جەنگیز چاندار: چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان رۆژی 15ی شوبات راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەستپێشخەریی ئێستای تایبەت بە پرسی کورد لە باکووری کوردستان بە "پرۆسەی ئاشتی ناودەبات"، بەڵام پێیوایە هێشتا بە تەواوی روون نییە.
جەنگیز چاندار، رۆژی دووشەممە 3-2-2025 بەشداری لە گەشتێکی هەواڵیی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پرسی کورد دایەوە.
لەبارەی چاوەڕوانییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ بانگەوازی چەکدانانی پەکەکە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چاندار گوتی: "ئۆجەلان لە پەیامی نەورۆزی ساڵی 2013دا، واتە 12 ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا ئەو بانگەوازەی کرد".
ئەو سیاسەتڤانە تورکە هەروەها باسی لەوە کرد، دەنگۆی ناردنی نامە لە ئۆجەلانەوە بۆ مەزڵووم عەبدی هەیە. هاوکات رەتیکردەوە لە سووریا تەنیا هەسەدە، دیمەشق و تورکیا رۆڵیان هەبێت.
جەنگیز چاندار هەروەها باسی لەوە کرد کە چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان رۆژی 15ی شوبات راگەیێندراو بڵاوبکاتەوە.
چاندار هەروەها هەرێمی کوردستانی بە تاکە ناوەندی سیاسیی کورد وەسفکرد و جەختیکردەوە، هەولێر لە پرۆسەیەکی وەهادا رۆڵی گرنگی دەکەوێتە سەر شان.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی جەنگیز چاندار لەگەڵ رووداو:
رووداو: دەمەوێ ئەو پرسیارە بکەم؛ لەو پرۆسەیەی ئێستا هەیە، پرسی کورد لە چ دۆخێکدایە؟
جەنگیز چاندار: پڕۆسەکە لە قۆناخێکی ناڕووندایە، لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد ناونەبراوە. وەک پرۆژەیەکی ئاشتی ناوزەد کرا و گوترا ئەمە پرۆژەیەکە بۆ زیندووکردنەوەی برایەتیی کورد و تورک کە هەزار ساڵە بەردەوامە و بەهێزکردنی یەکێتی و یەکپارچەیی تورکیایە. سەرەتا ئەم پرۆژەی ئاشتییە دەکرێت، دواتر دەست بە باسکردنی بابەتەکانی کێشەی کورد دەکرێت.
مەبەست لە ئاشتیش ئەوەیە لە تورکیا خەباتی چەکداریی پەکەکە کۆتایی بێت و پێویستی بە خەباتی چەکداری نەمێنێت. ئەمەش لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بە بانگەوازێک رابگەیێندرێت. دوای روودانی ئەمە وا دادەنرێت ئاشتی بەدیهاتووە، دواتر نۆرەی هەنگاوەکانی چارەسەری پرسی کورد دێت و چی پێویستە هەنگاوی بۆ دەنرێت؛ چاوەڕوانی و تێگەیشتنێکی لەمجۆرە هەیە.
رووداو: باشە پێتانوایە پەیامێک بۆ چەکدانان بڵاوبکاتەوە؟
جەنگیز چاندار: دەیکات.. ئۆجەلان لە پەیامی نەورۆزی ساڵی 2013دا، واتە 12 ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا ئەو بانگەوازەی کرد. رای گشتیی تورکیا زۆر بە وردی چاودێریی ئۆجەلان ناکات، بەڵام ئەوانەی بە وردی چاودێری بیروبۆچوون و قسەکانی ئۆجەلان دەکەن، دەزانن کە ئەو دەڵێت چیتر پێویست ناکات کورد خەباتی چەکداری بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لە تورکیا. ئێستا لە ساڵی 2025داین. خەباتی چەکداری پەکەکە کە دەکرێت وەک راپەڕینی چەکداریی کورد لێی تێبگەین، لە ساڵی 1984ەوە دەستی پێکردووە و نزیکەی 40 ساڵ تێپەڕیوە. ئەمڕۆ پرسی کورد لەسەر هەموو ئاستەکانی تورکیا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت
رووداو: باشە پێتانوایە هەمان پەیام بۆ رۆژئاڤای کوردستانیش بڵاوبکاتەوە
جەنگیز چاندار: سەبارەت بە رۆژئاڤا چی دەکرێت، ئێمەش بە پەرۆشەوە چاوەڕێین. ئێستا لەو قۆناخەداین کە چاوەڕێی بانگەوازی ئۆجەلان دەکەین. چاوەڕێ دەکرێت ئەم بانگەوازە لە 15ی شوباتدا بکرێت کە دەکاتە 25 ساڵەی گەڕاندنەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ رۆژنامەڤاناندا رۆژەکەی راگەیاند. بۆیە چاوەڕێ دەکەین دوای نزیکەی 10 رۆژ یان دوو هەفتە، ئەم بانگەوازە لەلایەن ئۆجەلانەوە بکرێت. بەڵام روون نییە ئایا ئەم بانگەوازە چەکدانانی سووریاش دەگرێتەوە یان نا.
لەبەر ئەوەی لە سووریا هەموو شتێک نوێیە. هێشتا روون نییە سووریا بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات، حوکمڕانی چۆن و لەگەڵ کێ، بە چ شێوەیەک دەکرێت، بە چ یاسایەک، چ دەستوورێک و چ رێکخستنێک دەبینین. کاتێک هیچ شتێک روون نەبێت، چاوەڕوانیی ئەوەی کە کورد چەکەکانیان رادەستی دیمەشق بکەن و وەک تاکە سەرباز خۆیان تۆمار بکەن لە سوپای سووریادا، لۆژیکی نییە.
چاوەڕێکردنی ئەوەی ئۆجەلان بانگەوازێکی وا بکات لۆژیکی نییە. چ جۆرە بانگەوازێک دەکات، ئەمە ئێستا نیشانەی پرسیارە. بەڵام پێدەچێت بانگەوازێک بۆ سووریاش چاوەڕێ بکرێت و کاتێک ئەم بانگەوازە بۆ سووریا دەکرێت، ئەوکات بناخەی بانگەوازەکە دەبینرێت. ئێستا ناتوانین بە تەواوی پێشبینی بکەین چی دەبێت.
رووداو: باسی مەزڵووم عەبدیتان کرد، باس لە ناردنی نامە لە ئۆجەلانەوە بۆ مەزڵووم عەبدی و سەرۆک بارزانیش، لەمبارەیەوە هیچ زانیارییەکتان هەیە؟
جەنگیز چاندار: زانیاریی من لەمبارەیەوە دەنگۆی ناردنی نامەیەکە لەلایەن ئۆجەلانەوە بۆ مەزڵووم عەبدی، بەڵام بەڵگەی تەواو لەسەر ئەمە نییە. لەوانەیە وابێت. با ئەوەش لەبیر نەکەین کە لە گۆڕەپانی سووریادا تەنیا دەوڵەتی تورکیا، مەزڵووم عەبدی و دەستەی تەحریری شام و ئەحمەد شەرع نین. تەنیا سێ ئاکتۆر نین.
لە لایەکەوە تەیب ئەردۆغان یان هاکان فیدان لە ئەنقەرە، لە لایەکی دیکەوە مەزڵووم عەبدی و لە دیمەشقیش ئەحمەد شەرع. سێگۆشەیەکی وەها لە ئارادا نییە. لەوێ چەندین ئاکتۆری کاریگەر هەن و گرنگترینیان ئەمریکییەکانن. ئەمریکییەکان لەنێوان تورکیا و مەزڵووم عەبدی، هەروەها لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع پەیوەندی دروست دەکەن. لەبەر ئەوە تەنیا نامە و پەیامی ئۆجەلان بۆ مەزڵووم عەبدی نییە، بەڵکو پەیامی ئەمریکییەکان و لایەنەکانی دیکەش هەیە بۆ ئاکتۆرەکانی ئەوێ جێی باسە.
لەم نێوەندەدا دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت کە بەڕێز مەسعود بارزانیش لەم پرسانەدا رۆڵی هەبووە و دەکرێت رۆڵی هەبێت. بۆیە ئەگەر چەند رۆژێک یان هەفتەیەک چاوەڕێ بکەین، وەڵامی ئەم پرسیارانە روونتر دەبێتەوە.
رووداو: بەڕێز چاندار، ئاگادارم ئێوە زیاتر لە 30 ساڵە پەیوەندییەکی بەردەوامتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. پێتانوایە هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا چ رۆڵێکی هەبووە؟ یانیش دەتوانێت رۆڵی کاریگەری هەبێت؟
جەنگیز چاندار: هەرێمی کوردستان، لەم قۆناخەی ئێستا تێیداین، دوو رۆڵی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی بیانبینێت. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی عێراق تاکە ناوەندی سیاسیی کوردە کە وشەی کوردستانی تێدا بەکاردێت.
وەک پێکهاتەی بەڕێوەبردن و کارگێڕی و بەشێوەیەکی دەستووری لە دەستووری عێراقدا جێگیرکراوە. تەنیا کورسیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە. جگە لەوە هەموو ئەو شتانەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەیەتی، لە کۆنترۆڵی سنوورەوە هەتاوەکو ئاڵا، زانکۆ، شوناس و زمانی دایک وەک زمانی فەرمی، هەرێمی کوردستانی عێراق ئەمانەی هەیە.
بۆیە هەرێمی کوردستانی عێراق ناوەندێکی سیاسی و کارگێڕییە کە بەرپرسیارە لە هەموو پێشهاتێکی کورد لە جیهان و دەبێت بەشداری تێدا بکات. لە سووریا لەناکاو رژێمێک کە زیاتر لە 60 ساڵ بەردەوام بوو، رووخا و تابلۆیەکی نوێ دەرکەوت.
لەم هەلومەرجە نوێیەی کورد لە سووریادا، بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. کوردی ئەوێ چۆن بژین، لەژێر چ جۆرە حوکمڕانییەکدا بن، بۆ ئەمەش لە یەکێتی نەتەوەیی کورد لە زەمینەی سووریا، لە بابەتی یەکێتیی کورد، رۆڵ و بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمە رۆڵی یەکەمیەتی. رۆڵی دووەمی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر نزیک، دۆستانە و پتەوی لەگەڵ تورکیا و ئەنقەرە هەیە. هەر بۆیە دەتوانێت رۆڵێکی زۆر ئەرێنی و بەهادار ببینێت، ئەویش لە رێی ئەو پەیوەندییە نزیکەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی، بۆ دڵنیاکردنەوەی داهاتووی کورد لە سووریا.
بۆیە لە هەر روویێکەوە سەیری بکەیت، کاتێک باسی سووریا و کورد دەکەین، رۆڵێکی گەورەتر لە هەموو لایەک دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق
رووداو: باس لەوە دەکرێت، ئەو شاندەی دەم پارتی کە سەردانی ئیمراڵییان کردبوو و دواتریش سەردانی پارتەکانیان کرد، سەردانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش بکات. شتێکی وەها لەئارادا هەیە؟
جەنگیز چاندار: لەمبارەیەوە قسە هەیە. من زانیاری دڵنیاکەرەوەم لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەم دەنگۆیە گەیشتووەتە منیش. ئایا هەمان شاند دەبێت؟ یان شاندێک دەبێت کە کەسانی دیکەشی تێدا بەشدار دەبن؟ ئەوەش رێگەی تێدەچێت.
رووداو: دەنگۆیەکی دیکە هەیە، گوایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵڕۆژی دەستگیرکرانیدا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاودەکاتەوە. ئایا ئاگاداری شتێکی وەها هەن؟
جەنگیز چاندار: ماوەیەک پێش ئێستا هەمان زانیاری گەیشتە منیش. ئۆجەلان لەگەڵ سێ ئەندامی دیکەی پەکەکە کە لە دوورگەی ئیمراڵی بەندکراون، لەگەڵ ئەو شاندەی سەردانیان کردووە، بە کۆمەڵ راگەیاندنێکی ڤیدیۆیی سازدەکەن. منیش ئەو زانیاریەم هەیە. بەڵام ئایا ئەم زانیارییە راست دەردەچێت و بەدی دێت؟ ئەمە لە رۆژانی داهاتوودا دەبینین. ئێستا لەو راگەیاندنەی چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان بیکات، هەندێک خاڵ هەن سەبارەت بە سووریا کە هێشتا لەنێوان تورکیا و ئۆجەلاندا یەکلایی نەکراونەتەوە. کاتێک ئەو خاڵانە روون دەکرێنەوە، پێدەچێت ئۆجەلان راگەیاندنێکی ڤیدیۆیی بکات. واتە لەبری راگەیاندنێکی نووسراو کە بۆ میدیاکان بڵاو بکرێتەوە، راگەیاندنێکی ڤیدیۆیی دەکات. ئەم زانیارییە لای ئێمەش هەیە.
رووداو: ئایا سەردانەکانی ئیمراڵی کۆتاییان پێهاتووە یاخود بەردەوام دەبن؟
جەنگیز چاندار: چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەمە نۆرەی راگەیاندن بێت و هاوڕێ رۆژنامەڤانەکانمان کە بە شاندی ئیمراڵی ناودەبرێن، بۆ ئەو راگەیاندنەی باسمان کرد بچنە ئیمراڵی. بەڵام ئەمە پرۆسەیەکە کە هەر کاتێک دۆخێکی نوێ و چاوەڕواننەکراو دەتوانێت روو بدات. کاتێک چاوەڕوان نەکرێت شاندەکە بچێت، لەوانەیە دیسان بچێت، بەڵام تائێستا ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە ئەوەیە شاندەکە دەچێت، دوای گەڕانەوەی لەگەڵ پارتەکان کۆدەبێتەوە و زانیاری دەربارەی ئەو کۆبوونەوانە دەداتە ئۆجەلان، پاش ماوەیەکیش ئۆجەلان راگەیێندراوی دەبێت، بەمەش بەرەو قۆناخێکی نوێ هەنگاو دەنێین. ئێستا لەم قۆناخەی کارەکەداین.
رووداو: باسی قۆناخێکی نوێتان کرد، ئایا دەوڵەت تاوەکو ئێستا بە جددی دەیەوێت پرۆسەیەکی نوێ لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستپێبکات.
جەنگیز چاندار: وای دادەنێین، واتە ئەگەر ئۆجەلان بە شێوەیەکی جیاواز لە گۆڕەپانەکەدا دەربکەوێت، ئەمە مانای کرانەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی دەگەیەنێت، ئۆجەلان لە دۆخێکدا دەبێت کە چەندین کۆبوونەوە بکات. دڵنیاییەوە سەبارەت بە پرسی کورد دەبن. هەوڵدانی زیاتر بۆ چارەسەری دەبێت، هەرچی دەچێتە نێو پرسی کوردەوە، هەوڵ بۆ ئەوانە دەدرێت. بەڵام بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە روو بدەن، وەک دەوڵەت باخچەلی رۆژی 22ی تشرینی یەکەم راگەیاند، پێویستە ئۆجەلان هەندێک مافی یاسایی پێ بدرێت.
ئۆجەلان خۆیشی ئەمەی گوت، گوتی: "با هەلومەرجەکانم بۆ ئاسان بکرێت، من دەتوانم ئەم پرسە بخەمە سەر زەمینەی یاسایی و سیاسی". ئێستا لە قۆناخی سەرەتاین. واتە ئەگەر ئۆجەلان ئەو بانگەوازە بکات کە لێی چاوەڕێ دەکرێت، ئەو بانگەوازەی دەوڵەت چاوەڕێی دەکات، دواتر چی دەبێت؟
ناکرێت پێی بگوترێت: "باشە، ئیدی لەبیرمان کردی، لەمەودوا لە ئیمراڵی دەبیت و کەس هەواڵت ناپرسێت و گوێت لێ ناگرین ، وەک چۆن چوار ساڵ لەمەوبەر روویدا، وا دەبێتەوە". واتە بەڵێنێک بە ئۆجەلان دراوە: "ئەگەر تۆ بانگەوازێکی وا بکەیت، دۆخەکەت دەگۆڕێت، بارودۆخی یاساییت دەگۆڕێت". ئەگەر ئەمە جێبەجێ بکرێت، مانای ئەوەیە پرسەکە بەرەو قۆناخێکی نوێ دەڕوات. بە لۆژیک دەبێت وا بێت.
رووداو: بەڕێز چاندار کاتم کەم ماوە، بەڵام پرسیارێکم هەیە ئەگەر بەکورتی وەڵامم بدەیەوە، ئایا لەم قۆناخەی ئێستا هەیە، هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی وەکو لایەنی سێیەم لە پرۆسەکەدا هەیە؟
جەنگیز چاندار: ئێمە ئەمەمان نەبیستووە. واتە ناتوانم لەبارەی شتێکەوە کە نایزانم بڵێم نییە، بەڵام نەمانبیستووە. هەروەها بڕیاردەرانی تورکیا، هاوپەیمانییەکان، لە لایەکەوە سەرۆککۆمار و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی تەیب ئەردۆغان، لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، دەوڵەت باخچەلی کە رێگەی بۆ ئەم پرۆسەیە کردەوە، ئەوان کەسانێک نین حەز بە دەرەوە بکەن و دڵخۆش بن پێی. لەبەر ئەوە باوەڕناکەم لایەنی سێیەم هەبێت، بەڵام رۆژنامەکان دەنگی ئەوەیان لێوە دەبیسترێت کە گوایە لایەنی سێیەم هەیە و دەڵێن ئەمریکییەکان هەن، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەلای من نییە. لەبەر ئەوە ناتوانم شتێک بڵێم، نازانم
رووداو: بەڕێز جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی، زۆر سوپاس کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە ئیستەنبووڵيوە لەگەڵمان بوویت.
جەنگیز چاندار: من سوپاستان دەکەم، ماندوو نەبن
جەنگیز چاندار کێیە؟
نووسەر، رۆژنامەڤان و سیاسەتڤانێکی تورکە و ساڵی 1948 لە ئەنقەرە لەدایکبووە. بە هاوسۆزی پرسی کورد دەناسرێت. ساڵی 1970 بەشی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە. ساڵی 1991 هەتاوەکو 1993 راوێژکاری تایبەتیی تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆککۆماری ئەوکاتی تورکیا بووە.
کتێبەکانی چاندار
خەباتی فەڵەستین - 1976
ئێران، لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ - 1981
رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نێ دەرچە - 1983
مۆڵەتی دیدار لەگەڵ مێژوو - 1983
حەوت رەنگی خۆر - 1987
شارەکانی من - 1999
بە رووێکی سپییەوە دەرچووین - 2001
ئەکسپرێسی مێزۆپۆتامیا - 2012
ئەرکی مەحاڵی تورکیا - 2021