رووداو دیجیتاڵ
کێ هەیە لەگەڵ دەنگی گۆرانییەکانی هەڵنەپەڕبێت؟ کەم کەس هەیە گوێی لە گۆرانیی "هەرمێ و هەڵوژە و قەیسی، ئەمنم عەزیزی وەیسی" نەبووبێت. هونەرمەند عەزیز وەیسی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا کە لە شەوی سەری ساڵدا بڵاوکرایەوە، باس لە پرۆژە و بەرنامەی ساڵی نوێ دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: وابزانم کۆرۆناش نەیتوانی عەزیز وەیسی بووەستێنێت. لە سەردەمی کۆرۆناشدا ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی نوێت بڵاوکردنەوە. حەز دەکەم بزانم ساڵی 2020 بۆ عەزیز وەیسی چۆن بووە؟
عەزیز وەیسی: بەر لە هەموو شتێک، سڵاو و رێزم بۆ ستاف و کارمەندانی تۆڕی میدیایی رووداو هەیە. هیوادارم ساڵی 2020 دوایین نەهامەتیی هەموو جیهان و گەلی کوردستان بێت و ژیانێکی ئاسایی دووبارە رووبکاتەوە خەڵک. ساڵی 2020 نەک بۆ من، بەڵکو بۆ هەموو دونیا ناخۆش بوو. منیش بەشێکم لەم خەڵکە.
هەڵبەتە ئاشكرایە کە ئێمەش هەموو داهاتێکمان لەسەر دەنگ و هونەری خۆمان بووە. ئەم باردۆخەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هونەرمەندان هەبووە. تەنیا من 9 ئاهەنگی مەزنم لە ئەوروپا هەبوو، بەڵام لەبەر کۆرۆنا هەمووی وەستا، بەڵام لە کلیپ و گۆرانیتۆمارکردن هەرگیز نەوەستاوم، بۆ نموونە ئێستا دوو کلیپی نوێم هەیە، سیانیشم لەژێر مۆنتاژدایە.
رووداو: ئەی لەگەڵ کۆرۆنا چۆن بووی؟ تووشی کۆرۆنا بوو؟
عەزیز وەیسی: بەڵێ، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووم. تەنانەت نەمتوانی بۆ ماوەی 9 رۆژ نان بخۆم؛ 11 کیلۆ کێشم دابەزی. دوای ئەوەی چاکبوومەوە دەستم کرد بە خواردن، ئیدی 8 کیلۆ کێشم زیادی کرد.
رووداو: لەم ساڵەدا چ بەرهێکی جیاوازی عەزیز وەیسی لە بواری گۆرانیگوتن و کلیپکردندا بەرهەمهاتووە؟
عەزیز وەیسی: کلیپێکم بە ریتمی خاو بڵاوکردەوە کە لە کارەکانی پێشووم جیاواز بوو. جێگای خۆی لەنێو خەڵکدا کردەوە. گوتم با ئەم گۆرانییە ئارامە بۆ تێست بێت، بزانم تا چەندە خەڵک پێشوازیی لێ دەکات. خۆشبەختانە بە دڵی خەڵک بوو. زۆر سپۆنسەریشی بۆ هات. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارم دا لە بواری گۆرانیی خاودا بەردەوام کار بکەم.
رووداو: لەگەڵ بەندگوتندا نێوانت چۆنە؟ حەز لە گوتنی بەند دەکەیت؟
عەزیز وەیسی: بەینم لەگەڵ بەند خۆش نییە. دەزانیت چۆنە؟ من سەلیقەی ئەوەم نییە کە بەند بەسەر ئۆتۆمبێل و خانوو و پیاودا بڵێم. رێزم بۆ بەندبێژەکان هەیە، بەڵام من ئەم کارە ناکەم. گۆرانی بۆ خۆشەویستی و بەژن و باڵای ژن و خانمان هاتووە، نەک بەسەر مەعرەز و بیکەسی و قەناسەکەی جوانە و شێری مەیدانە بڵێیت. من حەز دەکەم تەنیا بەسەر بەژن و باڵای ئافرەتاندا گۆرانی بڵێم.
رووداو: لە ڤیدیۆکلیپی باران وەکو پێشکەشکاری کەشوهەوا دەردەکەویت. حەزت لە پێشکەشکارییە؟
عەزیز وەیسی: یەکەم جار کە کەناڵی نەورۆز کرایەوە من لە تەلەفزیۆنی نەورۆزدا پێشکەشکار بووم.
رووداو: حەز دەکەی دەست پێ بکەیتەوە؟
عەزیز وەیسی: نەخێر، ئێستا زۆر سەختە، چونکە پێشکەشكار کەسێکی پێویستە کە خۆڕاگر بێت و هەمیشە بیر و هۆشی لەسەر ئیشەکەی بێت. من بەردەوام بیرم مەشغووڵە. ئەگەر پێشکەشکاری بکەم، هونەرەکەم و گۆرانییەکانم لاواز دەبێت. دەمەوێت تەنیا لە بواری گۆرانییگوتندا کاربکەم و خۆم بۆ ئەم کارە تەرخان بکەم.
رووداو: لە لاساییکردنەوەدا زۆر زیرەکیت. حەز دەکەیت لاسایی کێ بکەیتەوە؟
عەزیز وەیسی: دەزانم لاسایی زۆر کەس بکەمەوە، بەڵام هی شاهۆ ئەمین نازانم وەکو خۆی بڵێمەوە. یەکەم جار کە شاهۆ ئەمین لە کوردستان تیڤی دەرکەوت لە لەندەن بوو، منیش لە ساڵانی 2002 تاوەکو 2006 لە لەندەن بووم و کۆنسێرتی زۆرم هەبوو. ئەو کاتە شاهۆ ئەمین دەردەکەوت من دەمگوت ئەو پیاوە دەبێتە پێشکەشکارێکی بەناوبانگ. ئێستا بینەری زۆر باشی هەیە، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکانێکی زۆر خۆشیان دەوێت. شاهۆ ئەمین ئەگەر جنێویش بدات خەڵک هەر خۆشیان دەوێت و چەپڵەی بۆ لێدەدەن، ئەمە بەهرەیەکە هەموو کەس ناتوانێت بەدەستی بهێنێت.
رووداو: کە دەڵێن عەزیز وەیسی، بە سمێڵەکەیدا دەیناسنەوە. بە نیاز نییت لە ساڵی نوێدا سمێڵەکەت لاببەیت؟
عەزیز وەیسی: سمێڵم هەرگیز کێشەم بۆ دروست ناکات. ئێستا بۆ نموونە رووداو زۆر هەوڵی دا و ماندوو بوو تاوەکو لۆگۆیەکی بۆ خۆی دروستکرد، جێگەی خۆی کردەوە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە سمێڵ لۆگۆی من بووە، سمێڵەکەم لاببەم دەکەوم بە پشتا.
رووداو: لەنێو کلیپەکانتدا جووڵەی زۆر جوان دەکەیت، هەر ساڵێک جووڵەیەکی نوێ دەکەیت. جووڵەی ساڵی 2021 چییە؟
عەزیز وەیسی: ... (لێرەدا عەزیز وەیسی هەڵدەستێتەوە چەند جووڵەیەکی نوێ دەکات.)
رووداو: نێوانت لەگەڵ سۆشیال میدیا چۆنە؟
عەزیز وەیسی: ئەگەر سۆشیال میدیا نەبێت ئێمە نەخۆش دەکەوین. من یەکێکم لەو کەسانەی ئەگەر رۆژێک قسەیەکی ناخۆش و جنێوم پێ نەدەن نەخۆش دەکەوم، چونکە ئەگەر تۆ هیچت نەبێت خەڵک باست ناکات. ئەگەر تۆ بەهرەیەک و توانایەکت هەبێت، چاوەڕێی ئەوە بکە خەڵک قسەت لەسەر بکەن.
رووداو: کۆمێنتی خەڵکی دەخوێنیتەوە؟ چ شتێک زۆر دڵخۆشی کردوویت و چ کۆمێنتێکیش بێزاری کردوویت؟
عەزیز وەیسی: بەڵێ، دەیانخوێنمەوە. ئەگەر شاعیرێک یان کەسێکی شارەزا لە بواری میوزیکدا یاخود پێشکەشكارێک کۆمێنتێکم بۆ بنووسێت بە خراپی، پێی نەخۆش دەکەوم، چونکە ئەوانە کەسی زانان و لە بوارەکە دەزانن، بەڵام کەسی نەزان و نەخوێندەوار هەرچی بنووسن گوێی پێ نادەم.
رووداو: خەڵکی چاوەڕێی بەرهەمی نوێی عەزیز وەیسی دەکات، بە نیاز نییت لەگەڵ راپەرێک دوێتێک بکەن؟ لە ساڵی 2021ـدا چ پرۆژە و پلانێکت هەیە؟
عەزیز وەیسی: من نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ راپەرێک دوێتم کردووە. گۆرانیی کرماشان راپێکی تێدایە، خەڵک بە گۆرانییەکانی من هەڵدەپەڕێت، بەڵام کاتێک دەگاتە راپ ناتوانێت هەڵپەڕێت بۆیە زۆر لەو بوارەدا ئیشم نەکردووە. هەست دەکەم خەڵک زیاتر حەزیان لەو شێوازە فۆلکلۆرییەیە کە من گۆرانیی پێ دەڵێم.
رووداو: لەگەڵ ئەو هەموو ناخۆشییەی ساڵی 2020دا، عەزیز وەیسی چ یادگارییەکی خۆشی لەو ساڵەدا تۆمارکردووە؟
عەزیز وەیسی: ئەوەی لە ساڵی 2020دا لای من ناخۆش بوو، رێگرتن بوو لە من و دزینی ئۆتۆمبێلەکەم بوو. ئەوەی زۆریش لام خۆشە و بیرم ناچێتەوە دوای مانگێک ئۆتۆمبێلەکەم و هەموو کەلوپەلاکانم گەڕایەوە. ئەمە قەت لە بیر ناکەم، چونکە ئەو ئۆتۆمبێلەی من لە ئێران نرخەکەی 15 تاوەکو 20 دەفتەر دۆلارە، زۆر خەمباری بووم. هەموو ماڵەکەت بڕوات لە بەیانییەکە بۆت بگەڕێتەوە چ لەوە خۆشترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ