تەندروستیی راپەڕین: رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچە بۆ کارگوزاری نەخۆشخانەکان درا
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین رایدەگەیێنێت، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رەزامەندی دراوە لەسەر خەرجکردنی ئەو مووچانەی کە بۆ کرێکار و کارگوزارەکان خەرج نەکرابوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-8-2025 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کورستان، بە زووترین کار مووچەکانی مانگی 4،5،6 و 7 بۆ ژینگەپارێز و کارگوزاری نەخۆشخانەکانی سنوورەکە خەرج دەکرێت.
ئەوەی لەو نووسراوەدا دیارە، گوژمەی پەسندکراو 216 ملیۆن و 679 هەزار و 900 دینارە و بۆ چوار مانگە.
هەفتەی رابردوو رووداو بابەتی پێنەدان و دواکەوتنی مووچەی کارگوزار و پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی سنووری راپەڕینی وروژاند و ئایش رەسووڵ، یەکێکە لە کارمەندانی پاککەرەوە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە. ئەو زیاتر لە چوار مانگە بەبێ مووچە و "بە قەرز" هاتووچۆ دەکات و دەڵێت: "ئێستا بە خۆبەخشی ئیش دەکەین و پارەمان قەرز کردووە بۆ شتکڕین. خەستەخانەکە بە بن زبڵ و پیسی کەوتووە و بۆنی گەنیوی لێدێت. دەستمان لەم خوێن و پیسی و گەنیوییە ناوە و ناچاریشین دەبێ ئیش بکەین." {لێرەوە راپۆرتەکە ببینە}.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، 116 نەخۆشخانە، بنکە، مەڵبەند و سەنتەری تەندروستی هەن، کە بەهۆی دانەمەزراندنی کارمەندی نوێوە، زۆربەی بەشەکانیان بە کارمەندی خۆبەخش و گرێبەست پڕکراونەتەوە، ئەمەش کێشەی لەم جۆرەی لێکەوتووەتەوە.