ساڵح گێلۆ نەعسان: رەققە و دەشتاییەکانی شوێنی کورد بوون و یەک ماڵی عەرەبی لێ نەبوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئازاد ئەحمەد عەلی
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵح گێلۆ نەعسان لە بنەماڵەیەکی دێرین و دیاری دەڤەری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە. ئەو باسی سەرەتاکانی دروستبوونی شاری کۆبانێ و رەققە دەکات.
 
ساڵح گێلۆ نەعسان دەڵێت، رەققە شوێنی خاوەن مەڕوماڵاتەکانی کورد بووە و یەک ماڵی عەرەبی لێ نەبوو. دوای ئەوەی عەشیرەتەکانی کورد رازی نەبوون هاوکاری فەرەنسییەکان بکەن وەک هێزی داگیرکەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هۆزی عنەز  کە لە سعودییەوە کۆچیان کردبوو و حوشتریان بەخێو دەکردن ئامادەبوون هاوکاری فەرەنسییەکان بکەن بەوشێوەیە سەرەتا دوو گوندیان پێدران و ئینجا دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: بەزۆری هەڤپەیڤینەکان بە ژیاننامەی کەسی دەست پێدەکەن، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەک لە نێوان ژیانی تایبەتی ئێوە و یەکەمین یادەوەرییەکانت لە کۆبانی دروست بکەین. دیارترین ئەو دیمەن و رووداوانە چین کە دەتوانیت لە رابردووی جوان و دووری کۆبانێ بۆ خوێنەرانی باس بکەی؟
 
ساڵح گێلۆ نەعسان: خەڵکی کۆبانێ لە سییەکانی سەدەی رابردوودا گرنگییان بە کشتوکاڵ نەدەدا، ئەوان خەریکی مەڕوماڵات بەخێوکردن بوون. کۆبانێ گوندێکی بچووک بوو، دواتر لە دەوری ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییە گەورەبوو کە خەریکی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەڕی نێوان بەغدا و بەرلین بوو. هۆکاری هەڵبژاردنی کۆبانێ لەلایەن کۆمپانیاکەوە بەهۆی ئەوەبوو چونکە کۆبانێ نزیک بوو لە (چیای مشتە نوور)ی بازڵتی، بۆ شکاندنی بەردی بازڵت و راخستنی لە ژێر هێڵی شەمەندەفەرەکەدا. ناوی کۆبانێ لە وشەی Company (کۆمپانیا)ییەوە هاتووە، دواتر پیتی (میم)ەکە بۆ ئاسانی گوتن لابراوە. شارەکە دوای کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە تورکیا گەورەتر بوو، چونکە کۆبانی نزیکترین شوێن بوو بۆ راکردن لە تاوانکاری عوسمانی.
لە سییەکانی سەدەی رابردوودا فەرەنسییەکان هەوڵیاندا عەشیرەتی گەورەی بەرازی قایل بکەن کە کاریان لەگەڵ بکات، هەندێک جار بە هێز و هەندێک جار بە پارە و دەسەڵات، کە سەرنەکەوتن لە راکێشانی کورد، پەنایان برد بۆ عەشیرەتە عەرەبەکانی (عنەز) کە وشتروان بوون و لە نێوان ساڵانی (1750-1760) لە سعودیەوە بەرەو سووریا کۆچیان کردبوو؛ بەومەرجەی لە باشووری رووباری فرات بمێننەوە و بۆیان نەبێت بپەڕنەوە بۆ باکووری رووباری فرات، ئەمەیان بە تووندی لێ قەدەخەکرابوو. 
فەڕەنسییەکان بە پارەیەکی زۆر و چەکی پێشکەوتوو پشتییوانی سەرۆکەکانی عەنەزەییەکانیان کرد، وەک (خەلیل حاجم و نووری بن مەهید) و دوو گوندیان لە باکووری رووباری فرات پێدان، پاشان هانیاندان بۆ دەرکردنی کورد لە رەققە و دەوروبەری و دەشتاییەکانی کە تەنیا نشینگەی کوردبوون و ئەوکات هیچ ماڵێکی عەرەبی لێ نەبوو. وردە وردە هەندێک عەرەب لە رەققە نیشتەجێبوون و لەوەڕگەکان لە 140 کێلۆمەترەوە کەم کرانەوە بۆ 60 کێلۆمەتر لە دەوری شارۆچکەی کۆبانێ. بەم شێوەیە بەخێوکردنی مەڕوماڵات کەم بووەوە و خەڵکی ناوچەی کۆبانێ روویان لە کشتوکاڵ کرد.
 
رووداو: ئێوە شایەتی سەردەمێکن و، کارەکتەرێکی چالاک بوون لە قۆناخێکی گرنگی مێژووی کۆمەڵگەی کۆبانێ دا. دەمانەوێت باسی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە بکە کە هاودەمیان بووی؟
 
ساڵح گێلۆ نەعسان: یەکەم بیری ئیرتیوازی لە کۆبانێ لە گوندەکەی ئێمەدا لێدرا؛ باوکم کەسێکی لوبنانی لە بەیرووتەوە لەگەڵ ئامێری بیرلێدان هێنا و بیر لێدانەکەی سەریگرت. دوای چەند ساڵێک بیرلێدەرەکان زیادیان کرد و پیشەسازیی دروستکردنی ئامێرەکانی بیرلێدان زۆربوو و کەسانێک دەستیان بەسەردا گرت کە شارەزای ئەو پیشەیە نەبوون.
باوکم و مامەکانم خەریکی چاندنی دانەوێڵە و لۆکە بوون، وەک لە یادمە لە وەرزێکدا 480 تۆن لۆکە و بڕێکی زۆر دانەوێڵەیان بەرهەم هێنا، بەڵام لەبەرئەوەی دەوڵەتی سووریا بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە کشتوکاڵ دەبەست بۆ بودجەکەی، بۆیە پرۆسەی فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان تەنیا بە دەوڵەت ، کردە ناچاری و نرخێکی کەمتر لە تێچووی بەرهەمهێنانیشی بۆ دیاریکرد.
 
من لەو بارودۆخەدا گەورە بووم، تاوەکو پۆلی چوارەم لە گوندەکەمان خوێندم، پاشان چوومە کۆبانێ بۆ پۆلی پێنجەم و،  تاقیکردنەوەی پۆلی شەشەمم لە جەرابلوس کرد. پاشان لە کۆبانێ تاوەکو پۆلی نۆیەم خوێندم و دواتر چوومە حەلەب و لە قوتابخانەی (مەئمون) وەرگیرام. دوای تەواوکردنی بەکالۆریا، داواکاریم بۆ چەند زانکۆیەک لە ئەورووپا و ئەمریکا نارد و لە ئەمریکا و نەمسا وەرگیرام، بەڵام دەزگای ئەمنی سووریا رازینەبوو پاسپۆرت وەربگرم، سەرەڕای هەموو هەوڵە گونجاوەکانم لەو سەردەمەی حوکمی بەعس دا دەکران.
 
رووداو: تۆ تێکەڵاوی خەڵک بووی و یەکێکبووی لە رۆشنبیرە پێشەنگەکان. سەرەتاکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ناوچەی کۆبانێ و بەشداریی ئێوە چۆن بوو، هاوکات لەگەڵ سەختییەکانی خوێندنی زانکۆ؟
 
ساڵح گێلۆ نەعسان:  لە ساڵی 1964دا، یەکێک لە هاوڕێیەکانم پێیگوتم کە وەک ئەندام لە (پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا) وەرگیراوم، کە لە ساڵی 1958 دا دامەزرابوو، ئەوکات تاقە حیزبی کوردی بوو (لە رۆژئاوای کوردستان). لە ساڵی 1966 دا، ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری خوێندکارانی کوردیان لە شاری حەلەب پێ سپاردم. کارێکی سەخت بوو، لەگەڵ (یەکێتی خوێندکارانی سووریا) رێککەوتین و زیاتر لە 400 خوێندکاری کوردی عەفرین، کۆبانێ و جزیرەمان قایلکردن کە ببنە ئەندام لە یەکێتییەکەی ئێمەدا و یەکێتی خوێندکارانی سووریادا؛ ناسنامەی خوێندکارییمان بۆ وەرگرتن لە یەکێتی خوێندکارانی سووریا. دوای کۆبوونەوەی پڕ لە کێشمەکێش لە نێوان یەکێتییەکەی ئێمە و یەکێتیی بەعسییەکان، یەکێتی خوێندکارە کۆمۆنیستەکان و پاشماوەی یەکێتی خوێندکارە ناسرییەکان ، کە بەعسییەکان ئێمەیان بە "برا پارتییەکان" ناو دەهێناین، بڕیارماندا دوای ماوەیەکی کورت بەشداری هەڵبژاردنی خوێندکاران بکەین لە قوتابخانەی پیشەسازی لە ناوچەی (راموسە) کە نزیکەی دوو کێلۆمەتر لە حەلەبەوە دوور بوو.
پێشبینی ئێمە و کۆمۆنیست و ناسرییەکان وابوو کە بەعسییەکان بەپێی ژمارەیان ناتوانن زۆرینە بەدەستبێنن، بۆیە پەنا بۆ ساختەکاری دەبەن. هەر ئەوەشیان کرد، لە سەرەتای هەڵبژاردنەکەدا ساختەکاری کرا، ئێمەش کشانەوەی خۆمان راگەیاند. هەموو کشانەوە جگە لە کەمینەی بەعسییەکان. لە راموسەوە تاوەکو یاریگەی شارەوانی کە دەکەوتە باشووری رۆژئاوای شار، خوێندکاران بە خۆپیشاندان بەڕێکەوتن و دروشمی دژی بەعسیان بەرزکردنەوە. ئۆتۆمبێلە لاند رۆڤەرەکانی سەر بە یەکێتی خوێندکارانی بەعس دەوریان گرتبووین، داوای لێبووردنیان دەکرد و داخوازییان لێدەکردین بگەڕێینەوە بۆ ناوەندی هەڵبژاردن، بەڵام ئێمە گوتمان بەشێک لە خوێندکاران رۆیشتوونەتەوە ماڵ و متمانەمان بە ئێوە نەماوە تاوەکو دووبارە هەڵبژاردن بکەین. دواتر کەوتنە مامەڵەیەکی بازاڕی لەگەڵمان تاوەکو رازیبین سێ خوێندکار وەک سەرکردە لە دەستەی کارگێڕی یەکێتی خوێندکارانی سووریادا دابنێین.
لە ساڵی 1968دا، پێویستم بە بڕوانامەیەکی پەسەندکراوی زانکۆ بوو، بۆ دواخستنی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ. بۆ ئەوەش هیچ رێگەیەکم نەبوو جگە لە خۆناونووسکردن لە یەکێک لە زانکۆکانی تورکیا. لەبەرئەوەی پاسپۆرتم نەبوو، خزمەکانم لە تورکیا، پێشنیازیانکرد لە یەکێک لە وێستگەکانی شەمەندەفەری نزیک شاری کۆبانێ بچمە نێو خاکی تورکیاوە و یەکێکیان بێت و بمباتە ئیستەنبووڵ.
گەشتەکە بۆ ئیستەنبووڵ نزیکەی 20 کاژێری خایاند، لەوێ ئەو هاوڕێیانەم پێشوازییان لێکردم کە لە زانکۆی ئیستەنبووڵ دەیانخوێند و هەموویان خەڵکی کۆبانێ بوون. دوای گرتنی هوتێل، ئەو خزمەی لەگەڵم هاتبوو دوای هەفتەیەک گەڕایەوە گوندەکەی. هاوڕێیەکانم لە رۆژی دووەمەوە دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای زانکۆیەک دا کە وەرمبگرێت، بەڵام دوای 20 رۆژ بەهۆی ئەوەی نیوەی ساڵی خوێندن تێپەڕیبوو، لە زانکۆ وەرنەگیرام. دواتر ئەو کۆمەڵە هاوڕێیەی کە کەوتبوونە هەوڵدان بۆ وەرگرتنم لە زانکۆ پێیانگوتم کە دەرفەتی ناونووسین لە زانکۆی ئەنقەرە هەیە. یەکێک لە هاوڕێیەکان منی بردە ئەنقەرە و لە زانکۆ ناونووسکرام و ناسنامەی زانکۆ، هەروەها ناسنامەیەکی دیکەم لە پەیمانگەی زمانی تورکی وەرگرت.
گەڕامەوە بۆ کۆبانێ . رۆژی دوای گەیشتنم بۆ کۆبانێ، فەرمانگەی وەرگرتنی سەربازی (تەجنید) داوای لێکردم نووسراوی لە زانکۆ وەرگیرانم لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرگرتنی سەربازی لە دیمەشق واژۆ بکەم، بەڵام لە رێگەدا (ئەمنی سیاسی) دەستگیری کردم.
دەستبەسەرکردنەکەم لە زیندانی ئەمنی سیاسی لە حەلەب بوو، لەوێ 52 رۆژ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم و بە تووندی لێیاندام. دواتر گواسترامەوە بۆ دیمەشق و لە زیندانی (قەڵای دیمەشق) زیندانی کرام، لەوێ بۆ ماوەی شەش مانگ و چەند رۆژێک لەگەڵ قێج  ژیاین. هۆڵەکە زۆر گەورەبوو و زیاتر لە 60 زیندانیی تێدابوو.
دوای چەند مانگێک رەوانەی (دادگای باڵای ئەمنی دەوڵەت) کرام کە تازە دامەزرابووەوە. من و بەڕێز (عیسام محایری) سکرتێری حیزبی قەومی سووری، یەکەم دوو گیراوبووین کە دادگاکە کاری خۆی بە ئێمە دەستپێکرد و، پەرلەمانی سووریایان کردبووە شوێنی دادگاکە. دوای چەند دانیشتنێک، لە دانیشتنی کۆتاییدا خوالێخۆشبوو مامۆستا عەبدولعەزیز داوود وەک شایەت ئامادەبوو و بەرگرییەکی زۆر باشی کرد، منیش بە جۆرێکی دیکە بەرگریم لە خۆم کرد، لەبەرئەوە 28 پارێزەر بە گەرمی چەپڵەیان بۆ لێداین و هەموویان سووربوون لەسەر ئەوەی تەوقەمان لەگەڵ بکەن. دوای چەند رۆژێک دادگا بانگی کردم و دادوەرەکە، کە کەسێکی بەڕێز بوو، حوکمی شەش مانگی بۆ بڕیمەوە، بەشێوەیەکی دیپلۆماسیش تێیگەیاندم کە حوکمەکە لە "سەرەوە" هاتووە نەک لەلای ئەو. منیش بە گاڵتەوە پێمگوت: جەنابی دادوەر، من هەشت مانگە لە زیندانم، واتە دوو مانگم لای ئێوە ماوە!. ئەویش بە بزەیەکەوە کە نیشانەی هاوسۆزی بوو گوتی: خوای گەورە قەرەبووت بکاتەوە.
بەهۆی ئەمەوە دوو ساڵی خوێندنم فەوتان، لەبەرئەوەی نەمتوانی پاسپۆرت وەربگرم. ئینجا ناچاربووم گەشت بکەم بۆ لوبنان بۆ ئەوەی لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت AUB بخوێنم. دواتر لە باشترین پەیمانگەکانی زمانی ئینگلیزی ناوم نووسی و هەر چوار مانگ جارێک لە زانکۆی ئەمریکی تاقیکردنەوەم دەکرد بۆ ئەوەی نمرەی 800 لە کۆی 1000 بەدەستبێنم، بەوشێوەیە دوای سێیەم تاقیکردنەوە سەرکەوتم و لە بەشی ئەندازیاریی میکانیک وەرگیرام.
لەو ساڵەی کە خەریکی خولەکانی زمانی ئینگلیزی بووم، کاتێکی زۆری پشووم هەبوو، بۆیە لە یەکێک لە زانکۆکانی لوبنان لە بەشی فەلسەفەش دا ناوی خۆم نووسی. لە ساڵی 1957دا، دوای تووندبوونی شەڕ و هەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆیی، لە لوبنان هەڵاتین. 
لە دیمەشق و حەلەب لە بواری میکانیکدا لەگەڵ چەندین کۆمپانیای ئەورووپای رۆژهەڵات و رۆژئاوا کارم کرد. دوای رۆیشتنی ئەورووپاییەکان، خەریکی دروستکردنی پڕۆژەی گەورەی ساردکەرەوە بووم لە دەوروبەری دیمەشق، هەروەها لە لازقییە، تەڕتووس و حەلەب. دوای ئەوە لە هەولێریش بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیا لوبنانییەکان بووم کە لە بواری ئامێرەکانی فێنککەرەوەدا کاری دەکرد.
 
رووداو: ماوەیەک لە تەمەنی خۆت لە لوبنان بەسەربردووە، کە ئەوکات ناوەندی رۆژنامەگەری، رۆشنبیریی عەرەبی و چەپ بوو. وەک گەنجانی کورد، چ چالاکییەکتان بۆ دۆزی کورد لەوێ کرد؟
ساڵح گێلۆ نەعسان: لە نیوەی یەکەمی ساڵی 1969دا گەیشتمە بەیرووت؛ بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گەشەی دەکرد و جووڵانەوەی سیاسییش بەرەو لووتکە دەچوو. بەیرووت پڕبوو لە رەگەز و نەتەوەی جیاواز، هەموو کەس بەبێ وەستان کاری دەکرد. من کە لە سووریای وڵاتی کودەتا، زیندان، موخابەرات، دەستگیرکردنی سەرەڕۆییانە، گەمژەیی و دزییەوە رۆیشتبووم، لەوێ تووشی سەرسامی بووم. وردە وردە راهاتم لەگەڵ نەریتەکانیاندا و فێری ئەوەبووم چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەم و پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ کەسە باشەکانیاندا دروست بکەم. جگە لەوەی پەیوەندییەکانم لەگەڵ گرووپە کوردییەکان و بەتایبەت خوێندکارەکانیان بەهێزکرد.
لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا، کەمال جانپۆلات (کەمال جونبڵات) وەزیری ناوخۆی لوبنان بوو. خالید مللی کە ئەوکاتە خوێندکاری زانکۆ بوو و ئێستاش مامۆستایە لە زانکۆکانی لوبنان، داوای لێکردم کە لەسەر داوای خودی جانپۆلات بچین بۆ سەردانی "کەمال بەگ" وەک لوبنانییەکان ناویان دەبرد لە وەزارەت. پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکردین و گفتوگۆیەکی درێژمان کرد لەسەر دۆخی لوبنان و کوردانی لوبنان و ئەو بەرپرسیارێتییەی کە دەبێت لە ئەستۆی بگرین. 
دوای ئەوەی گفتوگۆیەکی درێژمان کرد، گوتی حەز دەکات مۆڵەتی رێکخراوێک بۆ خوێندکارانی کورد لە لوبنان بداتە ئێمە؛ دوای رەزایبوونی ئێمە، بانگی چەند فەرمانبەرێکی کرد و فەرمانی پێکردن رێکارەکان بکەن و، لە ماوەیەکی کورت دا مۆڵەتەکە ئامادەبوو. وەزیر جانپۆلات مەرجی ئەوەی هەبوو کە رێکخراوەکە من یان خالید مللی بەڕێوەی ببەین و نەدرێتە دەست کوردانی لوبنان تاوەکو تووشی تێکشکان نەبێت. منیان وەک سکرتێری رێکخراوەکە دیاریکرد، دوای ئەوەی خالید بیانووی ئەوەی هێنایەوە کە بۆ خوێندن دەچێتە دەرەوەی لوبنان. بۆ ماوەی پێنج ساڵ پابەندی بەڵێنەکەم بووم بەرامبەر کەمال جانپۆلات، تاوەکو ئەوکاتەی دوای جەنگی بێمانای تایفی لوبنانم بەجێهێشت. کە لە لوبنان بووم بەپێی دەرفەت سەردانی هەموو ناوچەکانی لوبنانمان دەکرد بۆ ناساندنی کورد و دۆزی کورد.
لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان بەڕێوەچوو. ئەوکات ببوو بە شتێکی باو کە بەشێک لە کوردانی لوبنان دەنگی خۆیان بە بڕە پارەیەکی کەم دەفرۆشت. چوومە لای بەڕێز کەمال جانپۆلات و بارودۆخەکەم بۆ روونکردەوە، ئەویش رەزایبوو لەسەر سازدانی کۆڕێکی گەورەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە حەوشەی ماڵی یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی کورد. کۆڕەکەمان کرد و زیاتر لە 300 کەس ئامادەبوون و کۆڕەکە زۆر سەرکەوتووبوو، بە ئامادەبوونی کەمال جانپۆلات و رەشید سوڵح، کە دوای هەڵبژاردنەکان ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێسپێردرا. سەرکەوتنی رەشید سوڵح گەرەنتی نەبوو ئەگەر دەنگی کوردانی لوبنان نەبووایە، بۆیە دوای ئەوەی متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێنا، رەشید سولح پەیوەندی پێوەکردم و داوای لێکردم خۆم و گرووپەکەی خوێندکارانمان بچین بۆ لای، تاوەکو سوپاسی ئەو هەوڵانەمان بکات کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن دا دابوومان . لە کۆبوونەوەکەدا گوتی دوای ماوەیەک داواکاریی مۆڵەتی هەر دامەزراوەیەکم بۆبێنن کە پێویستتانە، من رەزامەندی لەسەر دەدەم.
ئێمەش داواکارییەکمان پێشکەش کرد بۆ دامەزراندنی حیزبێکی کوردی لوبنانی بە ناوی ( حیزبی رزگاری کورد لە لوبنان)  ئەویش دەستبەجێ رەزامەندی نیشاندا. حیزبەکەم بۆ دامەزراندن و، پاشان پێکهاتەی رێکخراوەییەکەم بۆ داڕشتن و رۆژنامەیەکی مانگانەم بۆ دەرکردن، بەڵام دۆخی لوبنان و بەتایبەت بەیرووت چیتر بەرگە نەدەگیرا، رێگەکان مەترسیدار ببوون بەهۆی هەژموونی میلیشیاکانەوە، جگە لەوەی ئەندامانی حیزبەکەش لە کاری سیاسییان نەدەزانی. هەموو ئەمانە وایان لێکردم دوای دەرکردنی 9 ژمارە لە رۆژنامەکە، بەیرووت بەرەو دیمەشق بەجێبهێڵم. دواتر لەسەر داوای مام جەلال، ژمارەکانی 10 و 11 و 12م بۆ دەرکردن. کاتێک ژمارەی 13م ئامادەکرد، خاوەن چاپخانەکە بە ئامادەکراویی بەر لە چاپکردن بۆی هێنام و منیش وەک رەزامەندی واژۆم کرد و داوام لێکرد چەند دانەیەکم بۆ ئامادە بکات تاوەکو لەگەڵ خۆم بیبەم بۆ دیمەشق. بەیانییەکەی کاتێک خاوەن چاپخانەکە چەند دانەیەک لە رۆژنامەکەی هێنا، تووشی شۆک بووم؛ بینیم ئەو کەسەی وەک سەرۆکی حیزب داماننابوو، بەیاننامەیەکی نووسیوە و تێیدا پەسنی دەوڵەتی مەغریب دەدات و هێرش دەکاتە سەر بەرەی پۆلیساریۆ. یەکسەر پەیوەندیم پێوەکرد و زنجیرەیەک جوێنی قورسم پێدا، پاشان چووم کرێی شوقەکەم دایە بەڕێوەبەری باڵەخانەکە. لەوکاتەدا هەستم کرد کەسێک لە دواوە دەستم رادەکێشێت و چەند جارێک ماچی دەکات؛ ئاوڕم دایەوە بینیم سەرۆکی حیزبەکەیە. تێمگەیاند کە بابەتەکە سیاسییە نەک کەسی و، بەرەو دیمەشق بەڕێکەوتم. چووم بۆ مەکتەبی مام جەلال و رۆژنامەکەم پێدا، ئەویش پێیگوتم: جارێکی دیکە داوات لێناکەم لەگەڵ ئەو کەسانە کاربکەی کە خۆیان فرۆشتووە. ئەو رووداوانەی لە ژیانمدا بەسەرم هاتوون زۆرن، بەڵام بۆ ئەوەی زۆر درێژەیان پێنەدەم، بۆ ئێستا هەر ئەوەندە بەسە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە