پسپۆڕێک رێگەیەکی کاریگەری چاندنەوەی ددان باس دەکات؛ چاندن بە ددانی خۆت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی بنیاتنانەوە و جوانکاریی ددان رایدەگەیێنێت، چاندنەوەی ددانە بە هەمان ددانی کەسەکە خۆی و بەبێ چاندنی ددانەی دەستکرد، کاریگەرترە و ددانەکە زیاتر دەمێنێتەوە و چارەسەرەکەش باشتر دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-8-2025 د. راستی عومەر، پسپۆڕی بنیاتنانەوە و جوانکاریی ددان بە رووداوی راگەیاند، چاندنەوەی ددان بە ددانی خۆت تەکنیکێکی کەمبەکارهاتوو و چارەسەرێکی نایابە بۆ نەخۆش.
د. راستی عومەر دەڵێت: یەکێک لەو چارەسەرییانەی کە دەکرێ پزیشکی ددان بۆت بکات، بۆ جێگرتنەوەی ددانی کێشراو (لەدەستچوو) بریتییە لە بەکارهێنانەوەی ددانی خودی کەسە (کێشانی ددانێکی زیادە یان شوێن ناسرووشتی لە پاشان چاندنەوەی هەمان ددان لەجێگەی ددانە لەدەستچووەکە، لەبری پردی ددان یان چاندنەوەی ددان).
هەروەها دەشڵیت: ئەمە رێگەیەکی کاریگەری چارەسەری ددانە و بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان رێژەی سەرکەوتنی سەروو 90٪ـە.