رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی سلۆڤاکیا، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی لە 'رۆژی نزای نیشتمانی بۆ پێکەوەژیان،' رایگەیاند، کوردستان دڵ و سنووری خۆی بۆ لێقەوماوان کردووەتەوە و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکان تێیدا "نموونەیەکی جوانە."
لە هەڤپەیڤینەکەدا، کە پێشکێشکار نوێنەر فاتیح لەگەڵی کردووە، ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا، ئەندامی پەرلەمانی سلۆڤاکیا ئاماژەی بەوەش کرد، کە بینیویەتی نوێنەرانی ئایینە جیاوازەکان پێکەوە پەیامی یەکڕیزی، ئاشتی و رێز دەدەن، ئەزموونێکی رۆحیی گرنگ بووە. سەبارەت بە دۆخی جیهانیش، باسی لە ناسەقامگیرییەکان و پێویستیی ئاشتییەکی دادپەروەرانە بۆ ئۆکراینا و زاڵبوونی ئەورووپا بەسەر دابەشبوونەکاندا لە رێگەی یەکێتییەوە کرد.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا، بەخێربێیت بۆ رووداو و بەخێربێیت بۆ کوردستانیش.
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: زۆر سوپاس بۆ میوانداریتان و ئەم پێشوازییە گەرمەتان کە زۆر ناوازەیە.
رووداو: سوپاس. سلۆڤاکیا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکات، کە نزیکەی سێ ساڵە لە ئۆکراینای دراوسێی روودەدات؟
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: بەڵێ، ئێمە لە سەردەمێکی ناسەقامگیریدا دەژین. لە کاتی حکومەتەکەماندا، کاتێک من لە حکومەت بووم، تووشی چەندین قەیران بووین. قەیرانی کۆڤید و پەتاکە هەبوو، قەیرانی وزە هەبوو، شەڕی ئۆکراینا و دەستدرێژیی رووسیا هەبوو. کاتێکی زۆر دژوارە، بەڵام پێموایە ئەمە بۆ هەموو جیهانە، نەک تەنیا بۆ سلۆڤاکیا. پێموایە ئەم کاتانە فێرمان دەکەن، کە ئاشتی شتێکە دەبێت بە بەنرخی بزانین.
رووداو: وەک سیاسەتمەدارێک، دوای هاتنە سەر کاری ترامپ گۆڕانکاری لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئۆکراینا چۆن دەبینیت؟
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: تێدەگەم کە سەرۆک ترامپ رایدەگەیەنێت کە ئاشتیی دەوێت. هەموو کەس ئاشتیی دەوێت، چونکە دەمانەوێت ئاشتی لە ئۆکراینا هەبێت. بۆ هەموو کەس باشە، بەتایبەتی بۆ سلۆڤاکیا، کە دراوسێیەکی دیموکرات و گەشەسەندووی هەبێت، نەک دەوڵەتێک لە شەڕدا بێت. بەڵام لەلایەکی دیکەوە، پێم وایە ئۆکراینا مافی سەروەریی خاکی خۆی هەیە. ئەمە ئاشتییەکی دادپەروەرانە نابێت ئەگەر بڵێین خاکەکان بۆ رووسیا بەجێدەهێڵین، رووسیایەک کە لەم ململانێیەدا دەستدرێژیکارە. پێموایە پێویستمان بە ئاشتییە، بەڵام پێویستمان بە ئاشتییەکی دادپەروەرانەیە کە بۆ ئۆکراینا و هەموو ناوچەکە دادپەروەرانە بێت. تەنیا ئاشتیی دادپەروەرانە دەتوانێت سەقامگیری بهێنێت.
رووداو: کاتێک باسی ئاشتی دەکەین، تۆ ئێستا لێرەیت و بەشداری لە نزایەکی نیشتیمانیدا بۆ پێکەوەژیان، ئاشتی و یەکڕیزی لە باوەڕدا دەکەیت. پێموایە یەکەم جارتە لێرە بیت.
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: یەکەم جارمە.
رووداو: چۆن دەیبینیت؟ چاوەڕوانیت چی بوو و ئەمڕۆ و دوێنێ چۆن بینیت؟
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: بۆ من ئەزموونێکی رۆحیی گەورەیە، چونکە کوردستان شوێنێکە دڵ و سنوورەکانی خۆی بۆ ئەوانە کردووەتەوە کە لە تەنگانەدان. لە کاتی شەڕدا ئاوارە بوون و پێموایە نموونەیەکی جوانە لەوەی چۆن کۆمەڵگە جیاوازەکان پێکەوە دەژین. ئەمە شتێکە لێرەوە دەیبەمەوە بۆ وڵاتەکەم، بۆ سلۆڤاکیا.
رووداو: ئەمڕۆ هەستت چۆن بوو؟ چونکە تەنیا یەک ئایین نەبوو، موسوڵمان، کریستیان و ئایینەکانی دیکەش پێکەوە بەشدارییان کرد. هەستت چۆن بوو؟ هەستت بە چی کرد؟
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: بیرم دەکردەوە کە ئەمە نموونەیەکی باشی گفتوگۆی نێوان ئایینەکانە، کە کریستیانەکانمان هەیە، خولەکێک بێدەنگیمان هەبوو بۆ رێزگرتن لە پاپا. پاشان موسوڵمان، جوو، کەنیسەی سریانی، واتە زۆر نوێنەری ئایینە جیاوازەکان قسەیان کرد بە یەکگرتوویی و پەیامێکی هاوبەش هەبوو – پێویستمان بە یەکێتییە، پێویستمان بە ئاشتییە، پێویستمان بە تێگەیشتنە و پێویستمان بە رێزی دووقۆڵییە. پێموایە کاتێک باسی ئایین دەکەین وشەی "رێز" زۆر گرنگە.
رووداو: ڤیرۆنیکا، ئەگەر سەیری هاوکێشەی سیاسی لە ئەوروپا بکەین، بەداخەوە دابەشبوونی زیاتر لەنێوان وڵاتەکان و لەناو وڵاتەکانیشدا روودەدات. بە بۆچوونی تۆ بۆچی ئەمە بەسەر ئەوروپادا دێت؟
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: کۆمەڵێک رووداوی دابەشکەر هەن، نەک تەنیا بابەت، بەڵکو رووداو. بۆ نموونە، پەتای کۆڤید رووداوێکی دابەشکەر بوو، کۆمەڵگەت هەیە کە لەناکاو دابەش بووە بۆ لایەنگر و دژی کوتان. پاشان شەڕی ئۆکراینات هەیە، دابەشبوون لەناو هاوپەیمانەکان هەیە بۆ لایەنگری رووسیا یان ئۆکراینا. ئەمە کاتی گۆڕانکاریی زۆرە. هەڵاوسانێکی زۆر بەرز هەبوو، بارودۆخی ئابووری زۆر باش نەبوو، دەستدرێژییەکەی رووسیا گوشاری خستە سەر خەرجیی بەرگری، بۆیە پێویستە پارەی زیاتر لە یەکێتیی ئەوروپادا بۆ بەرگریمان تەرخان بکەین. هەموو ئەم دۆخە ناسەقامگیرییە هەرێمییە و ناسەقامگیری لە چوارچێوەیەکی فراوانتری جیۆپۆلەتیکیدا هەیە. دەتوانیت لە ئەمریکا ببینیت، کە بە ئاشکرا باسی جێهێشتنی ناتۆ دەکەن، کە شتێکی بێپێشینەیە، شتێکە بە خەیاڵدا نەهاتووە. پێموایە ئەم ناسەقامگیرییە دابەشبوونی زۆریش لەناو یەکێتیی ئەوروپا و هەروەها لەناو دەوڵەتە نەتەوەییە تاکەکانیشدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
رووداو: بەڵام پێتوایە ئەوروپا دەتوانێت لەم دۆخە دەرباز ببێت؟ چونکە دابەشبوونەکان هێشتا بەردەوامن و کاریگەریی دۆمینەییان هەیە.
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: بەڵێ، دەتوانێت بەهێزترمان بکات. هەر قەیرانێک دەکرێت وەک خاڵێکی دەستپێک ببینرێت بۆ گۆڕینی شتێک، بۆ یەکگرتووتربوون و بەهێزتربوون. پێم وایە ئەوروپا تەنیا ئەگەر پێکەوە کاربکەین و پێکەوە بین دەتوانێت بەردەوام بێت. زۆر گرنگە یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەم یەکێتییە بونیات بنرێت. ئەوەی تاوەکو ئێستا بەدەستمان هێناوە زۆر جوانە. وێنای ئەوە بکە، کە شەڕ هەبوو لەنێوان ئەڵمانەکان و تەواوی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام ئێستا پێکەوە هاوکاری دەکەین، پێکەوە بازرگانی دەکەین، لە هەمان کۆمەڵگەداین، کە ئەوە دۆخێکی زۆر جوانە. وەک سیاسەتمەدارێک، باوەڕێکی قووڵم هەیە کە تەنیا یەکێتی دەتوانێت ئەوروپا وەک کیشوەرێک بەهێزتر بکات.
رووداو: ژنێک لە سیاسەتدا، ئەوە بۆ تۆ چۆن چووەتە سەر؟
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: قورسە، بەڵام پێموایە...
رووداو: بۆچی قورسە؟ لەوانەیە هەندێک ژنی سیاسەتمەداری ئێرە، بینەرەکانم، چاوەڕێی ئەوە بکەن کە ژنێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵێت بوون بە ژنی سیاسی قورسە، بەڵام لە ئەوروپا بۆچی؟
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: هێشتا قورسە، چونکە سیاسەت کاری پیاوانە. پیاوی زۆر لە سیاسەتدا هەن، شەڕی زۆر هەیە، رقی زۆر هەیە. بۆ ژنان ئاسان نییە لە شوێنێکی وا کێبڕکێکارانەدا بەردەوام بن، چونکە ئێمە بەدوای بەزەییدا دەگەڕێین. دەمانەوێت بە جۆرێک یەکبگرین، نەک دابەش بین. پێم وایە هێشتا لە ئەوروپاش سیاسەت بۆ ژنان قورسە، هەروەها لەوانەیە سۆشیال میدیاش کە هەموو کەس دەتوانێت هەرچی دەیەوێت بینووسێت هەر قورس بێت، بۆیە لە سۆشیال میدیادا گوتاری رق زۆر هەیە. ئاسان نییە، بەتایبەتی کاتێک خێزان و منداڵت هەبێت.
رووداو: بەڵام پێم وایە لە کۆتاییدا هەموو ئەوانە بەهێزترت دەکەن. جا هیوادارم وا بێت.
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: سوپاس.
رووداو: زۆر سوپاس ڤیرۆنیکا، خۆشحاڵ بووم بەم گفتوگۆیە.
ڤێڕۆنیکا ریمیشۆڤا: زۆر سوپاس. سوپاس بۆ میوانداریتان و دڵە کراوەکانتان لێرە لە کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ