رووداو-هەولێر
هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد
لەم هەڤپەیڤینەدا تاڵەبانی باسی سەردانەکەی تیمی حکومەتەکەی بۆ تورکیا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و زۆر مژاری دیکە دەکات. بۆ یەکەمینجاریش باسی باوکی (واتە جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق) دەکات و دەڵێت: "ئەمساڵ دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان". ئەمەش جاری یەکەمە کە ئەندامێکی بنەماڵەکەی، وادەی گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی ئاشکرادەکات.
رووداو: سەردانێکی تورکیاتانکرد و لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوە. لەوێ باسی چیتانکرد؟
قوباد تاڵەبانی: ئەو سەردانە لەگەڵ جەنابی سەرۆکی حکومەت، بەشێکە لەو پەیوەندییە بەردەوامانەی کە هەمانە لەگەڵ تورکیا و پێشتریش چووبووین بۆ ئێران. لەنێوخۆشماندا گفتوگۆیەکی زۆر کراوەمان هەبوو دەربارەی ئەو دۆخەی ئەمڕۆ عێراق تووشی بووە. ئامانجە سەرەکییەکەی ئەو سەردانە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەو گرژییەی کە ئێستا لە عێراق هەیە.
رووداو: ئەوە تەواوکەری سەردانەکەی ئێران بوو؟
مام جەلال ئەمساڵ دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان
قوباد تاڵەبانی: ئەمە هەر بەردەوام بوونی ئەو پەیوەندییە دووقوڵییانەیە کە هەرێمی کوردستان هەیەتی، چ لەگەڵ تورکیا و چ لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکە. دواتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش سەردانی هەولێری کرد. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە، چ وڵاتانی دراوسێی خۆمان و چ وڵاتە گەورەکانی جیهان، نیگەرانن لەو دۆخەی ئێستا عێراق تێیکەوتووە. تاڕادەیەکیش خەمخۆری هەرێمی کوردستانن.
رووداو: بەڵام لە سەردانەکەی ئێراندا نەجمەدین کەریمتان لەگەڵ نەبوو، کەچی لە تورکیا هاوسەفەری ئێوە بوو؟
قوباد تاڵەبانی: ئەوە دوو سەردانی جیاواز بوون. زرووفەکە گۆڕانکاری بەسەرداهاتبوو. پەیامێکمان هەبوو لەگەڵ برایانی ئێرانی باسمانکرد، پەیوەندیی بە کێشەکانی ئەوکاتەوە هەبوو. بەڵام لەگەڵ برایانمان لە تورکیا دۆخێکی دیکە هەبوو. پەیامی ئێمە بۆ هەردوو دەوڵەت هەمان پەیام بوو. لەگەڵ ئێران باسی ئەوەمانکرد کە ئەم وڵاتە کە ناوی عێراقە سەرکەوتوو نەبووە، بەپێچەوانەوە بەرەو شکست دەڕوات و بەشێکی زۆری شکستی عێراقیش، وەکو وڵاتێک، پەیوەندیی هەیە بە سیاسەتی ناڕەوای حکومەتی ناوەندییەوە.
رووداو: ئێرانییەکانیش هاوڕابوون لەگەڵتان دەربارەی شکستی عێراق؟
قوباد تاڵەبانی: ئێران وەڵامی بوچوونەکەی ئێمەیان نەدایەوە، بەڵام گەنگەشەشیان لەسەر نەکرد. هەرکەسێک ئەمڕۆ یان دوێنێ خەمخوری عێراق بووبێ، کە هەڵسەنگاندن بۆ عێراق دەکات، دەڵێت ئەم وڵاتە سەرکەوتوو نەبووە.
رووداو: کاتێک وەڵامیان نەبوو، کەواتە رازی بوون؟
قوباد تاڵەبانی: کاتێک یەکێک پێت نەڵێ وانییە و گەنگەشەت لەگەڵ نەکات، ئەوە واتایەکی هەیە. پەیامەکانی ئێران بەردەوامە، دەیانەوێ ئێمە رۆڵێکی کاریگەر ببینن لە عێراق و ئەو هاوپەیمانانەی گرنگی پێبدەن.
لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باسی سەربەخۆییمان نەكرد
رووداو: رای ئەنقەرە لەسەر پایەمەکەی ئێوە چی بوو؟
قوباد تاڵەبانی: رای ئەوانیش وەکو رای ئێمە بوو کە عێراق سەرکەوتوو نەبووە و وەکو وڵاتێک فەشەلیهێناوە. لەڕووی سیاسی، ئابووری، سەربازی و لە هەموو روویەکەوە کە ئەمڕۆ بتوانیت شیکردنەوە لەسەر دۆخی عێراق بکەی وەکو وڵاتێک سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا.
رووداو: لەو سەردانەتاندا بۆ تورکیا باسی فروشتنی نەوتی کەرکووتانکرد، چۆن باستانکرد؟
قوباد تاڵەبانی: جارێ مەسەلەی فرۆشتنی نەوتی کوردستان یەکلایی بووەتەوە و ئەوە دەفروشرێ. لە بازاڕەکانی جیهانیش هەیە و داهاتەکەی هاتووەتەوە بۆ حیسابەکانی هەرێمی کوردستان. لەسەر نەوتی کەرکووکیش باسی مەسەلەی تەکنیکیمانکرد، کە دەبێ کاری لەسەر بکرێ و پێویستی بە بڕیاری سیاسییە.
رووداو: فرۆشتنی نەوتی کەرکووک پێویستی بە رەزامەندی بەغدا هەیە؟
قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێ پابەندبین بە دەستووری عێراقەوە و ئەو نەوتەی دەفروشرێ لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت. تاوەکو ئێستاش خەریکی فروشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانن. تەنیا ئەو نەوتە هەناردە دەکەین کە خۆمان دەرمانهێناوە.
رووداو: بۆچوونی تورکیا چی بوو، ئەردۆغان چییگوت؟
قوباد تاڵەبانی: ئەردۆغان نیگەرانە لەو دۆخەی عێراق بەگشتی. دەیگوت پێشبینی ئەوەم دەکرد کە عێراق تووشی ئەم قەیرانانە ببێت و هاوخەمی ئێمە بوو، بەوەی کە سیاسەتێکی تاکڕەوانە لە عێراق ئەم دۆخەی دروستکردووە.
رووداو: ئامۆژگاریی ئەردۆغان بۆ ئێوە چی بوو؟
توركیا سەبارەت بە توركمانەكان سوپاسی پارێزگاری كەركووكی كرد
قوباد تاڵەبانی: پێش هەموو شتێک رۆڵی کاریگەر ببینن لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و رۆڵمان هەبێت لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. بەتەواوەتیش دەستی خۆمان نەشۆین لەم وڵاتە. بەتایبەتیش کە ئێستا پەرلەمان کۆدەبێتەوە و دەبێ رۆڵی خۆمان ببینین.
رووداو: باسی مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان کرا، رای ئەردۆغان چی بوو؟
قوباد تاڵەبانی: بەگشتی باسی پرۆسەی سیاسیمانکرد. باسی ئەوەی کە ئەم وڵاتە پێویستی بە چییە، پێویستی بە چ جۆرە بڕیارێکە بۆئەوەی بخرێتەوە سەر سکە، چونکە بۆ هەموولایەک روونە کە نابێ ئەو رەوشەی ئێستا هەروا بەردەوام بێت.
رووداو: گوتت دەبێ پابەندی دەستووری عێراق بن. ئەی مادەی 140 تەواو نەبووە؟
قوباد تاڵەبانی: هەمیشە گوتوومانە با خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە دەنگی خۆیان بڕیار بدەن کە دەیانەوێ لەژێر چ جۆرە حوکمڕانییەک بن.
وەكو یەكێتی شیاوترین كەس هەڵدەبژێرین بۆ سەرۆكایەتی كۆمار
رووداو: بەڵام بارزانی چەند رۆژ لەمەوبەر لە کەرکووک رایگەیاند مادەی 140 تەواو بووە؟
قوباد تاڵەبانی: بە کردەوە راستە تەواو بووە، چونکە ئیدارە هەیە و لەڕووی ئەمنییەوە هەماهەنگی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا ناکرێ بگوترێ لەڕووی یاساییەوە بەتەواوەتی سەر بە هەرێمی کوردستانە.
رووداو: ئەی کەی ریفراندۆم دەکرێ؟
قوباد تاڵەبانی: ئێستا لە گفتوگۆداین لەسەرئەوەی کە ریفراندۆم لە کەرکووک بکرێت.
رووداو: کێ بڕیاری ریفراندۆم لە کەرکووک دەدات؟ یەکێتی؟
قوباد تاڵەبانی: هیچ حیزبێک ناتوانێ بەتەنیا بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بدات لە کەرکووک. ئەمە بڕیاریکی چارەنووسسازە بۆ کورد، دەبێ حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڕیاربدەن.
رووداو: ئەردۆغان داوای لە کورد کردووە مافی تورکمانەکان بپارێزن. بۆ ئەو داوایەی کرد؟
قوباد تاڵەبانی: حکومەتی تورکیا سوپاسی هەڵویستی سەرکردایەتیی کوردستانی کرد، بەتایبەتیش دەستخۆشی لە پارێزگاری کەرکووک کرد لەسەر هەڵویستەکانی بەرامبەر تورکمانەکان. ئێمەش دڵنیامانکردەوە کە ئەگەر بەرپرسێتیی کەرکووک بکەوێتە ئەستۆی کوردستان جیاوازی ناکەین لەنێوان کورد و تورکمان. دەبێ تێڕوانینێکی ورد بۆ کەرکووک بکرێ. دەبێ بزانین کە ئایا لەڕووی ئیدارییەوە کەرکووک دێتەوە سەر هەرێمی کوردستان یان وەکو هەرێمێکی سەربەخۆ دەمێنێتەوە، یانیش بێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام تایبەتمەندیی خۆی بهێڵێتەوە. ئەوانە هەموویان قابیلی موناقەشەن.
ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆئەوەی خەڵکی کەرکووک زەرەرمەند نەبن لە سیاسەتی ناڕەوای حکومەتی ناوەندی. هەموو هەنگاوێکیش دەهاوێژین بۆ کەرکووک.
رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەکات بۆئەوەی ئەو ئاگرەی ئێستا لە ناوچە سووننەنشینەکان هەیە و هاوسنوورن، نەیەتە نێو هەرێمی کوردستان؟
فرۆشتنی نەوتی كەركووك پێویستی بە بڕیاری سیاسییە
قوباد تاڵەبانی: رۆژێک هەڵساین لەخەو و تەماشامانکرد وڵاتێکی دیکە دراوسێمانە. موفاجەئەیەکی سەیر بوو کە لە ماوەیەکی وا کەمدا دۆخەکە بەتەواوەتی گۆڕا. نەخشەی سیاسی عێراقیش بە شەو و رۆژێک گۆڕدرا.
رووداو: داعش وڵاتێکی دراوسێی هەرێمی کوردستانە یان عێراق؟
قوباد تاڵەبانی: ئەمڕۆ عێراق دراوسێمان نییە. تەنیا 15 کم سنوور هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەیەک کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی عێراقیدا بێت. ئەویش لە پاریزگای دیالەیە. ناوچەکانی دیکە لەڕووی ئیداری و سەربازییەوە لەژێر دەسەڵاتی گرووپێکدان کە ناکۆکییان هەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە بەغدا و خۆیان بە دەوڵەتێکی دیکە دادەنێن. ناویان جیایە و حیساب بۆ عێراق ناکەن.
تەنیا رێگەیەک بۆ مانەوەی عێراق، دەبێ عێراقێکی لامەرکەزی بێت و بۆ ئەمەش دەبێ چەند رێککەوتنێک بکرێن.
رووداو: دان بەو دەوڵەتەدا دەنێن کە دەڵێی بوونەتە هاوسێی کوردستان؟
قوباد تاڵەبانی: کاری ئێمە نییە دان بەو دەوڵەتەدا بنێین.
رووداو: بارزانی داوای کۆنفیدراڵی دەکات بۆ هەرێمی کوردستان، ئێوە وەکو یەکێتی ئەمەتان پێ پەسندە؟
قوباد تاڵەبانی: پەیامی سەرەکیی یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ئەوە بوو کە یان دەستوور یان کۆنفیدراڵییەت بۆ عێراق. دەستوورەکە کە نەبوو، دیارە هەنگاوی دیکە دەگرینەبەر. دەستووری عێراق لە یەکەم رۆژەوە کەس پێیەوە پابەند نەبووە، کورد نەبێت.
رووداو: کۆنفیدرالی مەرجی کوردە بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق؟
كاری ئێمە نییە دان بەو دەوڵەتەدا بنێین كە لەتەنیشتمان دروست بووە 
قوباد تاڵەبانی: یان دەستوور یان کۆنفدراڵییەت. ئەمە وەکو یەکێتی باسیدەکەم. وەکو حکومەتیش، کە لە چەندین حیزب پێکهاتووە، دەبێ بڕیاربدرێت و تێیدا پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆڵی هەبێت.
رووداو: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەریتانیا هاتنە هەولێر، هیچ داوایەکی دیاریکراویان هەبوو لە کورد؟
قوباد تاڵەبانی: داواکانیان هیچی تازە نەبوون، ویستیان ئەو رۆڵە ببینین کە پێشتر بینیومانە. داوایانکرد کاندیدە دەرچووەکانی کوردستان بەشداربن لە پەرلەمانی عێراقدا و خۆمان لەنێوخۆدا یەکلایی ببینەوە کە چ پۆستێک وەردەگرین.
رووداو: کاتێک بارزانی بە جۆن کێری گوت کاتی سەربەخۆیی کوردستانە، وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چی بوو؟
قوباد تاڵەبانی: (بەپێکەنینەوە) دەڵێی لەنێو کۆبوونەوەکەدا بووی!... لەو کۆبوونەوەیەدا باسی دەوڵەتی کوردیمان نەکرد، بەڵام باسی ئەوەمانکرد کە ئەم عێراقە سەرینەگرت و سەرکەوتوو نەبووە و بەم عەقڵییەتە سەرکەوتوونابێت. ئەگەر کار بۆ عێراقێکی یەکگرتوو بکەن سەرناگرێ و فەشەل دێنێ. ئەو عێراقە رۆیشت و ناگەڕێتەوە. پرسیارمان لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد کە کورد چی بکات؟ هەموو شتێکمان پێشکەشکرد و پێشنیازمانکرد، کەچی رەتکرایەوە. ئەویش دەستی وەک ئاماژەی بێوەڵامی بەرزکردەوە. رۆژەکەش نەگەیشتووەتە ئەوەی کە باسی بڕیاری سەربەخۆیی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا بکەین.
زۆرجار ئەگەر تەماشای هەڵوێستی ئەمریکا بکرێ بەرامبەر وڵاتێک کە ویستبێتی دەوڵەت رابگەیەنێت، پێشئەوەی دەوڵەت رابگەیەنێت، هەڵوێستێکی هەبووە. دوای راگەیاندنیشی هەڵویستێکی دیکەی هەبووە. بۆنموونە وەکو کۆسۆڤۆ، پێشتر ئەمریکا دژی بوو، ئێستا دەچن دەنگ بۆ کۆسۆڤۆ کۆدەکەنەوە.
رووداو: ئەمریکا پاڵپشتیی نووری مالیکی دەکەن بۆ ویلایەتی سێیەم؟
هێشتا كەركووك لەڕووی یاساییەوە سەر بە هەرێمی كوردستان نییە
قوباد تالەبانی: ئەو پاڵپشتییەی جاران لە مالیکی دەکرا لەلایەن ئەمریکایەوە، باوەڕناکەم ئەمجارە بەوشێوەیە پاڵپشتی بکەن.
رووداو: عەلی سیستانی داوایکردووە تاوەکو رۆژی سێشەممە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (کۆمار، وەزیران، پەرلەمان) کۆتایی پێبێت، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە و یەکلایی بووەتەوە بۆ کێیە؟
قوباد تاڵەبانی: هێشتا لەنێو کورددا تەواونەبووە.
رووداو: ئەی بۆ یەکێتی؟
قوباد تاڵەبانی: هێشتا بۆ یەکێتیش تەواونەبووە.
رووداو: ئەی دەگوترێ لەنێو یەکێتیدا بۆ بەرهەم ساڵح یەکلایی بووەتەوە و شانسی هەرە زۆری هەیە؟
قوباد تاڵەبانی: کاندیدێکی بەهێزی یەکێتییە. هێشتا ئەو بابەتە بە تووندوتۆڵی باسینەکراوە، بەڵام دەبێ یەکلایی بکرێتەوە.
رووداو: کەسی دیکەی شیاوی وەکو بەرهەم ساڵح هەن لەنێو یەکێتیدا بۆئەوەی ئەو پۆستە وەربگرن؟
ئەردۆغان پێیگوتین دەست لە عێراق مەشۆن
قوباد تاڵەبانی: زۆر کەس هەن شیاون لەنێو یەکێتیدا بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق. قابیلە نەبن! بەڵام یەکێتی شیاوترین کەس هەڵدەبژێرێ. دەبێ یەکێتی لەوبارەیەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردستانیش گفتوگۆ بکات.
رووداو: تەندروستی باوکت چۆنە؟ دەمانەوێ شتێکی نوێ لەسەر تەندروستی تاڵەبانی ئاشکرا بکەی؟
قوباد تالەبانی: شتی نوێ ئەوەیە کە باشە و باشتر دەبێ. هەر دێتەوە هەرێمی کوردستان و چاوەڕێین بێتەوە. چەند رۆژ لەمەوبەر تەلەفۆنی بۆ کردم.
رووداو: چیی گوت؟
قوباد تاڵەبانی: ئەوە شتێکە لەنێوان باوک و کوڕدا، من لێرە نایڵێم.
رووداو: دەزانێت کە بووی بە جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەو پۆستەت وەرگرتووە؟
قوباد تاڵەبانی: بەڵێ دەزانێ و ئاگادارە.
رووداو: کەی دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان؟
قوباد تاڵەبانی: ئەمساڵ دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.



