نێوەڕۆکی نوێ لە وەرزی تازەدا

07-09-2025
فەرمان ساڵح
A+ A-
 
پۆدکاست وەک بەشێکی گرنگی میدیای دیجیتاڵی لە گەشەکردنە خێراکەی بەردەوامە، لە سەرەتای ساڵی 2025 دا گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێی فراوانبوون. نوێترین داتاکان، کە تاوەکو سەرەتای مانگی شوباتی 2025 بەردەستن، ئاماژە بەوە دەکەن؛ پۆدکاست نەوەک تەنیا خۆی وەک بەشێکی دانەبڕاوی میدیای دیجیتاڵی چەسپاندووە، بەڵکو وەک بوارێکی سەرەکیی گەشەسەندنی ئابووریش دەرکەوتووە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ئەم ساڵ دا ژمارەی گوێگر و داهاتەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
 
لە سەرەتای ساڵی 2025 دا، ژمارەی گوێگرانی پۆدکاست لە سەرانسەری جیهان دا نزیکبووەتەوە لە 550 ملیۆن کەس، پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە تاوەکو کۆتایی ساڵ بگاتە 700 ملیۆن کەس، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە یەکێکە لە گەورەترین بازاڕەکانی پۆدکاست، توێژینەوەیەکی Edison Research  ئاشکرای دەکات، 50٪ـی دانیشتووان کە دەکاتە 144 ملیۆن کەس، مانگانە گوێ لە پۆدکاست دەگرن. هەروەها 37٪یان دەکاتە 107 ملیۆن کەس، هەفتانە گوێ لە پۆدکاست دەگرن،  تێکڕای کاتی گوێگرتنیش لەسەر ئاستی ئەمریکا گەیشتووەتە 9 کاژێر لە هەفتەیەک دا. 
 
گەشەی ژمارەی گوێگران و بینەران کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر گەشەی دارایی پیشەسازی پۆدکاست هەبووە. بەپێی لێکۆڵینەوە جیهانییەکان چاوەڕوان دەکرێت داهاتی پۆدکاست بگاتە 94.7 ملیار دۆلار، کە ئەمەش نیشانەی قەبارەیەکی گەورەی ئابوورییە لەم کەرتەدا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، داهاتی ریکلامی پۆدکاست پێشبینی دەکرێت بگاتە 2.5 ملیار دۆلار. ئەم ژمارانە بەڵگەی گەشەسەندنێکی بەرچاوی ئابوورین لە بواری بەرهەمهێنانی پۆدکاست دا.
 
ساڵی 2025 چەندین ترێندی نوێ پەیدابوون، بەتایبەتی لە بواری تەکنەلۆژیای ژیریy دەستکرد (AI) و پۆدکاستی ڤیدیۆییدا. پلاتفۆرمە گەورەکانی وەک Spotify و Apple  رایانگەیاندووە، کە 65٪ـی پلاتفۆرمەکان ئێستا ژیریی دەستکرد بەکاردێنن بۆ پێشنیازکردنی نێوەڕۆک بۆ گوێگران، ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە یارمەتیدەرە لە دۆزینەوەی پۆدکاستی نوێ دا. هەروەها تڕانسکریپتی خۆکاری AI-بووەتە ستانداردێک لە 80٪ـی  پۆدکاستە نوێیەکاندا، ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستگەیشتن بە نێوەڕۆک، بەتایبەت کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو کەسانەی ئارەزووی خوێندنەوە دەکەن لەجیاتی گوێگرتن. 
 
پۆدکاستی ڤیدیۆیی گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە، YouTube رایگەیاندووە، کە 75٪ـی پۆدکاستە نوێیەکان وەشانی ڤیدیۆیش بڵاودەکەنەوە، ئەمە نیشانەی گۆڕانێکی گەورەیە بەرەو فۆرماتە بینراوەکان. گوێگرتن لە پۆدکاست لەسەر YouTube بە رێژەی 45٪ زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی 2024، دیسان ئەمەش کاریگەریی پلاتفۆرمە ڤیدیۆییەکان لەسەر گەشەی پۆدکاست نیشاندەدات.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکان بابەتە باو و سەرکەوتووەکانی پۆدکاست لە ساڵی 2025دا بریتین لە ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیا، کە 25٪ زیادبووە، هەروەها تەندروستیی دەروونی 23٪ زیادبووە، پۆدکاستی تایبەت بە ئابووری 21٪ و ژینگە 19٪ و کولتوور 18٪ زیادبوون.
 
توێژینەوەکان پێشبینی دەکەن ژمارەی گوێگرانی هەفتانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بگاتە 115 ملیۆن کەس، هەروەها داهاتی بەشداریپێکردن (subscription) بۆ پۆدکاست چاوەڕوان دەکرێت بگاتە 1.5 ملیار دۆلار، ئەمە دەریدەخات مۆدێلی داهاتی نێوەڕۆکی تایبەت و پریمیۆم رۆڵێکی گەورەتر دەبینێت لەم پیشەسازییەدا.  
 
تۆڕی میدیایی رووداو، بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە گرنگی پۆدکاست، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو وەبەرهێنانی لەم بوارەدا کردووە، هاوتەریب لەگەڵ گەشەی جیهانی ئەم فۆرمە میدیاییە. رووداو توانی هۆشیارییەکی گەورە لەسەر پۆدکاست لەنێو هاونیشتمانییان دروست بکات و خەڵک فێری ئەم فۆرمە نوێیەی میدیا بکات. ئەنجامی ئەم هەوڵانە ئەوەیە ئێستا خەڵکێکی زۆر لە ماڵەکانی خۆیانەوە دەستیان بە دروستکردنی پۆدکاست کردووە، ئەمەش نیشانەی کاریگەری و سەرکەوتنی ستراتیژی رووداوە لەم بوارەدا و بەڵگەی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردیش بەشێکە لەم شۆرشە جیهانییە.
 
ئەمە پێنجەمین وەرزە رووداو پۆدکاست پێشکێش دەکات و لەم وەرزەدا ژمارەیەک پۆدکاستی جیاواز لە هەموو بوارەکان دا بڵاودەکاتەوە. پۆدکاستەکانی وەرزی نوێی رووداو جۆراوجۆرن و هەوڵمانداوە لە هەڵبژاردنی بابەتەکاندا رەچاوی پێویستی کۆمەڵگە و خواستی وەرگرەکانمان بکەین، چونکە ئەم جۆراوجۆرییە زۆر گرنگە بۆ دابینکردنی پۆدکاستی دڵخواز بۆ ئارەزوو و تەمەنە جیاوازەکان. بۆیە هەمیشە رەچاوی ئەوەمان کردووە، کە لە رێگەی کەسانی بە ئەزموون و بەنێوبانگ پۆدکاست بەرهەم بهێنین. بۆ ئەوەی هەموو کەسێک لەهەر شوێنێک بێت بتوانێت گوێیان لی بگرێت و بیان بینێت. یەکێک لە جیاوازییەکانی پۆدکاستەکانی رووداو بەردەستبوونیانە لەسەر هەموو پلاتفۆرمە سەرەکییەکانی پۆدکاست وەک (سپۆتیفای، ئەپڵ پۆدکاست، گووگڵ پۆدکاست). بەردەستبوونی پۆدکاستەکان لە پلاتفۆرمە جیهانییەکان دڵنیایی دەدات، کە وەرگران لە هەر شوێنێک بن و هەر جۆرە ئامێرێکیان هەبێت، دەتوانن بە ئاسانی دەستیان بگاتە پۆدکاستەکانی رووداو. جگە لەوەش بوونی ماڵپەڕێکی تایبەت بە پۆدکاستەکانی رووداو، podcast.rudaw.net  دەرفەتێک بۆ گوێگران و بینەران دەڕەخسێنێت، کە بە ئاسانی پۆدکاستی دڵخوازیان بدۆزنەوە و سەیریان بکەن یان گوێیان لێبگرن.
 
لە وەرزەکانی رابردوودا، پۆدکاستەکانی رووداو توانیویانە بگەنە سەتان ملیۆن کەس، چیرۆکی سەرکەوتنی رووداو لە بواری پۆدکاست دا تەنیا بە بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی جیاواز کۆتایی نایێت، بەڵکو دروستکردنی کولتوورێکی نوێی میدیایە لەنێو کۆمەڵگەدا. کاتێک خەڵکێکی زۆر لە ماڵەکانی خۆیان پۆدکاست دروست دەکەن، ئەمە نیشانەی پێگەیشتن و هۆشیارییەکی نوێیە سەبارەت بە توانای تاک بۆ گەیاندنی بیرۆکەکانی بەشێوەیەکی سەردەمیانە. رووداو بەم کارەی بووەتە سەرچاوەیەک بۆ گەنجان، کە لە رێگەی پۆدکاستەوە دەتوانن دەنگی خۆیان بگەیێنن و کاریگەری دروست بکەن، هەمان ئەو رۆڵەی کە گەورەترین پلاتفۆرم و پۆدکاستەکانی جیهان دەیبینن لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی کراوە و فرە دەنگ دا. ئێمە بە پۆدکاستەکانمان رادیۆمان بەشێوەیەکی زۆر نوێ هێنایەوە ناو کایەی رۆشنبیری و زانیارییەوە لە کوردستان. 
 
ئامانجمانە گوێگری کورد، لەو سەردەمی سەرقاڵی و کەمی کاتەدا بژاردەی باش و بەسوودیان هەبێت و بتوانن گوێ لە پۆدکاستی دڵخوازی خۆیان بگرن، چونکە پۆدکاست ئەو ئامرازە کاریگەرەی میدیایە، کە بە ئاسانی دەگاتە هەموو شوێنێک و ئێوەش دەتوانن لەهەموو کاتێک دا  و لە هەر کوێیەک بن گوێی لێبگرن یان بیبینن. بەردەوام چاوەڕێی نێوەڕۆک و هەنگاوی نوێی رووداوبن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

عەبەی مامەسەعە و کوردە تێکدەرەکان

بەڕێزم؛ نەک هەر ئەو پیاوە باشە "کاکە عەبە" و نەک هەر ئەو جاشە، هیچ پەیوەندییان بە ئیسرائیل و کۆلۆنیالیزمەوە نەبوو، بەڵکو بەگشتی کورد بێ پەیوەندین بەو لایەنانەوە، کورد خاوەنی دۆزە. کەس دنەیان نادا، مرۆڤی کورد خۆی ویستی ئازادی و ژیانێکی شکۆدارانەی هەیە. بەداخەوە ئێوە ناژنەفن، بەڵام چ داگیرکەرێک دەبیستێت؟ دیرۆک ئەوەمان پێدەڵێت.