بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق: هەولێر، بەغدا و بەسرە بەرزترین رێژەی پیسبوونی هەوایان هەیە

03-05-2024
شیراز رەئوف
جاسم فەلاحی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا
جاسم فەلاحی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت، هەولێر، بەغدا و بەسرە بەرزترین رێژەی پیسبوونی هەوایان هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 40 هەزار خێزان لە ناوچەکانی باشووری عێراقەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.
 
جاسم فەلاحی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە گرفتەکانی ژینگە، مەترسیی پیسبوونی ئاو، هەوا و خاک دەکات بەهۆی کارتێکەرە ژینگەیی و کیمیاییەکان و تیشک و تەقەمەنییەکانەوە.
 
بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت، "ئێستا تەنیا 40%ی پشکی ئاوی خۆمان لە تورکیا و ئێرانەوە پێدەگات" و باس لەوەش دەکات، دەتوانرێت لە رێگەی دروستکردنی ژمارەیەک بەنداوەوە هەرێمی کوردستان بکرێتە کۆگای ئاوی هەموو عێراق و بەو جۆرەش ئاسایشی ئاو پارێزراو بێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جاسم فەلاحی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق:
 
رووداو: کۆنفرانسی ژینگە لە بەغدا بەڕێوەچوو. دۆخی ژینگە لە عێراق، بەتایبەت دۆخی ئاو چۆنە؟
 
جاسم فەلاحی: بە دڵنیاییەوە هەبوونی کۆنفرانس وێستگەیەکی گرنگە لە رێڕەوی کاری ژینگەیی. ئەمە کۆنگرەی چوارەمە لە ساڵی 2021ەوە دەبەسترێت. بیرۆکەکە هی وەزارەتی ژینگە و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بوو، کە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاو ببەسترێت. ئاسایشی ئاو بابەتێکی گەورەیە و تەنیا پەیوەندیی بە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانەوە نییە، بەڵکو تێڕوانینی دەوڵەتە. ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو کاری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانە، هەربۆیە هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ رێکخستنی ئەو تێگەیشتنە، چونکە ئاسایشی ئاو پەیوەندیی بە ژیان، تەندروستی و ئاییندەی نەوەکانی داهاتوومانەوە هەیە و بەدواداچوون بۆی کاری دەوڵەتە. کاری هەموو دامەزراوە، کەس و وەزارەتەکانە لەگەڵ کۆمەڵگە، رێکخراوە ناحکومییەکان، ناوەندە زانستییەکان، راگەیاندن، رۆشنبیری، ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و ئاینییە، لەکاتێکدا عێراق زیانمەندترین وڵاتی ناوچەکەیە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. پێویستە زۆر هۆشیار بین و زیرەکانە مامەڵە بکەین؛ نابێت دەرهاویشتەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەموویان لە کەمبوونەوەی ئاو کۆبکەینەوە کە ئێمە بەدەستیەوە دەناڵێنین، بەڵکو ئەوە سیاسەتی وڵاتانی خاوەن سەرچاوەکانی ئاوە. ئەوە هۆکاری سەرەکیی کەمکردنی داهاتە ئاوییەکانمانە. لەپاڵ ئەوەشدا گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و بەرزبوونەوەی بێوێنەی پلەی گەرما و کراوەیی رووبارەکانمان کە زیانەکەی چەندین ملیار مەتر سێجایە بەهۆی بەهەڵمبوون، لەگەڵ پیسبوونی سەرچاوەکان لە نێوخۆدا کارتێکەرن بۆ زیادبوونی کاریگەریی کەمئاوی، بەتایبەت لە پارێزگەکانی باشووری عێراق. ئەم تێگەیشتنانە دەبێت روون بن، چونکە دەڵێن ئێمە پشکی پێویستی ئاو دەدەین بە عێراق، بەڵام بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئیدارە نادرێت و کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە. بەڵێ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زاراوەیەکی جیهانییە، بەڵام بە رێژەی دیاریکراو. ئێمەش پۆلێنکراوین لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کە لەو 5 وڵاتەی جیهانین زۆرترین زیانمان بەرکەوتووە لە بابەتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
 
رووداو: سەرۆککۆماری تورکیا گوتی ئێمە پشکی ئاو دەدەین. گرفتی ئاو لە عێراق گرفتی ئیدارەدانیەتی لە نێوخۆدا نەوەک ئەو پشکەی بەردەدرێتەوە. ئێستا عێراق چەند مەتر سێجا ئاو لە تورکیا وەردەگرێت و پێشتر چەند بوو؟
 
جاسم فەلاحی: ئێمە پێویستمان بە نزیکەی 50 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ هەموو چالاکییە جیاوازەکان؛ ئاوی خواردنەوە 9% بۆ 10% دەبات لە کۆی داهاتی ئاویمان؛ لە راستیدا زیاتر 85% داهاتی ئاویمان دەڕوات بۆ کشتوکاڵ. کێشەی راستەقینە کە دەبێت سەرنجی بخەینەسەر ئەوەیە چۆن ئەم داهاتە ئاوییانە بە رێگەیەکی دروست دابەشبکەین. رێگەی دروست ئەوەیە ئێمە بەشێوەیەکی دروست کشتوکاڵ بکەین. ئایا بەهەدەردان لە ئاودێری هەیە کە هێشتا بە شێوازی باوباپیرانمان لە سۆمەرییەکان ئاودێری دەکەین؟ ئەو کشتوکاڵەی 90%ی داهاتی ئاوی تێدا بەکاردەهێنین، ئایا ئاسایشی خۆراکی دابینکردووە و عێراقی لە هاوردەکردن راگرتووە؟ ئێمە رۆژانە دەبیستین کە بەروبووم و سەوزە بە بەهای چەندین ملیار هاوردە دەکرێت. پێویستە ئامانجی سەرەکیمان وەکو ستراتیژ بۆ عێراق ئەوەبێت ئەو پشکە ئاوەی پێمان دەگات بەجۆرێک بەکاربهێنین لانیکەمی ئاسایشی خۆراکمان بۆ دابینبکات، لەگەڵ پێداویستییە مرۆییەکانی دیکە لە بەکارهێنانی ئاو، چونکە ئێستا لە عێراق هیچ کەسێک ئاوی بەلوعە بۆ خواردنەوە بەکارناهێنێت. بە دڵنیاییەوە پێویستمان بە ئاو دەبێت لە پڕۆژە پیشەسازییەکان، لە ساردکردنەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. پێویستمان بە ئاوە لە پرۆژە گەورەکانی پیشەسازی، ئابووری و گەشەپێدان؛ بۆیە دەبێت پلانی گەشەپێدان جێبەجێبکرێت و ئەنجامەکەی ببینین. پارێزگاکانی بەسرە، میسان، زیقار و موسەننا ئەو پارێزگایانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە بابەتی جۆر و بڕی ئاو. ئێمە باس لە جۆری ئاو دەکەین. ناکرێت و ناگونجێت هەر بوونی رووبار و رێڕەوە ئاوییەکان بە نیشانەی بوونی ئاو بزانین، پێویستە جۆری ئەو ئاوە لە جۆرێکی باش بێت، بەپێی پێوەرە جیهانییەکان. ئێمە 40%ی پێداویستییەکانمان لە ئاو دەستدەکەوێت لە پشکەکەمان، واتە ئەگەر پشکەکەمان 100 ملیار مەتر سێجا بێت، ئێمە 40 ملیار مەتر سێجا وەردەگرین، 90%ی داهاتە ئاوییەکانمان لەودیو سنوورەکانی خۆمانن، زیاتر 80%ی لە تورکیای دراوسێوە دێت، 8% بۆ 12%ی داهاتمان لە ئێرانی دراوسێوە دێت. دەزانن کە پارێزگای دیالە پارێزگەی پشتپێبەسراوی ئێمەیە بەشێوەیەکی سەرەکی لە داهاتە ئاوییەکانمان لە رووبارەکانی ئەڵوەند، دیالە و زێی بچووک لەلایەنی ئێران. شەتولعەرەبیش بەهەمانشێوە کە دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی رووباری کەرخە و رووبارەکانی دیکە؛ بۆیە  دۆخی ئاو لەرووی جیۆسیاسیی بابەتی ئاو و ئاسایشی ئاو پەیوەندیدارە بە جوگرافیای سیاسی. کێشەی راستەقینەمان ئەوەیە ئێمە لەرووی جیۆسیاسییەوە وابەستەین بە دراوسێکانمان. یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە وڵاتانی خاوەن رووبار پابەند بکات بۆ پاراستنی پشکی وڵاتانی دیکە لە ئاو. کێشەیەکی دیکەشمان ئەوەیە ئێمە هەڵکشانێکی بێ وێنەمان هەیە لە ژمارەی دانیشتووان، لەگەڵ پاشەکشێی کشتوکاڵ. تۆ ناتوانیت ئاسایشی خۆراک بپارێزیت ئەگەر داهاتی پێویستی ئاوت نەبێت و رووبەرێکی باشی کشتوکاڵیت نەبێت. ئێمە رووبەڕووی کەمبوونەوەی داهاتە ئاوییەکانمان بووینەتەوە لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و لەدەستچوونی نزیکەی 68%ی زەوی کشتوکاڵی، لەگەڵ زیادبوونی ملیۆنێک و 300 هەزار کەس ساڵانە لە ژمارەی دانیشتووان. بۆ زانیاریتان ئێمە لە بەرزترین ئاستداین و لە پلەی یەکەمداین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەم بابەتە لە راستیدا پێویستی بە لەسەر راوەستانە و پێویستە بەرێز سەرۆکوەزیران لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانەی کراون رەزامەندی نیشانبدات بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی باڵا بۆ دانانی سیاسەتی دانیشتووان. پێویستمان بە تێڕوانینێکی نوێیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زیادبوونەی دانیشتووان بەجۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی ئاسایشی خۆراک بگونجێت کە پشت دەبەستێت بە زەوییە گونجاوەکان بۆ کشتوکاڵ. بە دڵنیاییەوە هیچ وڵاتێک سەربەخۆ نابێت ئەگەر سەربەخۆیی ئابووری و سەربەخۆیی وزەی نەبێت و ئاسایشی خۆراکی پارێزراو نەبێت. هیچ وڵاتێک ناتوانێت سەربەخۆبێت ئەگەر لە دابینکردنی خۆراک سەربەخۆ نەبێت و لە کەرتی وزە و کەرتە ئابوورییەکانی دیکەدا سەربەخۆ نەبێت. لەبەرئەوە ئێمە مژدانەی خۆش دەبینین لە سەردانەکەی ئەم دواییەی جەنابی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و ئەو گفتوگۆ باشانەی ئەنجامی دان لەگەڵ بەرێز سەرۆکوەزیران و بەرێز سەرۆککۆمار و چاومان لەوەیە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکان کە پێویستە پەیوەندیی مێژوویی بن؛ پەیوەندی دراوسێیەتی، زمان، ئایین و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان. ئەگەر ئەم بابەتانە قورساییان نەبێت، ئەوە بەرژەوەندییەکانمان پارێزراو نابن. بە دڵنیاییەوە رێگەی گەشەپێدان لەگەڵ تورکیای دراوسێ و ئێرانیش دەبێت ببێتە هۆی پاراستنی پشکی ئاوی عێراق کە لەگەڵ پێداویستییەکانمان بۆ گەشەپێدان بگونجێت. ئێستا شۆڕشێکی گەشەپێدانمان دەستپێکردووە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە وەکو بەرێزتان دەزانن سیاسەتی حکومەتی فیدراڵی ئێستا پەرەپێدانی ستراتیژی ئاوە لەگەڵ سەرنج خستنە سەر کوردستان. من هەمیشە دەڵێم کاتێک پێویستت بە دانانی تانکی ئاو دەبێت، پێویستە لە بەرزترین خاڵی ماڵەکەتدا دایبنێیت لە نهۆمی سەرەوە. کۆگای ئاوی عێراقیش دەبێت لە هەرێمی کوردستان بێت، چونکە لەرووی دیمۆگرافییەوە ئەو ناوچەیە گونجاوە بۆ کۆکردنەوە و کۆگاکردنی ئاو تێیدا. بە دڵنیاییەوە روانینێکی ئایندەیی زۆر گرنگمان هەیە بۆ پەرەپێدان، هەروەها رەنگە ببێتە هۆی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی ئاو لە وڵاتەکەمان.
 
رووداو: باست لە بەکارهێنانی ئاو بۆ کشتوکاڵ کرد. پێتانوایە لە ناوچەکانی باشوور باشترە برنج نەچێندرێت؟ هاوردەکردنی برنج بۆ عێراق باشترە لەوەی بچێندرێت و بڕێکی زۆر ئاوی تێدا خەرج بکرێت؟
 
جاسم فەلاحی: با راشکاو بم. ئێمە ئێستا سەرنجمان لەسەر شتێکە پێی دەڵێن کشتوکاڵی زیرەک. کشتوکاڵی زیرەک ئەو بەروبوومانەیە کە دەگونجێن لەگەڵ ژینگەی عێراق، بەرگەی دۆخی کەشوهەوا دەگرن و ئاوێکی زۆریان بۆمان پێویست نییە. تۆ باسی برنجی عەنبەری عێراقی دەکەیت. عەنبەر  گوزارشتە لە بەشێکی کوولتووری ئێمە و پارێزگاکانی فوراتی نێوەڕست شانازیی پێوەدەکەن، بەڵام ئێمە ناتوانین پشت بە عەنبەر ببەستین تاوەکو خۆبژێوییمان لە برنج بۆ دابینبکات. دەبینن کە سەدان هەزار تۆن برنج لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکەین. بە دڵنیاییەوە من لەگەڵ رێگری لێکردنی نیم. ئەو جووتیارەی ئابوورییەکەی پشت دەبەستێت بە کشتوکاڵ، کشتوکاڵەکەشی لە باپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە، من دەڵێم کەمبکرێتەوە لەبەر رۆشنایی توانا ئاوییەکانمان. ئەگەر ئاوی زیادەمان هەبێت با سێ ملیار دۆنم بچێنن، چونکە ئەگەر ئاوی زیادەمان هەبێت، دەتوانین گۆلاوی زیاتر دروستبکەین و برنج پێویستی بە گۆلاوە. بۆیە بە دڵنیاییەوە ئێمە سەرنجمان لەسەر گەنمە؛ سەرنجمان لەسەر جۆیە؛ سەرنجمان لەسەر گەنمەشامییە کە زۆر گرنگن بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، ئەوەش لەبەرچاو دەگرین ئەگەر ئاوی زیادەمان هەبێت دەتوانین بەرەو بەرهەمی زیاتر بڕۆین، دەتوانین راهێنان بە جووتیاران بکەین کە ئێستا لەسەر چاندنی یەک جۆر بەرهەم راهاتوون، بۆ نموونە چاندنی عەنبەر و دەتوانین بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕۆن کە بەشێک لە زەوییەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی برنجی عەنبەر بەکاربێنن و لە بەشەکەی دیکەشدا هاوکاریان دەبین لە دابینکردنی سیستمی ئاوپرژێنی سەردەمیانە تاوەکو بەروبوومی دیکەی لێ بەرهەمبێنن کە رەنگە سوودی لە بەرهەمی برنجی عەنبەر زیاتر بێت بۆیان.
 
رووداو: لەم ساڵانەی دواییدا چەمکێکی نوێ دەبیستین ئەویش کۆچکردن بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، خۆشت ئاماژەت بە بە بیابانبوون لە عێراق کرد، کام ناوچانەی عێراق زیاتر مەترسیی ئاوارەبوونی ناوخۆییان لەسەرە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا؟
 
جاسم فەلاحی: رەنگە من یەکەم کەس بووبم کە چەمکی "ئاوارەبوون بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا"م بەکارهێنابێت. زۆنگاوەکانی عێراق کە هەوڵێکی زۆرماندا لەو دۆخەی تێیاندا بوو دەربچن، سامانی نیشتمانیین و شانازییان پێوەدەکەین، چونکە لە شتە دەگمەنەکانی جیهانن و هەندێک تایبەتمەندییان هەیە لە هیچ شوێنێکی جیهان نین. رووبەڕووی بەبیابانبوون و کەمبوونەوەی شێ بووەتە هۆی کەمی ئاو. لەم ساڵانەی دواییدا دەیان هەزار خێزان ئاوارەبوون. ئێمە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران داتاکانمان کۆکردووەتەوە و لە ساڵی 2021 زیاتر لە 40 هەزار خێزان کۆچیان کرد لە پارێزگاکانی زیقار و میسان بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو. لەرووی ئابوورییەوە خەڵکی نیشتەجێی زۆنگاوەکان پشتدەبەستن بە راوەماسی، لەگەڵ بەخێوکردنی گامێش و کشتوکاڵ، هەموو ئەوانەش پەیوەستن بە بوونی ئاوەوە، کەواتە نەبوونی ئاو ژیانی ئەوان تێکدەدات و ناچارن ئاوارەبن و بڕۆن بۆ شارەکان. ژمارەی دانیشتووانیش لە شارەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی زیاد دەکات و بەهۆیەوە رێژەی هەژاریی بەرزدەبێتەوە، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و رێژەی جیابوونەوە زیاد دەبێت، ژمارەی تاوانەکان زیاد دەبێت، بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان تەشەنە دەکات، تەنانەت بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانیش رەنگە ئەو دۆخە گونجاو بێت. نەوەک تەنیا ئاوارەبوونی ناوخۆیی، بەڵکو بەپێی ئەو زانیارییانەی لامانە ئەو بابەتە یەکێکە لە هۆکارەکانی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، بوونە قوربانی باندەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤ و خنکان لە دەریا و زەریاکان، نیشانەی نەمانی هیوا و ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراکن.
 
رووداو: ئاوارەبوون یان هێڵی ئاوارەبوون ئێستا لە عێراق لە گوندەکانەوەیە بەتایبەت لە پارێزگاکانی باشووری عێراق بۆ شارەکان و بەرەو باکوور؟
 
جاسم فەلاحی: تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش کەمبوونەوەی ئاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەریی زۆریان لەسەر خەڵک دروستکردووە. ئێمە ناتوانین بڵێین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەرووی ئاوەوە تەواو ئاسوودەن یان لەرووی کشتوکاڵ و ئابوورییەوە بێ کێشەن، ئەوانیش دەناڵێنن بەدەست ئەم گرفتانەوە بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر، بەڵام پارێزگاکانی خوارووی عێراق گرفتیان زۆر زیاترە بەتایبەت ناوچەکانی دەوروبەری زۆنگاوەکانی عێراق.
 
رووداو: عێراق لە ریزبەندی ئەو 5 وڵاتەیە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. ئایا عێراق هاوکاری نێودەوڵەتی پێویستی پێدەگات بۆ رووبەڕووبوونەوە یان خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا؟
 
جاسم فەلاحی: بە دڵنیاییەوە عێراق کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکی گەورەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. ئەو کاریگەرییانەش رۆژانە هەستی پێدەکرێت. من هەمیشە دەڵێم ئێمە قوربانین، چونکە زیاتر لە 300 ساڵە چالاکی پیشەسازیی هەیە و ئەو وڵاتانەی کەمتر گەشەیان کردووە زیانمەندبوون لە دیاردەی قەتیسبوونی پلەی گەرما لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەو ئامێر و ئامرازانەی لە وڵاتانی پیشەسازی رێژەیەکی زۆر کاربۆن دەردەدەن. رێککەوتنێک هەیە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە پێی دەگوترێت مادەی 6؛ هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی مێژوویی لەبارەی دیاردەی قەتیسبوونی پلەی گەرما. لەو مادەیەدا هاتووە ژە بەرپرسیارێتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، بەڵام بە رێژەی جیاواز. پێویستە هەموومان رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببینەوە، چونکە هەموومان لەسەر هەمان هەسارە دەژین، بەڵام بە دۆخی جیاواز. ناکرێت ئەو کەسەی هۆکارە لەگەڵ قوربانییەکە هاوتا بن؛ ناکرێت قوربانی و تاوانبار هاوتابن؛ بۆیە رێکاری قەرەبووکردنەوە دەستنیشانکراوە لە رێککەوتننامەی پاریس بەناوی سندووقی ژینگەی سەوز کە 100 ملیار دۆلاری تێدایە و پێویستە وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی گەورە دابینی بکەن بۆ بونیادنانی ئەو پرۆژانەی هاوکار دەبن لە کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەهێزکردنی ژێرخانی وڵاتانی کەم گەشەسەندوو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەریان، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە دەستپێشخەرییەکان شەرمنانەن. ئەوەی ئێستا هەیە لە ئاستی خواستدا نییە و رەنگە ئەگەر پێشکەوتنی گەورە روویدابێت دوای رێککەوتننامەی پاریس، ئەو پێشکەوتنە بێت کە لە دوبەی هەیە لە کۆپ 21 لە دوبەی کە بڕیاری پێکهێنانی سندووقی زیانەکان درا، ئەوەش زۆر گرنگە بۆ وڵاتانی کەم گەشەسەندوو و رەنگە بتوانین ناوچەکانی زۆنگاوەکانی عێراق بە نموونە وەربگرین و بڕی ئەو زیانانە دەستنیشانبکەین کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە پێیانگەیشتووە وەک کەمبوونەوەی ئاو و بەبیابانبوون و خۆڵبارین و نەبوونی ئاسایشی خۆراک. دەکرێت ئەو زیانانە بکرێنە زمانی ژمارە و هەموو ئەو زانیارییانە بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی پێشکێشبکرێن لەرێگەی کەناڵی فەرمی پەیوەندیکردنەوە بەرزبکرێنەوە بۆ سکرتارییەتی جیهانیی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە من پەیوەندییەکە رێکدەخەم و لەوێوە بگەینە سندووقی زیانەکان کە 30 ملیار دۆلاری تێدایە، کەواتە ئەم ئامرازانە بە دڵنیایی ئامرازگەلێکن کە رەنگە بتوانین سوودیان لێوەربگرین، بەڵام تاوەکو ئێستا هەست بە سیاستێکی دوو پێوانەیی دەکەین لە دەستنیشانکردنی بنەماکان وەکو هەمیشە بۆ بوونی هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی پیشەسازیی گەورە و نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی کەم گەشەسەندوو. ئێمە لە هەموو ئەو کۆنفرانسانەی کە بەستراون داوامان کردووە لە کۆپ پاریسەوە لە ساڵی 2015 تاوەکو ئێستا داوای دادپەروەریی ژینگەیی دەکەین کە ئەوە زۆر گرنگە بۆ ژیانی خەڵک، چونکە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەریی هەیە لەسەر ژیان و تەندروستیمان. ئێمەش لەسەر ئەم هەسارەیە دەژین، کەواتە قەرەبوومان بکەنەوە. ئەوان دەیانەوێت خۆشگوزەرانییان بەردەوام بێت لەسەر حیسابی ژیانی ئێمە و تەندروستی هاوڵاتییانمان. ئەوان نایانەوێت چالاکییە پیشەسازییەکانیان کەمبکەنەوە کە رێژەیەکی زۆر کاربۆن دەردەدەن، بەڵام داوا لە وڵاتانی کەم گەشەسەندوو دەکەن بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە، لەکاتێکدا ئێمە نەوت بەرهەمدەهێنین، بەڵام نایسوتێنین. ئەوان بەکاری دەهێنن لە پیشەسازییدا. من بە راشکاویی دەڵێم ئێمە و عەرەبستانی سعودیە رابەرایەتی تیمێکی زۆر بەهێزمان کرد، بەڵام شکستمان هێنا چونکە ئەوەی کۆنگرەکە دەیویست خۆلادان بوو لە لێدانی بیرەنەوتییەکان. ئێمە پێداویستیمان هەیە. عێراق بە 5 دەیە لە جەنگ و ناسەقامگیریی ئاسایش و ناسەقامگیری سیاسیدا تێپەڕیوە و بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان رووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە و هەربۆیە پێویستمان بە پارەی زۆرە تاوەکو ژێرخانی داڕماومان بونیادبنێینەوە، تاوەکو بتوانین هانی کەرتە جیاوازەکانی بەهێزکردنی ئابووری بدەین. ناکرێت ئابورییەکەمان تەنیا پشت بە نەوتی خاو ببەستێت؛ پێویستمان بە کشتوکاڵی زیرەکە، پێویستمان بە پیشەسازیی دۆستی ژینگەیە، پێویستمان بە هاندانی گەشتوگوزاری ئایینی و گەشتیاری ژینگەیی و رۆشنبیرییە. عێراق هەمووی وەکو مۆزەخانە وایە لە دهۆکەوە تاوەکو بەسرە. ئەمانە پێویستیان بە پارەیە تاوەکو ژێرخانەکەیان بونیادبنرێن، ئیدی چۆن بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەینەوە کە تاکەسەرچاوەی ئابووریمانە. بە راشکاویش بڵێم حکومەتی عێراق زۆر پشتیوانی تیمی دانوستاندنکار بوو و سەرۆکوەزیران سوپاسنامەی پێشکێشکردین بۆ سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە و وەزیری ژینگە بەدڵنیایی لەگەڵمان بوو. شاندەکە ئێستا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ کۆنفرانسی داهاتوو لە باکۆ. ئێمە وڵاتێکی زیانمەندین، روانینێکی روونمان هەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ئەوانیش هاوبەشمانن لە هەموو پلانە ستراتیژییەکان، چونکە بابەتی ژینگە لە عێراق کێشەی هەموو عێراقە.
 
رووداو: کاتێک باسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یان ژینگە دەکەین سەرنج لەسەر بەبیابانبوونە، بەڵام دەمەوێ پرسیارت لێبکەم لەبارەی هەوا، دۆخمان چۆنە لەرووی پیسبوونی هەوا لە عێراق، رێژەکەی چەندە؟
 
جاسم فەلاحی: پیسبوون یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانمان، ئاڵنگاریی زۆرمان لەپێشە بەڵام پێویستە کارە لەپێشینەکان دەستنیشان بکەین، کاری لەپێشینە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە، وشکهەڵاتنی زەوی، خۆڵبارین، کەمبوونەوەی ئاو و پیسبوون، پیسبوونیش بریتییە لە پیسبوونی هەوا، پیسبوونی ئاو، پیسبوونی خاک، بە پیسبوونی کیمیایی، پیسبوونی تیشک، پیسبوون بە مین و تەقەمەنییەکان ئەمانە پیسبوونن،  ئێمە یەکێکین لە پیسترین وڵاتەکانی جیهان لەهەموو ئەم بابەتانەدا، لەبارەی پیسبوونی هەوا پێوانەیەک هەیە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی رێژەی تەنە نەبینراوەکانی ناو هەوا، بە دڵنیایی چەند رێژەیەکی هەن کە نابێت تێبپەڕن، چونکە ئەگەر لە رێژەی خۆی تێپەڕی دەرهاویشتەی خراپی دبێت بەتایبەت لەسەر نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لەسەر کەسانی بەتەمەن و منداڵان، بە پێی ئەو پشکنینانەی هەمانن  بەغدا و بەسرە و هەولێر لەو شارانەن کە رێژەی پیسبوون بەرزە تێیاندا، کاتێک دەڵێم رێژەی پیسبوونیان بەرزە بە دڵنیایی وێستگەمان هەیە بۆ پێوانی پیسبوونی هەوا چونکە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لەو ناوچانە زۆر بەرزە بەغدا بۆ نموونە دروستکراوە بۆ لەخۆگرتنی 3 ملیۆن کەس، بەغدا ئێستا 9 ملیۆن کەسی تێدایە، لەگەڵ 2 ملیۆن کەس کە بە رۆژ دێنە ناوی و ئێواران دەردەچن، لەگەڵ زیدبوونی بێ شووماری ئۆتومبێل، رەنگە ئێستا بزانن پرۆژەکانی رێگریی لە خنکانی هاتوچۆ کە بەرێز محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتی دەکات کە ژمارەیەکی زۆر شەقام و پرد ئەندەرپاس دروستکراون کە زۆر رۆڵیان هەیە لە کەمبوونەوەی خنکانی هاتوچۆ بەڵام ئێمە لەساڵی 2003 سنووری 400 هەزار ئۆتومبیلمان هەبوو، ئێستا سنووری 7 ملیۆن ئۆتومبیلمان هەیە ئەمە بە دڵنیایی لەگەڵ پاشەکشێی ژێرخان لە شەقام و بەرزەپرد و ئەندەرپاس بووەتە هۆکاری قەرەباڵخی زۆر، هەمیشە گازە کاربۆنییە ژەهراوییەکان پێچەوانی جوڵەی ئۆتومبیلن، چەند رێگەکە کراوەتر بێت و ئۆتومبیلەکە خێراتر بڕوات گازە دەردراوەکانی کەمتر دەبنەوە چەند قەرەباڵخی هاتوچۆ زیاتر بێت رێژەی پیسبوون زیاتر دەبێت، ئەگەر لێم بپرسی رێژەی پیسبوونەکە چەندە، پیسبوون بە یەک رێژە ناپێورێت، پیسبوون بەپێی ناوچەکان دەپێورێت، بۆ نموونە، ئەو ناوچانەی کە پیشەسازیی نەوتیان تێدایە لە بەسرە ناوچەکانی پیشەسازیی نەوتی وەکو نەهران عومەر و گورنە و ئەو ناوچانەی دیکە کە بەرهەمی نەوتیان تێدایە زۆر پیسترن لەرووی پیسبوون بە تەنە نەبینراوەکان لەکاتێکدا ناوچەکانی دیکە رێژەی پیسبوونیان لەو ناوچە نەوتییانە کەمترە بەڵام مانای وا نییە کە پیس نین، کەواتە ژێرخان و سەلامەتی ژێرخان و دووبارە بونیادنانەوەی فاکتەری یەکەمن بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا چونکە وادەکەن ئەو پیسبوونە قەتیس نەبێت لە ناوچەیەکی دیاریکراو، ئەگەر لە پارێزگای نەینەوا پیسبوون رووبدات بە دڵنیاییەوە هەولێر و سەلاحەدین دەکەوەنە ژێر کاریگەرییەکەی، هەستمان بەوەکرد کاتێک تیرۆریستانی داعش کەتێک کارگەی کبریتی میشراقیان تەقاندەوە و کێڵگە نەوتییەکانی گەیارەیان سووتاند، پیسبوونی هەوا گەیشتە 200 کیلۆمەتری گرتەوە و گەیشتە سنووری ئێران، گەیشتە پارێزگای سلێمانی کەواتە کاتێک باس لە پیسبوونی هەوا دەکەین پێویستە ئیدارەدانێکی تەواو هەبێت لە ژێرخانەوە دەستپێبکات کە زۆر کۆنن و تەکنەلۆژیای بەکارهێنراو تێیاندا زۆر کۆنن تاوەکو دەکاتە بەکارهێنانی ئامرازی نوێ، ئێستا پرۆگرامێکی پەرەپێدانی ژێرخانی تاقیگەییمان هەیە کە پرۆژەیەکی زۆر گەورەیە و پشتیوان بە خودا دەستمان پێکردووە، هاوکات ناوەندی نیشتمانیمان هەیە بۆ کەشناسی و هەستکردن بە مەترسییە ژینگەییەکان کە ئێستا دەستمانکردووە بە بونیادنانی کە بابەتێکی گرنگە و زانیاری 100%مان دەداتێ کەبارەی بوونی ئاماژەکانی پیسبوونی مەترسیدار کە رەنگە کاریگەریی دروستبکات لەسەر تەندروستی گشتی و کە شیکاریان دەکات و دەیاننێرێت بۆ لەیەنە پەیوەندیدارەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر

گرەیەم بارکەر بۆ رووداو: لە شانەدەردا دۆزیمانەوە نیاندەرتاڵەکان بە ئاگر چێشتیان لێناوە و پێکەوە نانیان خواردووە

پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە دۆزینەوەی کەلەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ لە ساڵی 2018دا (شانەدەر زێد) زۆر گرنگە بۆ کوردستان، ئەو بەڵگەفیلمەی لەلایەن بی بی سیی بەریتانی بەرهەمهێنراو لە نێتفلێکس دا بڵاوکرایەوە "وای لە کورد کرد گرنگی کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بۆ دەربکەوێت. کورد ئەویان وەک دایکی خۆیان داناوە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە کە ببینی چۆن (شانەدەر زێد) و نیاندەرتاڵ بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کورد. پێموایە ئەوە بەشی یەکەمە، چونکە مانای وایە کورد بۆی دەردەکەوێت کە نەک تەنیا (شانەدەر زێد)، بەڵکو ئەشکەوتی شانەدەریش چەندە گرنگە". پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر دەڵێ پێویستە کەیسێک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ئامادەبکرێت " بۆ یونسکۆ تاوەکو ئەشکەوتەکە ببێتە شوێنێکی کەلەپووریی جیهانی".