سەرکردەیەکی چەپەکانی ئەڵمانیا: بێدەنگیی بەرامبەر هێرشەکەی حەلەب بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانە

09-01-2026
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی فراکسیۆنی چەپەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هێرشانەی لە حەلەب دەکرێنە سەر کورد "تاوانن" و دەبێت "بە روونی" سەرکۆنە بکرێن. دەشڵێت: "بێدەنگیی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ئەوەیە خەیاڵی ئەوە بکەن لە سووریا ئاشتی هەیە، تاوەکو پەنابەران دیپۆرت بکەنەوە."
 
یان ڤان ئاکن، سەرۆکی فراکسیۆنی چەپەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئالا شاڵی، پەیامنێری رووداو، نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەربڕی و رایگەیاند: "بێگومان پێویستە ئەو هێرشانە سەرکۆنە بکرێن کە ئێستا حکومەتەکەی شەرع لە حەلەب دەیکاتە سەر کورد. بە بڕوای من، دەبێت ئێمە لە ئەڵمانیا و لە ئەورووپاشەوە بە روونی سەرکۆنەی بکەین."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی بەرپرسانی وڵاتەکەی، ڤان ئاکن گوتی: "من ئەمە لە راوێژکاری وڵاتەکەم چاوەڕێ دەکەم، هەروەها لە ئورسولا ڤۆن دێر لاینیش چاوەڕێ دەکەم کە ئێستا لە سووریایە. ناکرێت مرۆڤ ئەم هێرشانە قبووڵ بکات."
 
"بێدەنگییەکە دووڕووییە"
 
سەرۆکی فراکسیۆنی چەپەکان هۆکاری بێدەنگیی وڵاتانی ئەورووپا و بەتایبەتی ئەڵمانیا بەرامبەر هێرشکردنە سەر کورد لە سووریا بۆ بابەتی پەنابەران دەگەڕێنێتەوە.
 
ڤان ئاکن بە رووداوی گوت: "ترسی من ئەوەیە حکومەتی ئەڵمانیا و ئەورووپا بڵێن ئێمە وا مامەڵە دەکەین کە حکومەتی نوێی سووریا زۆر باشە و ئاشتی لە سووریا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین خەڵکێکی زۆر دیپۆرت بکەینەوە."
 
بە بڕوای پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکە، هۆکاری بێدەنگیی مێرتس پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە و ئەو هەڵوێستە بە "ترسنۆکی و دووڕوویی" ناو دەبات. گوتیشی: "بەگوێرەی ئایدۆلۆژیای راستڕۆی ئەڵمانیا، دەبێت سوورییەکان دیپۆرت بکرێنەوە، بۆیە پێویستیان بە خەیاڵێکی وەها هەیە کە گوایە ئاشتی لە سووریا هەیە."
 
دەقی هەڤپەڤینەکە:
 
رووداو: وەک سەرۆکی فراکسیۆنی چەپەکان، هەڵوێستتان چییە لەسەر هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب؟
 
یان ڤان ئاکن، سەرۆکی فراکسیۆنی چەپەکان لە پەرلەمانی فیدڕالیی ئەڵمانیا: بێگومان پێویستە ئەو هێرشانە سەرکۆنە بکرێن کە ئێستا حکومەتەکەی شەرع لە حەلەب دەکاتە سەر کورد. بە بڕوای من، دەبێت ئێمە لە ئەڵمانیا و لە ئەورووپاشەوە بە روونی سەرکۆنەی بکەین. من ئەمە لە راوێژکاری وڵاتەکەم چاوەڕێ دەکەم، هەروەها لە ئورسولا ڤۆن دێر لاینیش چاوەڕێ دەکەم کە ئێستا لە سووریایە. ناکرێت مرۆڤ ئەم هێرشانە قبووڵ بکات.
 
رووداو: بە بڕوای ئێوە، ئەمە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە؟
 
یان ڤان ئاکن: ناتوانم لەسەر یاسای نێودەوڵەتی قسە بکەم، چونکە ئەمە بابەتێکی نێوخۆییە، بەڵام بێگومان ئەوە تاوانە، نەک تەنیا تاوان دژی مرۆڤایەتی، بەڵکو تاوانە دژی یاساکانی سووریاش. ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە لە ئەورووپاوە ئەو پەیامە ئاڕاستەی شەرع بکەین کە ئەمە قبووڵکراو نییە. ترسی من ئەوەیە حکومەتی ئەڵمانیا و ئەورووپا بڵێن "ئێمە وا مامەڵە دەکەین کە حکومەتی نوێی سووریا زۆرباشە و ئاشتی لە سووریا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین خەڵکێکی زۆر دیپۆرت بکەینەوە، هۆکاری استەقینەی بێدەنگبوونی مێرتس ئەمەیە. ئەمە بە بڕوای من ترسنۆکی و دووڕووییە.
 
رووداو: بە بڕوای ئێوە بەرپرسیارێتیی ئەڵمانیا چییە لە کاتێکدا پێکهاتەکان لە سووریا هێرشیان دەکرێتە سەر؟ ئێستا هێرشی تووند دەکرێتە سەر کورد.
 
یان ڤان ئاکن: ئەگەر لە شوێنێکی جیهان کەمینەکان لەلایەن حکومەتەوە بچەوسێندرێنەوە و هێرشیان بکرێتە سەر، تاوەکو ئەو ئاستەی بە شێوەی سەربازی هێرشیان بکرێتە سەر و بکوژرێن، ئەو کاتە پێویستە حکومەتی ئەڵمانیا خاوەن هەڵوێستێکی ئاشکرا بێت و سەرکۆنەی بکات. پێویستە سیاسەتی داهاتووشیان بەگوێرەی ئەوە بگۆڕن. لێرە کەسێکمان هەیە کە شەڕ لە دژی کەمینەکانی خۆی دەکات، نابێت چیدیکە بێ مەرج هاوکاری بکرێت.
 
رووداو: ئێوە وەک چەپەکان، چ داواکارییەکتان لە حکومەتی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا هەیە؟ 
 
یان ڤان ئاکن: بە بڕوای من، ئێمە لە ئەڵمانیا، حکومەتی فیدراڵ و ئەورووپا پێویستمان بە قسەی روون و سەرکۆنەکردنی ئاشکرا هەیە، هەروەها پەیامێکی روون بۆ حکومەتی راگوزەری سووریا، کە پێی بگوترێت "ئەمە جێگەی قبووڵ نییە و هاوکاریتان ناکرێت ئەگەر ئێوە لە کوشتنی کەمینەکان بەردەوام بن".
 
رووداو: ئێوە ئاگادارن کە کورد لە بری جیهان شەڕی لە دژی داعش کرد، ئێستا کورد جینۆساید دەکرێت، بۆچی جیهان تەنیا تەماشا دەکات؟
 
یان ڤان ئاکن: بە بڕوای من هۆکاری ئەوەی ئەڵمانیا تەنیا تەماشا دەکات، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دەسەڵاتێکی راستڕۆ فەرمانڕەوایی دەکات و دەیەوێت ژمارەیەکی زۆر لە سوورییەکان لە ئەڵمانیاوە دیپۆرت بکاتەوە، هەرچەندە ئەوان خاوەن داهاتن و چەندین ساڵە لێرەن و کار دەکەن. بەڵام بەگوێرەی ئایدۆلۆژیای راستڕۆی ئەڵمانیا، دەبێت سوورییەکان دیپۆرت بکرێنەوە. بۆیە پێویستیان بە خەیاڵێکی وەها هەیە کە گوایە ئاشتی لە سووریا هەیە. لەبەر ئەوە حکومەتی ئەڵمانیا تەماشا دەکات. بە بڕوای من ئەمە خراپە.
 
رووداو: پەیامی بەڕێزتان چییە بۆ خەڵکی حەلەب و رۆژئاڤا؟
 
یان ڤان ئاکن: خەڵکی حەلەب و رۆژئاڤا دەبێت بزانن کە ئێمە وەک پارتی چەپ لە ئەڵمانیا لەگەڵیانین. من خۆم چەندین جار لەوێ بووم. هاوخەمتانین.
 
وەرگێڕان: کەهی مەحموود
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە