ئاوات شێخ جەناب: وەزارەتی ناوخۆ بەتەنیا ناكەین بە مەرجی بەشداربوون

05-03-2014
نەوزاد مەحموود
نیشانەکردن ئاوات شێخ جەناب گۆڕان کابینەی 8
A+ A-

لە كاتێكدا زۆربەی بەرپرسانی پارتە سیاسییەكان باسی نزیكبوونەوەی راگەیاندنی حكومەت دەكەن، ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ "هێشتا ئەلف و بێی رێككەوتن دیار نییە". ئاوات شێخ جەناب دەڵێت بزووتنەوەی گۆڕان تا ماوەیەكی دیكەش چاوەڕوانی ئەو دۆخە دەكات "بەڵام ئارامگرتنێكی زۆریشی نابێ"، لەو هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) ناوبراو وەڵامی هەندێك لەو پرسیارانەش دەداتەوە كە پەیوەندییان بە كێشەكانی نێوان كورد و بەغداوە هەیە. 

رووداو: پێكهێنانی حكومەت گەیشتووەتە كوێ، كێشەكە لە یەكلاییكردنەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ تێنەپەڕیوە هێشتا؟

ئاوات شێخ جەناب: پێموانییە هێشتا ئەو پۆستە یەكلایی بووبێتەوە بۆ گۆڕان. نەك هەر وەزارەتی ناوخۆ، بەڵكو پۆستەكانی دیكەش بە جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و وەزارەتەكانی دیكەشەوە یەكلایی نەبوونەتەوە، چونكە تاوەكو ئێستا رێككەوتنی سیاسی لەسەر هیچ پۆستێك نەكراوە و تەنیا گفتوگۆی راستەوخۆیە و هەنگاوێكی جددی نەچووەتە پێشەوە، هەر هەواڵێكی خۆش دەبیستی، دژە هەواڵێكی بەدوادا دێ. 

مەسەلەی بەشداریكردن لە حكومەت تەنیا سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت نییە، هەمووی یەك پاكێجەو بەیەكەوەیە. ئەگەر تۆ لەسەر هەموو ئەو پاكێجە رێكنەكەوی و ئەو رێككەوتنە رانەگەیەنی، مانای وایە هیچ نەكراوە.

رووداو: دوو هەفتە لەمەوبەر گوترا هەموو شتێك لە كۆتایی مانگی شوبات دەبڕێتەوە و ئێوەش وەك گۆڕان واتاندەگوت، مانگی شوبات كۆتایی هات و هیچیش یەكلایی نەبووەوە؟ 

گۆڕان شایستەترە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجوومەنی ئاسایش

ئاوات شێخ جەناب: جارێ ئەوە سەرەتای مانگی سێیە، مرۆڤ بە حەزەرەوە سەیری شتەكان بكات باشترە، گفتوگۆی جددی دەبینی لە شاندەكان، بەڵام ئەنجام دەرناكەوێ. 

رووداو: ئێستا چی بەدەستهاتووە؟ 

ئاوات شێخ جەناب: هیچ. چونكە هیچ نەچووەتە سەر كاغەز و ئەم پرسە زیاتر لە 160 رۆژە لە بازنەیەكی بۆشدا دەسووڕێتەوە، یان لە تونێلێكدایە و ئەوسەری تونێلەكە دیار نییە.

رووداو: تەنانەت جێگری سەرۆكی حكومەت و پەرلەمانیش كە یەكلایی بوونەتەوە، نەچوونەتە سەر كاغەز؟

ئاوات شێخ جەناب: نەخێر. ئەگەر بخرایە سەر كاغەز، لایەنەكانی دیكە سەرۆكی پەرلەمانیان وەردەگرت و دەبووە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی و رادەگەیێنرا كە فڵان حیزب وەریگرتووە. 

رووداو: بزووتنەوەی گۆڕان هەمان هیوای 2 مانگ لەمەوبەری ماوە بە پێكهێنانی حكومەت؟

ئاوات شێخ جەناب: بزووتنەوەی گۆڕان سیاسەتی خۆی لەدەمی رێكخەری گشتییەوە راگەیاندووە كە دەڵێ 4 ساڵی ئارام بۆ ئەو دۆخە سەختەی حكومەت بەپێویست دەزانین، گۆڕان فرسەتی خۆی دەدات بەو دۆزەی هەیەتی، بەڵام ئارامگرتنی گۆڕانیش كۆتایی دێ، چونكە دەكرێ ئەو حكومەتەش بچێتە نێو كتێبی (گینس) لەڕووی درێژبوونەوەی ماوەی گفتوگۆی پێكهێنانی. هەلی پێویست دەدرێ بەو پێشنیازانەی گۆڕان خۆی پێشكەشی كردوون. هەموو ئەوانەی لەبەردەمدان كاتیان بۆ دیاریكراوە و هەموو شتێك لەبەرچاو گیراوە، بەڵام ماوەی ئەو دەرفەتانە بۆ راگەیاندن ئاشكرا ناكرێن و ئەوە تایبەتە بە گۆڕان خۆی.
ئارامگرتنی گۆڕانیش كۆتایی دێت

رووداو: پارتیتان ئاگادار كردووە لەو دەرفەتەی دیاریتان كردووە؟

ئاوات شێخ جەناب: پێشنیازەكانی خۆمان لەو بارەیەوە پێشكەشی پارتی كردووە. 

رووداو: واتە پارتی دەزانێ ئێوە تاوەكو چەند ئارام دەگرن؟

ئاوات شێخ جەناب: زانستی سیاسی بەشێوەیەكە و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەش بەشێوەیەكی سەیر دەگۆڕێن، بۆیە سەقفێكی زەمەنیمان دانەناوە، بەڵام ئارامگرتنیشمان بێ سنوور نییە. 

رووداو: ئێستا گرێكوێرەكە چییە و كام پۆستەیە؟

ئاوات شێخ جەناب: باشە ئەگەر ئێمە باسی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزارەتی دارایی نەكەین، ئەی باسی چی بكەین. ئەی بەشداریی راستەقینە چۆنە؟ وەزارەتی دارایی بڤەیە و وەزارەتی پێشمەرگە نابێ باس بكرێ؟

دەتوانی ئەو پرسیارە لە پارتی و یەكێتی بكەی چی بووە بە گرێكوێرە، بەڵام ئێمە پێشتر 4 پێشنیازی خۆمان داوەتە پارتی كە بۆچوونی ئێمە چییە. مەرج نییە ئێمە وەزارەتی ناوخۆمان وەرگرت دەستبەرداری ئیستحقاقی خۆمان ببین، وەزارەتی ناوخۆ بەتەنیا ناكەین بە مەرجی بەشداربوون. 

رووداو: پاكێجە پێشكەشكراوەكانی گۆڕان چین و چۆنن؟
سەقفێكی زەمەنیمان دانەناوە بۆ پێكهێنانی حكومەت

ئاوات شێخ جەناب: ئێمە بۆ گفتوگۆ داومانە بە پارتی و بۆ راگەیاندن پێمان نەداوە. هەموو ئەو شتانەی باسكراون قسەی نافەرمین و قابیلی ئەوەیە لەسەر هەڵوێستێكی رەسمی یەكێك لەو لایەنە براوانەی هەڵبژاردن، هەڵوەشێتەوە و سفر ببێتەوە. 

رووداو: هەر پۆستێك گۆڕان داوای كردبێ یەكێتی بۆی هاتووەتە سەر هێڵ، ئەوە لەبەر چییە؟

ئاوات شێخ جەناب: ئەوە كێشەی ئێمە نییە و بەشداریی راستەقینە بەو شێوەیە دەبینین كە بۆم باسكردی. بە تەنیا وەزارەتی ناوخۆمان دیاری نەكردووە و وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ شتەكانی دیكە وەردەگرین. گۆڕان شایستەترە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجوومەنی ئاسایش، چونكە ئێمە وەك پارتی و یەكێتی عوقدەمان لەگەڵ یەكدی نییە. 

رووداو: بەپێی قسەكانی تۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمیش هاتووەتە ناو گفتوگۆكان؟ 

ئاوات شێخ جەناب: ئەگەر لەناو حكومەتدایە پێویستە هەبێ، ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش لە دەرەوەی حكومەتیش بێ ئەوە جیاوازە. 

رووداو: باس لەوەش دەكرێ كە رەنگە پێكهێنانی حكومەت بۆ دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی مانگی نیسان دوابكەوێ؟ 

ئاوات شێخ جەناب: یارییەكی سیاسی مەترسیدارە. ئەوكات وەك ئەوە وایە دەنگدەر لە دۆڵێك بێت و دەسەڵاتداری سیاسی دەستڕۆیشتوو لە دۆڵێكی دیكە بن.
مالیكی دەتوانێ بڵێ لە هەرێمی كوردستان بۆشایی ئیداری هەیە

رووداو: ئەگەر پێكهێنانی حكومەت دوابكەوێ بۆ كۆتایی مانگی ئادار، كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێ؟

ئاوات شێخ جەناب: ئەی چۆن كاریگەری نابێ، ئەوكات خەڵك بۆ نموونە متمانەی بە دەنگدان نامێنێ. ئەوان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژووییدان.

رووداو: ئێوە هەندێك لەو سەركردانەی بەشدارییان لە دروستكردنی بزووتنەوەی گۆڕان كرد لە ماڵەوەن، بەشداریی كۆنگرەیان كرد و نەشگەڕانەوە سەر كارەكانیان، بۆ هەوڵیان لەگەڵ نەدراوە بگەڕێنەوە؟

ئاوات شێخ جەناب: كێ دەڵێ لە دەرەوەن و نەگەڕاونەتەوە؟

رووداو: من دەڵێم.

ئاوات شێخ جەناب: بزووتنەوەی گۆڕان سروشتێكی جیاوازی هەیە لە كاری حیزبایەتی، ئەزموونێكی نوێیە و كاتێكی دەوێ تاوەكو خەڵك لێی تێدەگەن. ئێمە حیزبی دەنگدەرین. ئەوەی دەبێتە پەرلەمانتار و وەزیر، لەناو گۆڕاندا بەرپرسیارێتی نامێنێ. لای ئێمە ئەو تەقلیدانە نییە و ئەو دەستوور و پەیكەربەندییەی بڕیاری لەسەر دراوە هێواش هێواش جێبەجێ دەبێ و ئەوكات زوویر بوون نامێنێ. لێرە هەموو كەس ئازادە دەنگ بەكێ دەدات و حیزبی دەنگدەرە. لێرە چانس دراوە بە نەوەیەكی گەنج بۆ ئەوەی خۆی تاقیبكاتەوە. لای ئێمە دەسەڵات و بەرژەوەندی نییە و فكر و مەبدەئمان خستووەتە پێشەوە. ئەوانیش كە تۆ باسیان دەكەی كە قسە دێتە سەر فكر كار بۆ گۆڕان دەكەن و تەنانەت پیتاك و هاوكاریشی بۆ كۆدەكەنەوە، بەڵام رەخنەشی لێدەگرن. 

رووداو: بەڵام ئەوان لەماڵەوەن و روون و ئاشكرایە كە زویرن و كارناكەن؟

ئاوات شێخ جەناب: باشە ئەوان وازیان لە گۆڕان هێناوە؟ 

رووداو: ئەی لە دەوامن؟
تا ئێستا ئەلف و بێی رێككەوتن لەسەر حكومەت دیار نییە

ئاوات شێخ جەناب: كاك قادر لەو ماوەیە هاتووە بۆ لای كاك نەوشیروان. خۆ ئەوان كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هاتنە ئێرە و لەگەڵ گۆڕان خەریكی بانگەشە بوون. یەكێك لەو شتانەی شانازی پێوە دەكەین بە پێچەوانەی حیزبەكانی دیكە، ئەوەمان نییە كە لەسەرەوە گوتیان رەش، هەموو بڵێین رەش. 

رووداو: بەڵام ئەوان رەخنەیان لە شێوازی دروستكردنی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان هەبوو؟

ئاوات شێخ جەناب: ئەوە تێپەڕی، ئەو برادەرانە كە رەخنەیان هەبوو هاتنە كۆنگرە و لەسەر داوای ئەوان جارێكی دیكە هەڵبژاردنی جڤاتی نیشتمانی كرایەوە و هەموو شتێك كۆتایی هات. 

رووداو: بەڵام بۆ نەگەڕانەوە سەر كارەكانیان؟

ئاوات شێخ جەناب: وەك گوتم هەڵسوڕاوەكانی ئێمە پێویستیان بە نازناوێك یان شتێكی لەو جۆرە نییە بۆ ئیشكردن. ئەو قەزیەی فكری هەیە و هاتووە بۆ ئیشكردن. بەشێك لەوانەی لەناو یەكێتییەوە هاتوون، لە داخی تەكەتولات هاتوون و قبوڵی تەكەتولاتیان نەكردووە و نیسبەتێك دیموكراسییەت و شەفافیەت و گۆڕانكاری بەرەوپێش بردووە و نایەت دەست لەوە هەڵگرێ. 

رووداو: چۆن لە كێشەكانی ئێستای هەولێر و بەغدا دەڕوانن؟

ئاوات شێخ جەناب: ئەوە شكستی دەسەڵاتی سیاسی كورد دەردەخات و هەندێك لە لایەنە كوردییەكانی نێو ئیئتیلافە كوردستانییەكانیش پشكی بەرپرسیارێتییان بەردەكەوێ.
ئێمە لە بەغدابووین، بەڵام لەناو حكومەتدا نەبووین

رووداو: بەڵام خۆ ئێوەش ماوەی 4 ساڵە لە بەغدان؟

ئاوات شێخ جەناب: ئێمە لە بەغدابووین، بەڵام لەناو حكومەتدا نەبووین. 

رووداو: بۆچی ئێوە بەردەوام رەخنە لە یەكێتی و پارتی دەگرن بەرامبەر بەغدا و لەنێوخۆی كوردستانەوە بەدەگمەن رەخنە لە مالیكی دەگرن؟

ئاوات شێخ جەناب: رەخنەمان لە مالیكی گرتووە، لەكاتی خۆیدا قسەی خۆمان كردووە. بەڵام كێ نوێنەرایەتی كورد دەكات لە بەغدا؟ كە مالیكی دێتە هەرێمی كوردستان دەچێتە لای پارتی و یەكێتی یان كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو؟ 

رووداو: ئەی كە ئێوە دەزانن هەموو شتێك لە بەرپرسیارێتی پارتی و یەكێتییە بۆ ئێستا بوونەتە هاودەنگی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق؟

ئاوات شێخ جەناب: پرسیارەكەت دەقیق نییە، مالیكی قووتی خەڵك دەبڕێ چۆن رەخنەی لێناگرم. لە پرسەكانی دیكەش، كە پێوەندی بە یەكڕیزی كورد هەبێ لەگەڵیان بووین.

رووداو: كەواتە بەپێی لێكدانەوەی خۆتان ئێوەش خزمەتتان بە پارتی و یەكێتی كردووە لە بەغدا؟

ئاوات شێخ جەناب: رەنگە، ئەوان ئیستیفادەیان لە هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی ئێمە كردووە. 
مالیكی قووتی خەڵك دەبڕێ چۆن رەخنەی لێناگرم


رووداو: تۆ دەڵێی مالیكی قووتی خەڵكی بڕیوە، كەچی رەخنە لە پارتی و یەكێتی دەگری لە بەغدا؟

ئاوات شێخ جەناب: ئاخر ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئەوانە. 

رووداو: وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كورستان راپۆرتێكی لەبارەی دەرهێنان و گرێبەستەكانی نەوت بڵاوكردەوە، هیچی لا روونكردنەوە، ئایا پەسەندی دەكەن؟ 

ئاوات شێخ جەناب: نەخێر ئەو راپۆرتە پەسەند ناكەین، چونكە نەهاتووەتە پەرلەمانەوە، كۆی چالاكی وەزارەتەكە لەو راپۆرتە تەواو نابێ، لەم تەنگانەیەدا بۆ ئەو پارەیە دیارنییە كە وەزارەتەكە باسیدەكات؟ هێشتا گرێبەستەكان بە ناڕوونی ماونەتەوە. دوای ئەو راپۆرتەش هێشتا هیچ روون نییە، دیسان كوا ئەو پارەیەی وەزیری سامانە سروشتییەكان دەڵێ لە بانكدا هەڵگیراوە. 

رووداو: بەبڕوای تۆ حكومەتی بەغدا تاوەكو چەند سوودی لەو دۆخە سیاسییەی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە؟

ئاوات شێخ جەناب: لەوانەیە حكومەتی بەغدا بتوانێ بڵێ لە هەرێمی كوردستان بۆشایی دەستووری یان حكومەت هەیە و نازانم گفتوگۆ لەگەڵ كێ بكەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. دەتوانێ بڵێ بۆشایی ئیداریی هەیە لە هەرێمی كوردستان. ماوەی زیاتر لە 160 رۆژ تێپەڕیوە و تاوەكو ئێستا ئەلف و بێی رێككەوتن دیار نییە. ماوەیەك پارتی بە یەكێتی دەگوت نازانم لەگەڵ كێ گفتوگۆ بكەم، ئەی بۆ مالیكی ناتوانێ هەمان شت بە حكومەتی كوردی بڵێ؟

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە