سزایی تەمەللی بۆ رووداو: چارەنووسی چەکدانانی پەکەکە بەستراوەتەوە بە کارەکانی پەرلەمانەوە
رووداو دیجیتاڵ
سزایی تەمەللی وردەکاریی قۆناخی نوێی پرۆسەی چارەسەری و رۆڵی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی لە پرۆسەکە باس دەکات و جەخت دەکاتەوە، پرۆسەکە ئێستا لە دەستی لیژنەیەکی پەرلەمانیدایە، هەنگاوەکانی داهاتووی پەکەکە بۆ چەکدانان، بەندە بە دەرکردنی یاسای پێویست و گەرەنتیی یاسایی لەلایەن پەرلەمانەوە.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، سزایی تەمەللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا باسی چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە پرۆسەی چارەسەری کرد.
لیژنەی پەرلەمانی؛ ناوەندی نوێی پرۆسەی چارەسەری
تەمەللی رایگەیاند، پرۆسەکە ئێستا چووەتە چوارچێوەی لیژنەیەکی 48 ئەندامیی پەرلەمانەوە کە هەموو فراکسیۆنەکان تێیدا بەشدارن جگە لە "ئیی پارتی". ئەم لیژنەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بە چڕی کار دەکات و ئەگەری درێژکردنەوەشی بۆ ساڵی 2026 هەیە. ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە ئامادەکردنی رەشنووسی ئەو یاسایانەیە کە پێویستن بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی.
چەکدانانی پەکەکە؛ مەرجدارە بە هەنگاوی پەرلەمان
سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە، تەمەللی گوتی، "رەنگە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو ببێت و رەنگە تەواویش نەبێت، ئەمە بەندە بە توانای لیژنەکە." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، پەکەکە لە 11ی تەممووزدا بە سووتاندنی چەک هەنگاوێکی گرنگی ناوە و "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی لیژنەکەدایە". بە بڕوای ئەو، ئەگەر پەرلەمان گەرەنتیی یاسایی و سیاسیی پێویست بۆ ئەو کەسانەی چەک دادەنێن، دابین بکات؛ ئەوا پەکەکەش وەڵامی ئەرێنی دەداتەوە.
رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ خاڵی دەستپێکی دروست
تەمەللی چەندین جار جەختی لەسەر رۆڵی گرنگی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پرۆسەکەدا کردەوە و رایگەیاند، "شوێنی دروست بێگومان رۆڵی بەڕێز ئۆجەلانە لەنێو پرۆسەکەدا." گوتیشی، هەر ئۆجەلان بوو یەکەمجار داوای کرد پەرلەمان ببێتە زەمینەی دانوستاندن و پێویستە دیدارەکان لەگەڵیدا و بەشداریکردنی لە پرۆسەکەدا بەشێکی سەرەکی بێت.
دەم پارتی؛ کلیلی هاوسەنگی لە لیژنەکەدا
لە وەڵامی نیگەرانییەکان سەبارەت بە زۆرینەی ئاکپارتی و مەهەپە لە لیژنەکەدا، تەمەللی روونیکردەوە کە بڕیارەکان پێویستیان بە رێژەی سێ لەسەر پێنجی دەنگەکان (60%) هەیە، ئەمەش وادەکات "دەم پارتی تێیدا یەکلاکەرەوە بێت." ئەو جەختی کردەوە، ئەوان خوازیاری کۆدەنگیی هەموو لایەنەکانن، بەڵام ئەگەر ناکۆکی دروستبوو، ئەولەویەتیان "چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد" دەبێت.
چارەنووسی دەمیرتاش و زیندانیانی سیاسی
تەمەللی ئازادنەکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەزاران زیندانیی سیاسیی دیکەی بە "بڕیارێکی سیاسی" وەسف کرد و گوتی، "بەڕێز دەمیرتاش ئێستا بارمتەیە نەک زیندانیکراو." ئەو داوای کرد لیژنەکە بە خێرایی کار لەسەر ئەو دۆسیانە بکات بۆ کۆتاییهێنان بەو "زووڵم و [کردەوە] نایاساییانە."
پرسی یەپەگە و دۆخی سووریا
سەبارەت بە باسی چەکدانانی یەپەگە، تەمەللی پێیوابوو ئەمە "دانانی عەرەبانەیە لەپێش ئەسپ" و رایگەیاند، لە دۆخی ئێستای سووریادا، ئەولەویەت بریتییە لە دیموکراتیزەکردنی سووریا، کە "هەسەدە" کاری بۆ دەکات و پێویستە تورکیا پشتیوانی لەو پرۆسەیە بکات، نەک داوای چەکدانان.
فێربوون لە ئەزموونی "دۆڵمەباخچە"
تەمەللی دڵنیایی دا کە وانەیان لە شکستی پرۆسەی پێشووی چارەسەری وەرگرتووە و گوتی، "لە هەمان ئاودا دوو جار سەر ناشۆردرێت." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ 70%ی کۆمەڵگەی تورکیا پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن و ئەمە دەرفەتێکی گرنگە.
لە کۆتاییدا، سزایی تەمەللی هیوا و گەشبینیی خۆی نیشان دا و رایگەیاند کە جگە لە ئاشتی هیچ رێگەچارەیەکی دیکە نییە و رزگاریی هەمووان بەندە بە گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەییەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی سزایی تەمەللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو:
رووداو: پرۆسەی چارەسەری ئێستا گەیشتووەتە کوێ؟
سزایی تەمەللی: پرۆسەکە ئێستا لە چوارچێوەی لیژنەیەکدایە، ئێوەش دەزانن لیژنەیەک لە پەرلەمان پێکهاتووە و 48 ئەندامی هەیە، جگە لە ئیی پارتی، هەموو فراکسیۆنەکانی دیکە بەشدارییان کرد و کۆبوونەوەی یەکەمیان کرد و چەند بڕیارێک دران. ئێستا لە قۆناخی لیژنەکەداین.
رووداو: ئەم پرۆسەیە چەند کاتی پێویستە بەڕێز تەمەللی؟
سزایی تەمەللی: قۆناخەکانی لیژنەکە تاوەکو (1ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ) زۆر بە چڕی بەردەوام دەبن، تاوەکو کۆتایی 2025 کاری بۆ دەکەین، لە هەمان کات دا کارنامەیەکی دیاریکراومان هەیە تاوەکو دەگەینە هەندێک بابەت کە پێویستمان بە هەندێک یاسا دەبێت و پێویستە بەپەلە دەربچن.هاوکات هەندێک هەموواری دیکەمان پێویست دەبن، بەپێی پێویستیش تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ یان ئەگەر پێویستی کرد دەتوانین تاوەکو 2026 بەردەوام بین، تاوەکو ئێستا هیچ شتێک بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە، بەڵام بەپێی ئەوەی دیاریکراوە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
رووداو: ئەم رۆژانە هەندێ قسەوباس هەن لەبارەی چەکدانانی پەکەکە، ئایا کەی چەکدانانی پەکەکە تەواو دەبێت، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبێت؟
سزایی تەمەللی: رەنگە تەواوبێت و رەنگە تەواویش نەبێت، ئەمە بەندە بە توانا و کارکردنی ئەم لیژنانە، ئەگەر ئەو یاسا پێویستانە جێبەجێبکرێن و لیژنەکە بتوانێت بە کارایی کارەکانی بکات، بەدڵنیاییەوە تەواو دەبێت و ئەگەرنا دوادەکەوێت. ئەوانەی چەکیان داناوە و ئەو دۆخەی کە بەهۆی شەڕی چەند دەیەوە روویانداوە پێویست دەکات بە هەموو شێوەیەک رێگە یاساییەکان دیاری بکرێن، لە رۆژی 11ـی تەمموزدا گەریلا چەکی خۆی سووتاند، ئەمە هەنگاوێکی زۆر زۆر گرنگ بوو، دواتر لیژنە پێکهێندرا، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی لیژنەکەدایە، دەبێت زۆر بە جوانی هەڵسەنگاندنی بۆ بکات، زۆر بە باشی کاری بۆ بکات، ئەگەر ئامانجەکە ئەوەبێت کە ئاشتییەکی هەمیشەیی دەستبەربێت و کۆتایی بە چەکەکان بهێنرێت، دەبێت پەرلەمان رۆڵێکی زۆر گرنگ لە ئەستۆ بگرێت، لیژنەکەش بە هەمان شێوە یاسای نوێ دابنێت، هەروەها بتوانرێت هەندێک یاسا هەمواربکرێنەوە. ئەم بابەتە بۆ ئەوەیە ئەو کەسانەی بوونەتە قووربانی و ئەو کەسانەی لەم چوارچێوەیەدا دادگایی کراون بە هەموو شێوەیەک هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.
رووداو: باسی ئەوەت کرد کە هەموو کارەکە ئێستا لەلای کۆمیسیۆنەکەیە، ئەو کۆمیسیۆنەی کە ئێستا لە پەرلەمان هەیە و دەبێت ئەو کارەکان بکات و هەموو پارتەکانیشی تێیدایە، بەڵام ئایا ئەم کۆمیسیۆنە نەخشەیەکی روونی لەبەر دەستە کە هەنگاوەکانی چی دەبن، یاخود ئەمە دەمێنێتەوە سەر رۆژانی داهاتوو کە کۆببنەوە و بڕیار بدەن چی بکەن؟
سزایی تەمەللی: لیژنەکە بە دڵنیاییەوە بە راوێژکاری بەڕێوەدەچێت، داخراو نابێت کە هەموو شتێک خۆی بیکات، بەڵکو بە راوێژکردن کار دەکات، بەر لە هەموو شتێک مسۆگەرکردنی کۆدەنگیی و هاودەنگی کۆمەڵایەتی گرنگە، هەر بۆیە یەکێک لە ئەرکەکانی ئەوە دەبێت بگاتە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بۆچوون و پێشنیازەکانیان وەربگرێت و ئەمەش بگوازێتەوە بۆ پرۆسەی پەرلەمانی. بێگومان ئەمە بەرپرسیارێتییەکی یاسادانانە کە دەرکردنی یاساکانی پەیوەست بەم بابەتەیە، بەڵام ئەمە بواری سیاسی هەیە، بواری کۆمەڵایەتی هەیە، چەندین بواری هەیە. لە بواری سیاسی دا، بێگومان دیدارەکان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان، بەشداریکردنی ئەو لە پرۆسەکەدا، هەلومەرجی کارکردن و ژیانی ئەو، دیاریکەرێکی گرنگە، لەلایەکی دیکەوە کاتێک بیری لێدەکەینەوە کە پەکەکە لەم بابەتەدا لایەنێکە، دیالۆگ و راوێژ لەگەڵیاندا گرنگە، لایەنی دەوڵەت هەیە، لایەنی بیرۆکراسی هەیە، پلاتفۆرمی نێودەوڵەتی هەن، واتە تۆڕێکی زۆر ئاڵۆزی پەیوەندییەکان هەن، بەڵام پێویستە هەموو ئەمانە بە شێوەیەکی رێکوپێک و تەندروست بەڕێوەببرێن و ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن و هەموومان، بەشداری و بەردەوامییە لەم پرۆسەیەدا ، دانانی ئەمە تەنیا وەک کارێکی کۆمیسیۆن، لەوانەیە چەواشەکارانە بێت. کۆمیسیۆن کاری خۆی هەن، بەڵام ئەوەی کارەکانی کۆمیسیۆن مسۆگەر دەکات، تۆڕێکی زۆر فراوانی پەیوەندییەکان و جیهانێکە لەو بوارەدا، بەڵام لێرەدا ئەوەی پێویستە سەرەتا فەرامۆش نەکرێت و پێویستە لە شوێنێکی دروستەوە دەست پێبکرێت وەکو دەڵێین، شوێنی دروستیش بێگومان رۆڵی بەڕێز ئۆجەلانە لەنێو پرۆسەکەدا، پێویستە ئەم پرۆسەیە لە شوێنێکەوە پێشبخرێت کە ئەم رۆڵە فەرامۆش نەکات و لەبەرچاوی بگرێت. چونکە لە کۆتاییدا، یەکەم کەس کە ئاماژەی بە پەرلەمان کرد و رایگەیاند کە پێویستە زەوینەی دانوستاندن لە پەرلەمانەوە دەست پێبکات، هەر بەڕێز ئۆجەلان بوو.
رووداو: کۆمیسیۆنەکە لەگەڵ سوپاسالاری تورکیا، وەزیری بەرگریی تورکیا، هەروەها سەرۆکی میت کۆدەبێتەوە، ئەمەش هەر پەیوەندی بە چەکدانانی پەکەکەوە هەیە، بەڵام لە هەمان کات دا ئاماژەکان لە پەکەکەوە چین، جگە لەو هەنگاوەی یەکەم کە چەکەکانیان سووتاند، ئەوە هەنگاوێکی سیمبوولی بوو، ئاماژەش لە پەکەکەوە هەیە کە ئامادەیە بۆ چەکدانان، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاری کۆمیسیۆنەکە. یاخود پەکەکەش چاوەڕێی دەرئەنجامی کاری کۆمیسیۆنەکە دەکات؟
سزایی تەمەللی: سەرۆکی میت، وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆ بەشداری لە لیژنەکەدا ناکەن، بەڵکو زانیاری دەدەنە لیژنەکە. واتە بیرۆکراسیی ئەمنی، ئەگەر بە دروستی پێناسەی بکەین، بیرۆکراسیی ئەمنی، سەبارەت بە قۆناخی پێکدادان و دوای ئەوە لیژنەکە ئاگادار دەکاتەوە. ئەمە تەنیا کۆبوونەوەی زانیاریدانە، لەلایەکی دیکەوە پرسی چەکدانانی پەکەکە وەکو کەمێک لەمەوبەر گوتم پرۆسەیەکە کە هەنگاو بە هەنگاو پێشدەکەوێت، پەکەکە لێرەدا دەستپێشخەری کردووە، لە وەڵامی بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بە شێوەیەکی گونجاو لە 11ی تەممووزدا هەنگاوێکی ناوە، ئێستا ئەو لایەنەی کە پێویستە هەنگاو بنێت بێگومان پەرلەمانە، چونکە پێش هەموو شتێک گەرەنتی یاسایی، مافە یاساییەکان و مافە سیاسییەکان، ئەو میکانیزمەی کە ئەمە مسۆگەر دەکات، پەرلەمانە. لەبەرئەوەی پێویستە یاسای پێویست بۆ ئەمە دەربکات یان گۆڕانکاری لە یاسا کارپێکراوەکاندا بکات. ئەم لیژنەیە بۆ ئەوە پێکهێنراوە کە پەرلەمان ئەم کارە بکات. لیژنەکە رەشنووسی ئەم یاسایانە ئامادە دەکات و دەیەوێت ئەم رەشنووسانە بە فراوانترین کۆدەنگیی ئەگەری دروست بکات، ئەمانە دواتر دێنە پەرلەمان، لە پەرلەمانیش ئەم پێشنیازە یاسایانە دەبنە یاسا، دوای ئەوە بێگومان پەکەکەش بەپێی ئەم یاسایانە بەردەوام دەبێت لە هەنگاونان. واتە ئێستا، پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ کارەکانی لیژنەکە، دەرەنجامەکانی و یاساییبوون و یاسادانانی ئەمانە، ئێمە تەواو لەو قۆناخەداین. بۆیە ئەگەر بتوانین لەم بابەتەدا رێگەیەکی دروست ببڕین، لە کورتترین کاتدا پەکەکەش وەڵامی پێویست دەداتەوە، هەرواشە بەڕێز ئۆجەلان لەم بارەیەوە لێدوانی دا. ئێستا چاوەڕوانییەکان لەم ئاراستەیەدان و هیوادارم بتوانین بە شێوەیەکی دروست، رژد و دڵسۆزانە بە رێگەکەدا بچین.
رووداو: ئەم لیژنەیە راسپاردە پێشکێش دەکات و دەسەڵاتی نییە، بەڵکو راسپاردە دەداتە پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان، کاتێک لیژنەکە دەسەڵاتی نییە و تەنیا راسپاردە دەدات، راسپاردەکانی بەهایان دەبێت؟
سزایی تەمەللی: نەخێر، وانییە کە لیژنەکە هێزی نەبێت، لیژنەکە هێزی هەیە، چونکە بە نوێنەرایەتی هەموو پارتەکان پێکهاتووە و رەشنووسی یاسا ئامادە دەکات، پرۆسەکە هەروا بەڕێوەدەچێت، لیژنەکانی پەرلەمان لە هەر بابەتێکدا کار بکەن، رەشنووسی یاسا ئامادە دەکەن. هێزی یاسادانان بێگومان هێزی پەرلەمانە، پەرلەمان ئەمە دەکاتە یاسا. لە پشت ئەمەوە چ ئیرادەیەک هەیە؟ لە پشت ئەمەوە ئیرادەی پارتە سیاسییەکان، کۆمەڵگە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە. ئەمە خۆی سیاسەتی نوێنەرایەتییە. ئەم لیژنەیە بە نوێنەرایەتییەکی گونجاو لەگەڵ ئەمەدا پێکهاتووە. بۆیە وانییە کە هێزی نەبێت، بەڵکو ئەو هێزەی لە کۆمەڵگە و خەڵکەوە وەریگرتووە، با بە دروستی بەکاریبێنێت و ئەم پێشنیازە یاسایانە بە زووترین کات ئامادەبکات و پەرلەمان بخاتە جووڵە، بۆیە ئەمە بەپێی پرۆسەکە پێکهێنراوە. ئەگەر بە دروستی کار نەکات، بێگومان بێ هێزییەک دروست دەبێت. ناکارایی دروست دەبێت، ئەمەش دۆخێکی نەخوازراوە و ئێمە دەمانەوێت لیژنەکە بەڕاستی ئیرادەی خۆی بە شێوەیەکی تەندروست بخاتەڕوو و ئەم کارانە بکات. چونکە تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموومان سەبارەت بە چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی گەورە. کۆدەنگییەکی گرنگ بەدیهاتووە. ئەمە چەند پەیوەندی بە داهاتووی کورد لە چوار پارچەی کوردستانەوە هەیە، هێندەش پەیوەندی بە داهاتووی هەموو جوگرافیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو گەلانەوە هەیە، راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاشتی ناوچەکەوە هەیە لە سووریا، تورکیا، عێراق و ئێران. راستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر داهاتووی گەلان و پرسی دیموکراسی. واتە شتێکە بۆ هەموومان باشە، با هەموو کەسێک بۆ شتێک کە بۆ هەموومان باشە، هەوڵی خۆی بدات. دڵنیام لەم بابەتەدا پێشدەکەوین. بۆیە بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان، هەنگاوی پەکەکە، هەموو ئەمانە پێشهاتی گرنگن و هەموو جیهان ئەمەی بینی و ئەرێنی بوو، پشتیوانی کرد. ئێستا کاتی ئەوەیە بەم بەرپرسیارێتییەوە بجوڵێینەوە. لەو باوەڕەدام کە دەسەڵات و دەوڵەتیش، ئەم لیژنەیەش بە وشیارییەوە لەم بەرپرسیارێتییەدا کار دەکات، چونکە جگە لە ئاشتی هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە و رزگاریی هەموومان بەندە بە ئاشتییەوە. پێویستە بیکەینە ئاشتییەکی هەمیشەیی و لە هەموو جوگرافیاکەدا باڵا دەستی بکەین و پێویستە رێگریی بکەین لەوەی گەلەکەمان لە گێژاوی شەڕدا لەنێوبچێت.
رووداو: دەبێ دەم پارتی چی بکات بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەم پرۆسەیەی ئێستا و ئەم کۆمیسیۆنەی ئێستا کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، هەمان چارەنووسی بۆ نموونە دانوستاندنی "دۆڵمەباخچە سارای" نەبێت کە لە پرۆسەی یەکەمی چارەسەری دا شکستی هێنا و دواتر شەڕی خەندەکی لێکەوتەوە لە باکووری کوردستان، دەبێ چی بکرێت؟
سزایی تەمەللی: با ئەوە بڵێم، ئێمە لە یەکەم رۆژەوە لەنێو هەوڵێکی چڕداین. لە هەمان ئاودا دوو جار سەر ناشۆردرێت، پرسی دۆڵمەباخچە بە بەجێهێشتنی وانەی گرنگ، شوێنی خۆی لە مێژوودا گرت. هەموو کەسێک وانەی پێویستی لەو مێژووە وەرگرت. ئێمەش بە ئاگاداری لەوە کار دەکەین. لە یەکەم رۆژەوە، سیاسەتەکانمان لەسەر هێڵێکی زۆر دروست پەرەپێدا، باوەڕ بکەن بێوەچان کارمان کرد و دەرگایەک نەما لێی نەدەین، شوێنێک نەما بۆی نەچین، لە دیداری جەماوەرییەوە تاوەکو دەگاتە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، گەیشتینە هەموو شوێنێک و زۆرینەیەکی گەورەی کۆمەڵگە، سیاسەت و پارت و کۆمەڵەکان و سەندیکاکانمان قایلکرد. هەرچی بە مێشکتاندا دێت، زۆربەی زۆری ئەمانەمان لەم بابەتەدا قایلکرد. بێگومان ئەوانەی قایل نابن و دژایەتی دەکەن هەن، بەڵام باوەڕ بکەن رێژەی ئەوانە رۆژ بە رۆژ کەم دەبێت. ئەمڕۆ لە تورکیا 70%ی کۆمەڵگە پشتیوانی لەم پرۆسەی دانوستاندن و پرۆسەی ئاشتی یە دەکات. ئەمە شتێکی ئەرێنییە. باوەڕدەکەم ئەم رێژەیە زیاتریش دەبێت. بۆیە ئەگەر بتوانین پرسەکە بە دروستی بگەیێنینە کۆمەڵگە، خەڵک و مرۆڤەکان، هەموو کەسێک ئامادەیە بۆ ئاشتی. ئێمەش ئەم رۆڵەی خۆمان جێبەجێکرد. بەپێی ئەو بەرپرسیارێتییەی دەکەوتە ئەستۆمان کارمان کرد و بەردەوامین. ئەرکی دەم پارتیش هەر ئەمەیە؛ تێکۆشان بۆ دیموکراسی و دروستکردنی زەوینەی دانوستاندن بۆ چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد. لەم قۆناخەدا، هەوڵماندا ئەمە مسۆگەر بکەین و بەردەوامین لە رێگەکەمان. بێگومان، لەبەرامبەر ئێمەدا دووژمنایەتیکردنی کورد هەیە کە بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بە گوتاری رق خۆی بەهێزکردووە. با ئەم راستییە لەبیر نەکەین. شکاندنی ئەمە، کۆتاییهاتنی ئەمە گرنگە. بەر لە هەموو شتێک ئەگەر کورد و تورک لەم جوگرافیایەدا پێکەوە دەژین، پێویستە لەم گوتاری رقە، لەم جیاکارییە، لەم دووژمنایەتییە رزگاریان بێت. ئێمە لە پرۆسەیەک دێینە دەرەوە کە دەروونی کۆمەڵگە بەم رادەیە لەژێر وێرانکاریدا بووە. کارمان ئاسان نییە، بەڵام سوورین، بڕیارمانداوە و هیوادارین. بەردەوامیشین لە کارەکانمان.
رووداو: بۆچی دەم پارتی گوشاری نەکرد لە هاوپەیمانی جمهوور تاوەکو ئەم کۆمیسیۆنە بە یاسا رێکبخرێت، واتە لە پەرلەمان دەنگی لەسەربدرێت. ئایا ئەمە گرەنتی زیاتری بە پرۆسەکە و کۆمیسیۆنەکە نەدەبەخشی؟
سزایی تەمەللی: لە راستی دا ئێمە کردمان، چونکە پێویست بوو ئەم لیژنەیە کارا بکرێت، بەبێ لیژنەکە، جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە زۆر ئەستەم بوو، بۆیە کاراکردنی لیژنە هێندە ئاسان نەبوو، بۆ ئەمە لە پەرلەمان لانیکەم چوار جار چووینە لای ئەو پارتانەی فراکسیۆنیان هەیە، دیپلۆماسییەتی ئەمەمان زۆر بە چڕی بەڕێوەبرد، واتە دروستبوونی ئەم مێزە و کاراکردنی، هێندە ئاسان نەبوو. لایەنی دژبەر هەبوون. پارتەکان مەرجی جیاوازیان دەهێنایە پێشەوە، بەڵام لە کۆتاییدا، لە ئەنجامی ئەم هەوڵەدا، هەفتەی رابردوو رۆژی سێشەممە، سەرئەنجام لیژنەکە کۆبووەوە. ئێمە ئەمەمان سەرخست، گرنگە و پێویستە لێرەدا باسی سەرۆکی پەرلەمان بکەین، هەوڵی دڵسۆزانەی سەرۆکی پەرلەمان، بەڕێز نوعمان کورتوولمووش، لەم بابەتەدا گرنگە، لەوانەیە ئەو یەکەم کەس بووبێت بە دروستی لێمان تێگەیشتبێت. لە کۆتاییدا توانیمان ئەم لیژنەیە کارا بکەین، کاتێک دەستمان پێکرد، کاتێک ناوی لیژنە هاتە ئاراوە، هەموو کەسێک لیژنەی خۆی پێناسە کرد لەجیاتی لیژنەیەکی هاوبەش کە هەمووان لە دەوری مێزێک دابنیشن، هەموو کەسێک باسی سیناریۆی خۆی دەکرد، ئێمە وا نەبووین، ئاماژەمان بە دروستبوونی مێزێکی هاوبەش دەکرد. ئەمڕۆ ئەگەر سەرنج بدەن، لەو مێزەی دەم پارتی لێیە، ئەگەر ئیی پارتی بەدەر بکەین، هەموو پارتەکان هەن، ساڵێک لەمەوبەر ئەوانەی سڵاویان لێ نەدەکردین، ئەوانەی نەیاندەویست لەگەڵمان بن، ئێستا لە دەوری مێزێکی هاوبەش کۆبوونەتەوە. بە بڕوای من ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، ئێمە شانازی بە سەرخستنی ئەمەوە دەکەین وەک دەم پارتی. هەموو هەڤاڵانمان، لە رێکخستنەکانی شار و شارۆچکەکانەوە تاوەکو دەگاتە ناوەندی گشتی، بە پشتیوانی و هێزی گەلەکەمان، هەنگاوێکی گرنگمان نا، بەڵام ئایا بەسە؟ بێگومان نەخێر، ئێستا ئەرکمان ئەوەیە ئەمە بکەینە لیژنەیەکی کاریگەر و بەهێز، ئێستا بە بەرپرسیارێتییەوە کار لەسەر ئەمە دەکەین.
رووداو: ئاکپارتی 22 ئەندامی لەم لیژنەیەدا هەیە، لە کۆی 51 ئەندام، مەهەپەش 5 ئەندامی هەیە، واتە ئاکپارتی و مەهەپە پێکەوە 27 ئەندامیان هەیە، زۆرینەی رەهایان هەیە، چ گرەنتییەک هەیە کە ئەم زۆرینە رەهایە بەکارنەهێندرێ بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکان بەبێ ئەوەی کە گوێ لە دەنگی دەم پارتی بگیرێت؟ ئەمە تەنانەت ئێستا نیگەرانیی جەهەپەشە، بۆ نموونە وایکردووە کە ئۆزگور ئۆزەلی سەرۆکی جەهەپە، تەنانەت هۆشداریی دا لەبارەی کشانەوە لە لیژنەکە؟
سزایی تەمەللی: لێرەدا رێژەی پێویست بۆ بڕیاردان سێ لەسەر پێنجە، واتە بە 60٪ بڕیارەکان تێدەپەڕن، ئەمە بە زۆرینەی رێژەیی ناسراوە. لە دیاریکردنی ئەم ٪60دا، هۆکاری یەکلاییکەرەوە و دیاریکەر، دەم پارتییە. هەڵوێستی دەم پارتی لەم بارەیەوە روونە نە بلۆکی دەسەڵات و نە بلۆکی ئۆپۆزیسیۆنە. بە تەنیا ناتوانن ئەم بڕیارانە تێپەڕێنن، لێرەدا بڕیارەکان لە خاڵێکدان کە دەم پارتی تێیدا یەکلاکەرەوەیە. ئێمە بێگومان نامانەوێت ئەمە وەک شێوازێکی سیاسەتی باو بەکاربێنین. ئێمە خوازیاری هاوبەشی و رێککەوتنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنین. دەمانەوێت بڕیارێکی هاوبەش بدرێت. بۆیە بۆ چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد، دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئاشتیی ناوچەکە، هەڵوێستێکی زۆر روونمان هەیە. ئەم بڕیارانە بە هەر زۆرینەیەک دەربچن، ئێمە لەوێ دەبین. بۆیە کاری لەپێشینەی ئێمە چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کوردە، دیموکراسیی تورکیایە، ئاشتیی ناوچەکەیە. لەوباوەڕەدام پارتەکانی دیکەش لەم بارەیەوە بڕیاری تەندروست دەدەن و نەک بە سێ لەسەر پێنج، بەڵکو بە پێنج لەسەر پێنج، واتە بە رێککەوتنی تەواو و هاوبەش، ئەم بڕیارانە تێدەپەڕن. بەڵام ئەگەر وانەبێت، بێگومان کاتێک ناکۆکی و جیاوازی دروست دەبێت، لەو دۆخەدا، کاری لەپێشینەی ئێمە چارەسەری دیموکراسییانەی پرسەکەیە و پشتیوانی لەو بڕیارانە دەکەین و بۆ جێبەجێبوونیان هەنگاو دەنێین.
رووداو: وەکو دەم پارتی، دوای ئەوەی کە وەرزی یاسادانانی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە، یەکەمین یاسا کە دەتانەوێت دەنگی لەسەر بدرێت لەنێو پەرلەمان کامەیە؟
سزایی تەمەللی: لێرەدا چەند هەمواری گرنگی یاسایی لە ئارادان، یەکێکیان و گرنگترینیان، گەرەنتی یاسایی و مافە یاساییەکانی ئەوانەیە کە چەک دادەنێن و مەرجەکانی بەشداریکردنیانە لە سیاسەت دا، پێویستە هەموارەکانی ئەم بوارە پێش هەموو شتێک بن. لەلایەکی دیکەوە هەر پەیوەست بەم پرسە، ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ وەک ئەنجامی قۆناخی پێکدادان دادگاییکراون و لە زینداندان، ئەوانەی لە زێدی خۆیان ئاوارەبوون و لە تاراوگە دەژین، واتە بە کورتی، هەموو ئەوانەی بەهۆی ئەم پرسەوە بوونەتە قوربانی و مافیان پێشێلکراوە، لابردنی ئەم زیانانە لە رێگەی یاساوە کاری لەپێشینە دەبێت. گۆڕینی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەندێک ماددەی یاسای سزادانی تورکی و لەپاڵ ئەمانەش دا، دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بەم قۆناخە و تایبەتمەندییەکانی، کاری لەپێشینە دەبێت. ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەمە دەبێت. پێویستە لە شوێنی دروستەوە دەست پێبکەین. دەرچوونی ئەم یاسایە کاریگەری گرنگی لەسەر هەمواری یاساکانی دیکە دەبێت.
رووداو: هیچ بیرۆکەیەکتان گەڵاڵە کردووە لەبارەی گەریلاکان دوای ئەوەی چەک دادەنێن لە باشووری کوردستان لە کەمپ دەمێننەوە، یان راسەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا؟
سزایی تەمەللی: هێشتا لەم بارەیەوە گفتوگۆیەک نییە، هێشتا لەم بارەیەوە هیچ مۆدێلێک پێشنیاز نەکراوە، بەڵام بێگومان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. بۆیە بە بڕوای من، ئەمە بۆچوونی تایبەتی خۆمە، هەر کەسێک هاووڵاتیی هەر وڵاتێک بێت، پێویستە لە وڵاتی خۆیدا مافە یاسایی و سیاسییەکانی بەدەستبێنێ. لێرەدا بێگومان لەوانەیە کێشەی ئەمنی هەبێت، لەوانەیە کێشە دروستبێ بەهۆی مەترسییەکانەوە، ئەمانە دەکرێت بە جیا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. بەڵام لە 11ی تەممووزدا، لە لێدوانەکەی بەسێ هۆزات دا، ئەمە بە روونی خرایەڕوو، بۆیە با هەموو کەسێک لە وڵاتی خۆی، لە ناوچەی خۆی بێت، بەشداری لە سیاسەت دا بکات، لەنێو سیاسەتی دیموکراسی دا تێکۆشانی خۆی درێژە پێبدات، ئەوەی دروستە ئەمەیە، بەڵام وەک گوتم، هێشتا هیچ مۆدێل یان پێشنیازێک لەم بارەیەوە نەگەیشتووەتە ئێمە، بێگومان لە چوارچێوەی فراوانترین مافە دیموکراسییەکانەوە لە پرسەکە نزیک دەبینەوە و ئێمەش دەزانین کە مەترسیی دیاریکراو هەن. بۆ لەنێوبردنی ئەم مەترسییانەش، کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی و ئاشتبوونەوەی کۆمەڵگە لەگەڵ یەکتر و دەرکەوتنی راستییەکان، گرنگییەکی گەورەیان هەیە. هێشتا رێگەیەکی دوورمان لەپێشە، بەڵام وەک گوتم، پێویستە لە شوێنێکەوە دەست پێبکەین کە بنەڕەتیترین مافەکان مسۆگەر بکات.
رووداو: ئەو گەریلایانەی کە هاووڵاتی تورکیا نین، بەڵکو خەڵکی وڵاتانی دیکەن بۆ نموونە بەشێکیان خەڵکی باشووری کوردستانن، بەشێک خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن یان ئێران، خەڵکانی دیکە هەن خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن یان سووریا، ئەگەر ئەم کەسانە لەم پرۆسەیەدا بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە، یان رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە، لەنێو ئەم پرۆسەیەدا یان لەنێو کۆمیسیۆنەکە بیر لەوە کراوەتەوە کە چۆن هاوکاریی ئەم کەسانە بکرێ، ئەوانەی کە بە ناسنامە تورکیایی نین؟
سزایی تەمەللی: لیژنەکە هێشتا لە سەرەتای رێگادایە، هێشتا ئەم بابەتانەی تاوتوێ نەکردووە، ئێستا ئەو بابەتەی باستکرد زۆر زۆر گرنگە، دیسان بۆچوونی تایبەتی خۆم دەڵێم هێشتا لە لیژنەکەدا باسمان نەکردووە، بە گفتوگۆکان دێتە ئاراوە، ئێستا دوای ئەوەی گەریلاکان چەک دادەنێن، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتەی هاووڵاتی ئەون، بەڵام ئەگەر لە کاتی گەڕانەوەیاندا رووبەڕووی مەترسی ببنەوە، پێویستە لەو شوێنەی مەترسی نییە بمێننەوە و بە مسۆگەرکردنی گەرەنتییە یاساییەکانیان بمێننەوە، بۆیە تورکیا لەکاتی بنیاتنانی ئەم ئاشتییەدا، پێویستە گەرەنتی یاسایی ئەو گەریلایانەش لەبەرچاو بگرێت کە هاووڵاتیی خۆی نین، ئەگەرنا کێشەکە چارەسەر نابێت و دەگوازرێتەوە شوێنی دیکە، بۆیە پێویستە تورکیا لە روانگەیەکی یاسایی گشتگیرەوە لە پرسەکە نزیک ببێتەوە و مافەکانی سەرچاوەگرتوو لە یاسای نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگرێت، بۆیە ئەگەر گەریلایەکی چەکدانەر لەو وڵاتەی بۆی دەچێت رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە، پێویستە رێکخراوێک هەبێت کە ئەم مەترسییانەش نەهێڵێ . هێشتا لە سەرەتای رێگاداین، هێشتا ئەم بابەتانە قسەیان لەسەر نەکراوە، بەڵام ئاماژەت بە بابەتێکی گرنگ کرد بەڕاستی ئەمەش لەبەرچاو دەگیرێت.
رووداو: بابەتی چەکدانانی یەپەگە ئێستا بەهەمان شێوە باس دەکرێت، بۆچی دەنگێکی وا هەیە لەنێو تورکیادا؟
سزایی تەمەللی: بەڕاستی ئێستا ئەگەر سەیری سووریا بکەین، کێ دەتوانێت لە سووریا چەک دابنێت؟ لە دۆخێکی وادا، لە جیهانێکی وادا، ئەگەر ئێمە لە تورکیاوە هەوڵبدەین بچینە سووریا، یەکەم شت کە لەگەڵ خۆمان دەیبەین چەک دەبێت. بۆیە لێرەدا پرسی چەکدانانی یەپەگە، بە بڕوای من، کەمێک بەهۆی تێنەگەیشتنی پێویستە لە پرسی سووریا. بۆیە لەوێ، هێزەکانی سووریای دیموکرات، پێکهاتەیەکی سیاسیی گرنگن. بۆچی گرنگن؟ بۆ دیموکراتیزەکردنی سووریا گرنگن. لەوێ، لە سەرووی هەموویانەوە گەلی کورد و گەلانی دیکەی دانیشتووی سووریا، وەک عەرەب، درووز، عەلەوی و هەموو ئەمانە، گرنگترین شت کە ئاسایشیان مسۆگەر دەکات، دیموکراتیزەکردنی سووریایە. کێ ئەمڕۆ خوازیاری دیموکراتیزەکردنی سووریایە؟ هەسەدە. بۆیە پێویستە ئێمەش پشتگیری لە هەسەدە بکەین. واتە ئێستا لەجیاتی ئەوەی پرسی چەکدانان و نە دانانی خەڵکی ئەوێ بهێنینە پێشەوە، ئەگەر پرسی دیموکراتیزەکردنی سووریا بهێنینە پێشەوە، کاتێک سووریا لەسەر بنەمای دیموکراسیی خۆجێ، دیموکراسییەکی بەهێز جێبەجێ بکات و لە پاشماوەکانی رژێمی بەعس رزگاری بێت، بەڕاستی پرسی سووریاش لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر دەبێت. دوای ئەوە دەتوانین قسە لەسەر پرسی چەک بکەین. بۆیە ئێستا هێنانەپێشەوەی پرسی چەکدانانی هەسەدە یان بەشداریکردنی لە حکومەتی ناوەندی و سوپا، کەمێک وەک دانانی عەرەبانەیە لە پێش ئەسپەکەوە. بۆیە سەرەتا ئاسایشی گەلانی سووریا، مافە یاساییەکانیان و پێکهاتە دیموکراسییەکانی ئەوێ، لە پێشینەدان. پێویستە تورکیا لەم بارەیەوە پشتیوانی بکات. تورکیا نابێ هێشتا بە تێڕوانینی سیاسەتی دەرەوەی رابردوو لە سووریا نزیک ببێتەوە. ئێستا دۆخێکی نوێ هەیە. پێشهاتی نوێ هەن. دوای 27ی شوبات و پەیامەکانی بەڕێز ئۆجەلان، ئێمە لە قۆناخێکی زۆر گرنگی گۆڕانکاریداین. لەم قۆناخە گەورەی گۆڕانکارییەدا، پێویستە سیاسەتی دەرەوەی تورکیاش بگۆڕێت. نزیکبوونەوەی لە سووریا و هەروەهاش لە عێراق. پێویستە ئازادیی و تایبەتمەندی گەلان و حکومەتەکانی ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت، بۆیە ئەو پەیوەندییە تەندروستەی لەگەڵ کورد دادەمەزرێت، تەنیا کوردانی تورکیا ناگرێتەوە، بەڵکو پێویستە هەموو کوردانی ناوچەکە لەخۆ بگرێت. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین رێگەیەکی گرنگ ببڕین، ئەمە کێشەی هاوبەشی هەموومانە و پێویستە لەسەر ئاستی ناوچەکە چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.
رووداو: دەم پارتی کەی کۆنگرە دەبەستێت؟
سزایی تەمەللی: کاتی کۆنگرەی ئاسایی ئێمە لە مانگی 10 دەست پێدەکات، دوای مانگی 10، ساڵێکمان لەبەردەستە لەو ساڵەدا، لە گونجاوترین کاتدا کۆنگرەکەمان دەکەین. ئێستا، ئەنجامدانی کۆنگرە کاتێک کاتی دێت، نەریتێکمان هەیە بەگشتی دوو ساڵ جارێک کۆنگرەکانمان دەکەین ، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی ئەو دۆخەی تێیداین، ئەو جوڵە سیاسییەی تێیداین، ئەو پرۆسەیەی لە مانگی 10 دەست پێدەکات، لە کورتترین کات دا تەواو دەبێت، بەڵام ئێستا ناتوانم رۆژێکی دیاریکراوتان پێ بڵێم. هێشتا ئەنجوومەنەکانمان ئەم بابەتەیان نەخستووەتە رۆژەڤی خۆیانەوە. کاتێک خستیانە رۆژەڤەوە، پلانێک دادەنرێت، بەڵام لە مانگی 10 دەست پێدەکات. ساڵێکمان هەیە و پێویستە لەو ماوەیەدا بیکەین. کاتێک ئەنجوومەنەکانمان پلانێکی تەواویان دانا، بە رای گشتی رادەگەیێنین.
رووداو: ئایا دەم پارتی فراوان دەبێت؟ یان ناوی دەگۆڕێت؟
سزایی تەمەللی: بێگومان هەر سەردەمێک ستراتیژی سیاسیی تایبەتی خۆی هەیە، دەم پارتیش، لە راستی دا هەدەپەیە، وەک دەزانن ناچاربووین ناوی خۆمان بگۆڕین. سەرەتا بووینە پارتی چەپی سەوز و چووینە هەڵبژاردن، دواتر بووینە دەم پارتی. لە راستی دا هەدەپە بەم مانایە، پارتی تێکۆشان و دانوستاندنە. پارتی دانوستاندنە بۆ تێکۆشانی دیموکراسی و چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد. ئێستا، بەپێی ئەو قۆناخەی دانوستاندن و تێکۆشان پێیگەیشتووە، بێگومان بەشێوەیەکی سرووشتی خۆی لە نوێوە رێکدەخاتەوە بەبێ لەدەستدانی گەوهەری خۆی، بەبێ دوورکەوتنەوە لە فیکری خۆی، بە پاراستنی پارادایمی دامەزراندنی خۆی، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی سەردەمی نوێ، خۆی بەهێزتر و فراوانتر دەکات و لە نوێوە خۆی رێکدەخاتەوە.
رووداو: کەی دەست بە گۆڕین یان ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە دەستووری تورکیادا دەکرێت؟
سزایی تەمەللی: بە بڕوای من نا، بێگومان ئەمە بۆچوونی خۆمە. چونکە لە تورکیا ئێستا هەلومەرج بۆ پرۆسەی دەستبردن بۆ دەستوور زۆر گونجاو نییە. بۆچی؟ چونکە لە تورکیا لەجیاتی ئەوەی پرسەکە لەبەرچاو بگیرێت، نزیکبوونەوەی دەسەڵاتخوازانە و هەڵبژاردنخوازانە لە پێشەوەن، ئەمە بۆ دەسەڵات و بۆ ئۆپۆزیسیۆن دەڵێم. تاوەکو بەم نیگەرانییانەوە کار بکرێت، دروستکردنی دەستوورێکی تەندروست زۆر ئەستەمە، سەرەتا پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ چارەسەری پرسی کورد. پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا. ئەگەر بمانەوێت بۆ دروستکردنی دەستوور هەنگاو بنێین، پێویستە چەندین بوار مەدەنی و دیموکراسی بکرێن. ئەمە یاساکانیش لەخۆ دەگرێت. پێویستمان بە پاککردنەوەی رێگەکە هەیە. ئەمەش کاتی دەوێت. هەرواشە ئەگەر سەیر بکەی، لیژنەکەش رایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک پرسی دەستوور ناخاتە رۆژەڤی خۆیەوە. سەرۆکی لیژنەکە و هەموو پارتەکان ئەمەیان گوت. ئێستا کاری لە پێشینە دەستوور نییە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان بێگومان بۆ کۆمارێکی دیموکراسی پێویستیمان بە دەستوورێکی دیموکراسییە، بەڵام هێشتا ئەمە لە رۆژەڤدا نییە. ئەمە دەستووری 12ـی ئەیلوولە، دەستووری سەردەمی کودەتاکەی کەنعان ئەڤرەنە، بەڵام ئەم دەستوورە 19 جار هەموار کراوەتەوە، وەک پینە و پەڕۆی لێهاتووە. کاتێک دەڵێین دەستوورێکی نوێ، مەبەستمان نووسینەوەیەتی لە سەرەتاوە، نەک هەموارکردنی دەستووری ئێستا. دەبێت هەرواش بێت. دەبێت بە بەشداریی هەموو کۆمەڵگە و لەسەر بنەمای سازان و کۆدەنگییەکی کۆمەڵایەتیی گەورە بنووسرێتەوە. ئاواتەخوازین رۆژێک تورکیا ئەمە بەدیبێنێت. چونکە دەستوورەکانی تورکیا هەمیشە بە کودەتا نووسراونەتەوە، هیوادارین بتوانین بگەینە دەرفەتی نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنی و بێ کودەتا.
رووداو: لەوکاتەی پرۆسەی چارەسەریی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستیپێکردووە، ژمارەیەکی لە زیندانیانی سیاسی ئازادکراون، رەنگە زۆر کەس ئازادکرابن، بەڵام بۆچی سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد ناکرێت؟
سزایی تەمەللی: بەڵێ، ئێمەش لەمە تێناگەین لە راستی دا ئێستا دەبوو بەڕێز دەمیرتاش، بەڕێز یوکسەکداخ و هەزاران هاوڕێی دیکەمان کە لە زیندانن، لەمێژبوو ئازادکرابان، بەڵام ئازاد ناکرێن. تێگەیشتن لەمە قورسە. سەبارەت بە بەڕێز دەمیرتاش، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا هەن. ئەم بڕیارانە بە تەنیا بەسن بۆ ئازادکردنی، بەڵام بەڕاستی لە دۆخێکی زۆر سەختداین کە تێگەیشتنی قورسە. بەڕێز دەمیرتاش ئێستا بارمتەیە نەک زیندانیکراو، بێگومان ئەمە بڕیارێکی سیاسییە، نەک یاسایی بە یاسا روون ناکرێتەوە. ئەم بڕیارە سیاسییەش لە مامەڵەی دەسەڵاتەوەیە لەگەڵ دەم پارتی و ئێمە. ئێستا لەلایەک پرسی چارەسەری لەسەر مێزە، مێزی دانوستاندن دانراوە، لیژنە پێکهێنراوە، نیازپاکی هەیە، پشتیوانیی کۆمەڵگە هەیە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هێشتا مامەڵەی وادەکرێت لە زیندان دا خەڵکی بێتاوان و نایاسایی دەستبەسەرکراون، خەڵک لە تاراوگەن. پێویستە ئەم لیژنەیە زۆر بە خێرایی لەم بوارانەدا هەنگاوبنێت تاوەکو ئەم زوڵم و نایاساییانە کۆتاییان پێ بێت و ئەم مامەڵانە لەناو بچن.
رووداو: ئێوە لەگەڵ جەهەپە لێکتێگەیشتنتان هەبوو لە هەندێک شوێن، بەڵام ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانیی جمهور کار دەکەن لەم پرۆسەی چارەسەرییەدا، لە کاتێکدا هەندێک لە راپرسییەکان لە تورکیا ئەوە نیشاندەدەن کە جەهەپە پارتی یەکەمە. چۆن لە جەهەپە دەڕوانن، وەکو دەم پارتی؟
سزایی تەمەللی: دەمەوێت ئەوە راست بکەمەوە ، بێگومان لە دەرەوە، ئێوەش وەک رۆژنامەڤانێک مافی خۆتانە وابیبینن . بەڵام ئێمە تەنیا لەگەڵ دیموکراسی دا هاوبەشین، لەگەڵ ئاشتی دا هاوبەشین، واتە نە لەگەڵ جەهەپە و نە لەگەڵ ئاکپارتی هاوبەشیمان نییە. بۆ نموونە، لە ئیدارە خۆجێیەکاندا، شتێکمان دروستکرد بە ناوی "رێککەوتنی شار". گوتمان، هەموو دینامیکەکانی ئەم شارە، گەلانی دانیشتووی ئەم شارە، کرێکاران و ژنان لەسەر هەر بابەتێک رێکبکەون، ئێمە هێزی خۆمان لەوێ دادەنێین. باشە، بۆچی شارەوانییەکانی جەهەپە هاتنە پێشەوە؟ چونکە ئەمە لە ئەنجامی کارەکانی دەسەڵاتەوە بوو. ئەگەر دەسەڵات، تورکیای دیموکراتیزە بکردایە و لە رژێمی هەژموونگەرایی رزگاری بکردایە، لەوانەیە خەڵک لەسەر بەربژێرەکانی دەسەڵاتیش رێکبکەوتنایە. واتە رێککەوتنی شار دەکرێت رۆژێک بۆ ئاکپارتی و رۆژێک بۆ جەهەپە لار ببێتەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، کاردانەوەی کۆمەڵگە بەرامبەر رژێمی هەژموونگەرایی لە تورکیا، لە رێککەوتنەکانی شاردا، بێگومان بووە هۆی کۆبوونەوەی هێزە دیموکراتییەکان. لەوێشدا بەربژێرەکانی جەهەپە لە پێشەوە بوون. هەر بۆیە دەرەنجامەکان وابوون. ئەگەرنا وانییە کە ئێمە هاوپەیمانیمان لەگەڵ جەهەپە کردبێت یان لەگەڵ ئاکپارتی، لە مێژووی ئێمەدا تێگەیشتنێکی وا بۆ هاوپەیمانی نییە، ئێمە هەمیشە لەگەڵ هێزەکانی رەنجدەران و دیموکراسی هاوپەیمانی دەکەین. بۆ دیموکراسی، بۆ چارەسەری پرسی کورد، بۆ ئاشتی، لە هەر شوێنێک جەمسەرێک هەبێت، ئێمەش لەوێ شوێنی خۆمان دەگرین. پێویستە ئەمە بەم شێوەیە راستبکرێتەوە. ئەگەرنا تورکیا لەم جۆرە هاوپەیمانییە هەڵبژاردنخوازانە زۆر زیانی بەرکەوتووە. ئێمە چونکە لە 2024دا تێگەیشتنێکی دروستمان بۆ هاوپەیمانی دروستکرد، چونکە رێککەوتنی شارمان کارا کرد، ئەمڕۆ لەسەر بنەمای دەرەنجامەکانی ئەوە، ببینن، هەنگاو دەنرێت بۆ چارەسەری پرسی کورد لەم وڵاتەدا. ئەگەر ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا ئەو ستراتیژەمان جێبەجێنەکردایە، باوەڕبکەن ئەمڕۆ ئەم دەرەنجام و پێشهاتانەمان نەدەبینین، چونکە مێژوو وایە، سیاسەت وایە، رێڕەوەکان بەم شێوەیە دەکرێنەوە و تەنیا لەو رێڕەوانەوە دەتوانرێت پێشبکەویت. هەرواش بووە لە هەڵبژاردنەکانی 2019شدا دەتوانم ئەمە بڵێم. بەڵام ببینن، لە 2023دا ئەم رێککەوتنانە بە پێی پێویست کاریگەر نەبوون، بۆیە دوای ئەوەی دەسەڵات هەڵبژاردنەکەی بردەوە، هەنگاوی بۆ چارەسەری پرسی کورد نەنا، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکانی 2024، هەنگاوی نا، ناچاربوو هەنگاو بنێت. بۆیە کاتێک چوارچێوەکە لەمەوە دادەڕێژین، بەڕاستی ئەو ستراتیژەی دەم پارتی خستیەڕوو، ستراتیژێکی سەرکەوتوو بوو. ئەمڕۆش هەموومان پێکەوە دەرەنجامەکانی دەبینین.
رووداو: باسی ئەوەت کرد کە هەندێک کەس لە پەرلەمان، پێشتر تەنانەت سڵاویان لە ئێوە نەکردووە، ئێستا کارتان لەگەڵ دەکەن، وەکو دەم پارتی مەبەستمە، بەڵام، خۆت چۆن لەوە دەڕوانیت یان هەستت چۆنە کە دەبینی هەندێکجار دەوڵەت باخچەلی پەسنی پەیام و بڕیارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات؟
سزایی تەمەللی: دەتوانم بڵێم کە بێگومان هەست دەکەم ئەو فیکرەی لە سەرەتاوە هەمانبووە، ئەو هێڵی تێکۆشانە، ئەو رێگای سێیەمە، چەندە کاریگەر و بەهێزبووە، بۆیە پرسەکە کەسەکان نین، بەڵکو بەڕاستی ئەم تێکۆشانەیە، ئەم فیکرەیە، ئەو رێزەی ئەم فیکرە و تێکۆشانە دروستیکردووە، ئەمە شتێکی گرنگە سیاسەتی بڕیاردارانەی ئێمە دەرئەنجامی هەیە. بێگومان لێرەدا، ئەو رێزەی بۆ هەموو ئەو بەهایانە هەیە کە ئەم تێکۆشانەیان دروستکردووە، بێسنوورە، ئەمە دەرەنجامی ئەوانەیە سەبارەت بە پارتەکانی دیکە، ئەوانیش رێزیان بۆ ئەمە هەیە، ئەم نزیکبوونەوە رێزدارانەیە لە پشتی ئەمەوەیە، چونکە با بە راشکاوی بڵێم، بەبێ زیادەڕۆیی، کەس چارەسەری پێشکێش نەکرد بۆ ماوەی 50 ساڵ، جگە لە بەڕێز ئۆجەلان، کەس چارەسەری پێشکێش نەکرد ، ئەو بەردەوام و بە سووربوونەوە چارەسەری هێنایە سەر مێزی تورکیا و سیاسەتی تورکیای قایلکرد. ئێمە بەم پارادایمە جوڵاینەوە، لەم رێگایەدا تێکۆشاین و باوەڕمان بە ئاشتی، چارەسەری و دیموکراسی هەبوو. وازمان نەهێنا و باجەکەی زۆر قورس بوو، وەک کەمێک لەمەوبەر باسی سەڵاحەدین دەمیرتاشمان کرد، 9 ساڵە لە زیندانە. خەڵک هەیە 30 ساڵە لە زیندانە، دوای 30 ساڵ حوکمەکەیان تەواوبووە و هێشتا 31، 32، 33 ساڵە لە زیندانن، کاتێک هەموو ئەمانە هەڵدەسەنگێنین، ئەوەی شایستەی رێزە، ئەم تێکۆشانە و ئەم سووربوونەیە و ئێمە ئەم رێزە دەبینین. بێگومان زۆر درێژەی کێشا، خۆزگە زۆر زووتر، لە یەکەم پرۆسەی چارەسەریدا بگەیشتنایەتە چارەسەرێک و ئەم ساڵانەمان لەدەست نەدایە، ئەمە تەنیا بۆ باکوور ناڵێم بۆ هەموو جوگرافیاکە دەیڵێم، بۆ باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا، ئەوە دەیتوانی دەرەنجامی زۆر جیاواز و گرنگتری هەبێت، بەڵام دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لەم خاڵەداین.