوە و چاو ناتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات و هەوکردنی تووشدەبێت.
 
رووداو: کەمگریان بەرگریی جەستە لاواز دەکات؟
 
د. ساکار ئەحمەد: گریان بەشێکی گرنگە لە سیستمی بەرگریی جەستە، کاتێک مرۆڤ تووشی دۆخێکی نالەبار و خەماوی دەبێت، پێویستە بە گریان خۆی بەتاڵ بکاتەوە لەو هۆڕمۆنە کۆرتیزۆڵەی دەڕژێت، بەڵام ئەگەر نەیتوانی بگریێت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیادکردنی لێدانی دڵ هەتا رەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵیش. هەر بۆیە دەکرێت کەمگریان بە هۆکارێکی زیادبوونی جەڵتەی دڵ لەنێو پیاوان دابنێین.
 
رووداو: لابردنی مووی لووت بەرگریی جەستە لاواز دەکات؟ بۆچی؟
 
د. ساکار ئەحمەد: مووی لووت پێکهاتەیەکی کاریگەرە بۆ فیلتەرکردنی پیسیی نێو هەوا. ئەگەر مووی لووت لاببرێت ئەوا فیلتەرەکە نامێنێت و کەسەکە بە ئاسانی تووشی نەخۆشی دەبێت، چونکە میکرۆبەکان بە ئاسانی دەچنە نێو سییەکان. تەنانەت لەکاتی لابردنەکەشدا دەشێت لە شوێنی رەگی مووەکاندا کۆمەڵێک میکرۆب کۆببنەوە و هەوکردن دروستببێت.
 
رووداو: دەرزیی سپیکردنەوەی پێست ترسناکە؟
 
د. ساکار ئەحمەد: دەرزیی سپیکردنەوەی پێست کە ئێستا لە سۆشیاڵ میدیاکان ترێندە و کەسانێکی زۆر بە نازانستی بەکاردەهێنن، وا دەکات بەرگریی جەستەی لاواز بێت، چونکە ئەو دەرزییە میلانین تێکدەشكێنێت کە فەرمانی پێدانی رەنگی تۆخە بە پێست. بەڵام کە ئەم رەنگە کاڵ دەبێتەوە بەو دەرزییە، ئەوا کەسەکە دەشێت زۆر بە ئاسانی تووشی شێرپەنجەی پێست ببێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەشتەرگەریی چاندنی سییەکان.

بۆ یەکەمجار؛ نەخۆشێک بۆ ماوەی 48 کاژێر بێ سییەکان بە زیندوویی مایەوە

تیمێکی پزیشکی لە ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا توانییان نەخۆشێک دوای دەرهێنانی هەردوو سییەکانی، بۆ ماوەی 48 کاژێر بە سیستمی سیی دەستکرد بە زیندوویی بهێڵنەوە، تاوەکو سیی نوێی بۆ دەچێندرێت.