رووداو- سویسرا
كۆنفرانسی جنێڤ 2 كە بەدەرمانی چارەسەری كێشەی سووریا ناودەبرا، وا چاوەڕوان دەكرا كە كورد تێیدا بەناوی دەستەی باڵای كورد بەشدار بێت، بەڵام پێش دەستپێكردنی كۆنفرانسەكە ئەم ئومێدە بەرە بەرە نەما. لە كۆتاییشدا، بەبێ بەشداری پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD كۆنفرانسەكە دەستیپێكرد. ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ENKS) لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزیسیونی سووریا بە پێنج نوێنەر بەشداری كۆنفرانسەكە بوو.
عەبدولحەمید حاجی دەروێش، سەرۆكی پارتی دیموكراتی پێشڤەڕۆی كورد كە ئەندامێكی شاندی كوردی بوو لە جنێڤ 2، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی جنێڤ 2 و هۆكاری بەشدارینەكردنی PYD دەكات لە كۆنفرانسەكە.
رووداو: لە كۆنفرانسی جنێڤدا هیچ ئومێدێك بەدی كرا بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا؟
حەمید حاجی دەروێش: ئەوەی گوێی لە قسەكانی وەزیری دەرەوەی سووریا بووبێت، بێ ئومێد بووە. گوتارەكەی زۆر خراپ بوو. گوتارەكەی هیچ نەبوو. مرۆڤ هەر چاوەڕوان بوو قسەیەك بكات، ئومێدێك بۆ خەڵك دروست بكات، بەڵام قسەكانی باش نەبوون. قسەكانی هەنگاو بوون بۆ بردنی مەسەلەكە بەرەو دواوە. بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئێمە ئومێدمان زۆرە كە گەلی سووریا بەئاشتی بگات.
رووداو: ئێوە و ئیئتیلاف تا ئێستا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە ئێوە بەناوی كورد هەم لە رژێم و هەمیش لە دەوڵەتانی دیكە داوای چی دەكەن؟
حەمید حاجی دەروێش: ئێمە بەكەس ناڵێین وەرن ببنە هاوپەیمان لەگەڵ ئێمە بۆ داواكارییەكانمان. بەخێر و خۆشی چووین بۆ كۆنگرە، دەبیستن كە داوای چیمان كردووە.
رووداو: تا چ راددەیەك ئومێدتان هەیە كە قسەكەتان یان داواكارییەكەتان جێبەجێ دەبێت؟
حەمید حاجی دەروێش: من ناڵێم قسەكەمان جێبەجێ دەبێت. داواكارییەكەشمان ناڵێم جێبەجێ دەبێت. بەڵام دەتوانم بڵێم ئەوەی لە سووریادا مافی كورد پێشێل بكات ناتوانێت حوكمی سووریا بكات. دەبێت داواكاری كورد جێبەجێ ببێت.
رووداو: ئێوە وەكو (ENKS) بڕیارتان داوە داوای چی بۆ كورد بكەن؟
حەمید حاجی دەروێش: ئەوەی ئێمە بۆ كورد داوامان كردووە لە دوكیۆمێنتەكەدا هەیە. ئایندەی سووریاش چۆن دەبێت ئەوەشمان داواكردووە. ئێمە خەڵكی سووریاین، تەنیا ئێمەی كورد نین. ئێمە و خەڵكی سووریا پێكەوە سووریا دەگۆڕین. پێكەوە مافی كورد وەردەگرین. بە ڕای من بەشێكی چاكی خەڵكی سووریا پشتیوانیمان دەكەن.
رووداو: لە رۆژی یەكەمی كۆنفرانسەكەدا ئێوە زیاتر لە كاژێرێك لەگەڵ جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و بان كی مۆن، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دانیشتن، باسی چی كرا؟
حەمید حاجی دەروێش: ئێمە چوار كەس بووین، من، میشێل كیلۆ، بورهان غەلیون و ئەحمەد جەڕبا. بۆ ماوەیەكی درێژ گفتوگۆمان كرد. باسمان لەوە كرد كە سووریا چۆن رزگاری دەبێت لە دەست ئەو حكومەتە زاڵمە.
رووداو: لەو كۆبوونەوەیەدا باسی كێشەی كورد كرا؟
حەمید حاجی دەروێش: نەخێر. گوتمان كورد بەشێكە لە سووریا. سووریا رزگاری ببێت كوردیش بەمافەكانی دەگات. وەكو گوتم، ئەوەی نایەوێت كورد بە مافەكانی بگات، ئەو دەیەوێت سووریا بكوژێت. سووریا ناتوانێت بژیێت و مافەكانی كورد زەوت بكات.
رووداو: PYD لەگەڵ چەند پارتێكی دیكە سەربەخۆیی دیموكراتی راگەیاندووە، رای ئێوە چییە؟
حەمید حاجی دەروێش: چەند پارت نین. بەهەڵەدا نەچن، یەك پارتە، ئەویش پارتی چەپە.
رووداو: باشە PYD سەربەخۆیی دیموكراتی رۆژێك پێش كۆنفرانسی جنێڤ 2 لە هەرێمی جزیرە راگەیاند؟
حەمید حاحی دەروێش: PYD كارێكی هەڵەی كرد، نەدەبووایە ئەو هەڵەیە بكات، ئێمە پێكەوە كۆبووینەوە، PYD گوتی ئەوەی بچێتە جنێڤ نوێنەرایەتیمان دەكات. ئەوكات وا راگەیێندرابوو كە تەنیا من بەشداری جنێڤ 2 دەبم. ئەوانیش گوتیان ئەوەی بچێتە جنێڤ 2 نوێنەرایەتی ئێمە دەكات. بەڵام دواتر لە قسەكەیان پاشگەز بوونەوە. بەداخەوە دەبووایە وایان نەكردبا. ئێمە برادەریان بووین، ئێمەش كوردین. ئێمەش وەكو PYD سیاسەتمان كردووە، ئێمە ناڵێین زۆر، بەڵام هەندێكی لێدەزانین. ئێمەش دەزانین بەرگری لە مافەكانی كورد بكەین.
رووداو: ئێوە ئامادەن پەیوەندی لەگەڵ PYD دروستبكەن؟
حەمید حاجی دەروێش: من لەلای خۆمەوە دەتوانم بڵێم ئامادەین. بەناوی برادەرانیشم دەڵێم ئەوان هیچ ئاستەنگێكیان نییە. بەڵام ئێمە ناتوانین پێیان بڵێین وەرن لەگەڵ ئێمەبن. دەبێت PYD لە پشت ئێمەوە بوەستن و پشتیوانیمان بكەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ