رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی ناسراوی کورد، هۆزان دینۆ، رایدەگەیەنێت کە ماوەی 35 ساڵە ژیانی هونەریی خۆی لەگەڵ خەباتی نەتەوەییدا تێکەڵ کردووە و جەخت دەکاتەوە کە "هونەر بۆ ئازادییە". ئەو هونەرمەندەی باکووری کوردستان، کە ئێستا لە هۆڵەندا نیشتەجێیە، ساز وەک ناسنامەی خۆی دەبینێت و پەیامێکی گرنگی ئاراستەی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات.
هۆزان دینۆ لەبارەی سەرەتای کارە هونەرییەکانییەوە دەڵێت: "من خەڵکی ناوچەی سەرحەدم، لە شاری قەرس و ئەردەهان لەدایکبووم. نزیکەی 35 ساڵە لە بواری هونەریدا کار دەکەم. سەرەتا بە ژەنینی ساز دەستم پێکرد، کە بۆ من ناسنامەیەک بوو؛ میوزیک خۆی ناسنامەیە."
دینۆ پێیوایە هونەر ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دەڵێت: "مرۆڤ بۆ ئازادی دەژی و گۆرانی دەڵێت."
یەکێک لە پەیامە سەرەکییەکانی ئەو هونەرمەندە بۆ گەلی کورد، دوورکەوتنەوەیە لە ململانێی ناوخۆیی. لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئامانجێکی سەرەکیم هەیە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان گرنگە: ئەویش ئەوەیە نەکەوینە داوی شەڕی ناوخۆ و سیاسەتی تەسکی حیزبانەوە. پێویستە هەر چوار پارچەی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە هونەر و کولتووری خۆیان بپارێزن و پێشی بخەن."
هۆزان دینۆ باس لە سەختییەکانی ژیانی هونەرمەندانی کورد دەکات، کە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆریان کۆچ بکەن. ئەو لە ساڵی 1998ـەوە لە هۆڵەندا دەژی و جەخت لەوە دەکاتەوە کە "هونەری کوردی و هونەرمەندانی کورد هەمیشە لەناو خەباتێکی بەردەوامدا بوون. من و هاوڕێیانم هەمیشە دەڵێین، هونەرمەند نابێت لە گۆشەیەکدا دابنیشێت و بێدەنگ بێت."
سەبارەت بە بەردەوامیی خۆی و پەیوەندیی لەگەڵ جەماوەرەکەیدا، دینۆ ئاماژە بەوە دەکات کە هەمیشە هەوڵی داهێنان دەدات. "بۆ کۆنسێرتەکانم، هەمیشە هەوڵدەدەم بەرهەمی نوێم هەبێت، چونکە خەڵک پرسیاری کاری نوێ دەکات. داهێنان شتێکی ناوازەیە لە ژیانی مرۆڤدا."
هەروەها ئاشکرای دەکات کە دەیەوێت لایەنەکانی ژیانی تایبەتی خۆی لەگەڵ هەوادارانی هاوبەش بکات بۆ ئەوەی وێنەیەکی راستەقینەتری ژیانی هونەرمەند پیشان بدات.
هۆزان دینۆ لە بەرنامەی دیاسپۆرا کە شەوی هەینی، 08-08-2025 هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی کرد، میوان بوو. گفتوگۆیەکی درێژ لەبارەی ژیانی هونەری ئەو هونەرمەندە کرا.
دەقی هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ هونەرمەند هۆزان دینۆ:
دەقی هەڤپەیڤینی لەگەڵ هۆزان دینۆ:
هێمن عەبدوڵڵا: زۆر بەخێربێیت کاک دینۆ، بەڕاستی من وا دەڵێم، نەوەی دوای من و بچووکتر لە من، چ بە سۆرانی، کورمانجی، زازاکی، هەورامی، کەس نییە گۆرانی هۆی یارێی نەبیستبێت و نەناسێت، کەس نییە دینۆ نەناسێت، دەزانی یەکەمجار کە ناوی تۆم بیست و گوێم لە گۆرانییەکەت گرت، نەمدەزانی هی کێیە، گوتم دینۆ، بە کورمانجی واتە "من دەمەوێت جارێک بتبینم".
هۆزان دینۆ: بە سۆرانی دەڵێن شێت.
هێمن عەبدوڵڵا: پەرژین بێت.. بەڕاستی گوتم چۆن ئەم ناوە هەڵبژێردراوە؟ چیرۆکی دینۆ چییە؟ بۆچی دینۆ؟
هۆزان دینۆ: بەڵێ کاک هێمن، پاشناوی ئێمە پێشتر لە تورکیا دەلی بوو، چونکە باپیری باپیرم، ناوی 'دەلی مەمەت' بوو، واتە 'دەلی' بە واتای دین و شێت نەبوو، بەڵکو دەمارگیر بوو، واتە کەمێک پیاوێکی تووڕە یان دەمارگیر بوو، کاتێک یاسای پاشناو لە تورکیا دەرچوو، دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، هەموو کەسێک پاشناوێکیان پێدا، هی ئێمەش بووە دەلی، بە کوردییەکەی، کورمانجییەکەی دەبێتە دینۆ، منیش دەمگوت بە سۆرانیش دەڵێن 'شێت'، بەڵام من دینبوون بە واتایەکی نەرێنی نایبینم، بەڵکو من بە ئەرێنی دەیبینم، چونکە مرۆڤ دەتوانێت هەوڵبدات شتێکی جیاواز بکات، شتێک کە کەس نەتوانێت بیکات، بۆ ئەوەی بتوانیت شتی وا بکەیت، من ئەمە بە کەمێک بوێری دەبینم، بۆ من زۆر قورس بوو، زۆر زەحمەت بوو مرۆڤ ناوی دینۆ هەڵبگرێت، چونکە لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا لە کوردستان شتێکی مەترسیدار کوڕێکی لاو ناوی 'دینۆ' بێت، بەڵام سەرکەوتوو بوو.
هێمن عەبدوڵڵا: پێش پشووەکە راپۆرتێکمان هەبوو لەسەر کوڕی مامۆستا جەمال رەشید، جەمال رەشید لە یەکێک لە کتێبەکانیدا باسی ئەو وشانە دەکات کە لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە ماون، یەکێک لەو وشانە دینۆ یان دینە، دەڵێت لەناو کوردیدا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و پێشتر واتایەکی دیکەی هەبووە، من بینیم تۆ دوێتێکت لەگەڵ کاک خێرۆ عەباس کردووە، ئەمە شتێکی نوێیە، دەتوانم بڵێم یەکەمجارە یان دووەمجارە؟
هۆزان دینۆ: دووەمینە، پێشتر لەگەڵ کوڕێکی گەنج دوێتم کردبوو، من هەندێکجار پشتگیریی گەنجان دەکەم لە پێناو پێشخستنی کولتوورەکەمان، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لەگەڵ هونەرمەندێکی پرۆفیشناڵ دوێتێک دەکەم، چەندین ساڵی درێژ تێپەڕیبوو، زۆر لە هەڤاڵان و گوێگرەکانمان دەیانپرسی بۆچی ئێوە لەگەڵ گۆرانیبێژەکانی دیکە دویت ناکەن؟ ئێمەش گوتمان با یەکێک تاقیبکەینەوە بەڵکو بەدڵی ئێوە بێت، باوەڕم وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا، هاکان ئاکای زۆر دوێتی دیکە دەکات و بەڕێوەی دەبات، ئێمە پێکەوە سترانێک دەڵێین، هیوادارم بەدڵی ئێوەش بێت.
هێمن عەبدوڵڵا: تۆ دەمێکە خێرۆ عەباس دەناسیت؟
هۆزان دینۆ: زۆر، بێگومان.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەمە پلانێکی کۆنە، تازە نییە؟
هۆزان دینۆ: جار جار قسەمان دەکرد و دەمانگوت با بیکەین، بەڵام بە شێوەیەکی کرداری هەرگیز دەرفەت نەبوو، دروستی بکەین، خێرۆ کۆنسێرتی هەبوو، منیش هەمبوو، ئەو دەچووە کوردستان و دەهاتەوە، زۆربەی کات لە نیشتمان بوو، لە تورکیا و باکووری کوردستان بوو، من زیاتر لە ئەورووپا بووم، چونکە نەمدەتوانی بگەڕێمەوە، ئەمەش مابووەوە و بە شێوەیەکی کرداری نەمانخستبووە رۆژەڤەوە، ئینجا بە هاوکاریی هاکان، دەتوانم بڵێم ئێستا پلانێکمان دانا، من ئەمڕۆ هاتمە ستۆدیۆ، تەنانەت پایلۆتیشمان تۆمار کرد، دەمۆیەکمان ئامادە کردووە.
هێمن عەبدوڵڵا: با بڵێم کە کاک خێرۆ و کاک هاکان لە ژوورەکەی دیکەوە سەیری ئێمە دەکەن، ئەوانیش لە ستۆدیۆن، لەسەر سەر و چاومان هاتن، هاوکارانمان ڤیدیۆیەکی کورتیان ئامادە کردووە، یەکێکە لەو گەنجە بەهرەمەندانەی دیاسپۆرا کە شتێکی کردووە و باسی تۆ دەکات، دەمەوێت هاوکاران ئەگەر ڤیدیۆکە ئامادەیە نیشانمانی بدەن، با بیبینین، بەڵێ، ئەو گەنجە پۆرترێتێکی دروستکردووە، پۆرترێتێک بۆ هونەرمەند هۆزان دینۆ، زۆر بە جوانیش کاریکردووە، هەفتەی داهاتوو فیچەرێکی بڵاودەبێتەوە کە هاوکارمان مەی دۆست ئامادەیکردووە، پرسیاری من ئەوەیە، من لەنێو گەنجاندا زۆر دەبینم کە هۆزان دینۆیان خۆشدەوێت، وەک سیمبولێکە بۆیان، لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا، دەزانیت شتێکی نوێیە لە دیاسپۆرا، زۆرجار تۆ لە شوێنێک دەڕۆیت، ئۆتۆمبێلێک دەبینی دەنگەکەی زۆر بەرزکراوەتەوە و گوێت لە سترانی هۆزان دینۆ دەبێت، بۆچی گەنجان ئەوەندە تۆیان خۆشدەوێت؟
هۆزان دینۆ: بەڵێ، بەڕاستی ئەم پرسیارە زۆر دەکرێت، زمانی سەدە، یان هەر سەدەیەک بە شێوازێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی، پێداویستییەکانی خۆی دەخوڵقێنێت، پێویستە تۆ زمانی ئەوان، ژیانی ئەوان، کولتووری ئەوان، رابردوو و داهاتووی ئەوان بناسیت تاوەکو بتوانیت بەگوێرەی داخوازییەکانیان گۆرانی دروست بکەی، چونکە با بڵێین بێگومان هەموو هونەرێک بەهێز و بەقیمەتە، بۆ نموونە پێشتر گۆرانییەکان باسی قۆلنگیان دەکرد، باسی بێریڤانیان دەکرد، باسی شوانەکانیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ مەرجەکانی ژیان گۆڕاون، شوێنی ژیان گۆڕاوە، زۆربەیان وەک تۆش ئاماژەت پێدا، بە ملیۆنان کورد لە دیاسپۆرا دەژین، هەروەها لە هەر چوار پارچەی کوردستانیش گەنجەکانمان دەژین، بەڵام دەبێت بە زمانی ئەوان بێت، ئیتر گەنجینەی وشەی منداڵان و سترانی منداڵان پێویست نین، پێویستە ناوەڕۆکەکەیان لایەنی فەلسەفی، وێژەیی، مێژوویی و زۆر لایەنی دیکەی تێدا بێت و هەڵبسەنگێنرێت، تاوەکو بتوانیت پێداویستییەکانیان پڕبکەیتەوە و داواکارییەکانیان بهێنیتە دی، بۆ نموونە زۆربەی ئەو ئەوینانەی نەژیاون، هەزاران شەهیدمان هەیە لەپێناو تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا کە هیچیان بە ئەوینەکەی خۆیان نەژیاون، کەواتە پێویستە من ببمە زمانی ئەوینەکانی ئەوان، بۆیە لە خۆیانیان نزیک دەبینن، ئەمە راستییەکەیە، ئەوینی نەژیاو لە دڵی ئەواندا وەک برینێک ماوەتەوە، پێویستە من ئەوان بهێنمە زمان، ئەوان لەو زمانە تێدەگەن و منیش لەوان تێدەگەم، بەڵام کەموکوڕی هونەرمەندان ئەوەیە کە زۆربەیان دەڵێن گەلی ئێمە زمانی خۆی باش نازانێت، پێویستە ئێمە بە زمانێکی سادە بنووسین، بەڵام وا نییە، لە رێگەی رێکخراوەکان، قوتابخانەکان، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، گەنجەکانمان پەروەردە کراون، لە هەموو چاپەمەنی و هەموو شوێنێکدا دەبینیت کوڕان و کچانی ئێمە و گەلی ئێمە بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە بە کوردی دەنووسن و دەخوێننەوە و لە هەموو زاراوەکانی کوردیش تێدەگەن و لە ئێمەش پێشکەوتووترن.
هێمن عەبدوڵڵا: لە زماندا باشتر فێربوون، بەڵام ترسێکی زۆر گەورەش هەیە، من نموونەیەک دەهێنمەوە، تۆ دوای ئەوەی پرۆسەی چارەسەریی جاری پێشوو لە باکووری کوردستان دەستیپێکرد، گەڕایتەوە و لەگەڵ میدیایەکی تورکیدا قسەت کرد، لەگەڵ ئەواندا دەڵێیت، "ئەو گەنجانەی من ئێستا دەیانبینم، منداڵ بوون کە من رۆشتم، ئێستا پێم دەڵێن خاڵۆ و مامۆ، بۆ من زۆر سەیرە"، هەروەها دەڵێیت، "وشەی ئینگلیزی زۆر دەزانن، بەڵام وشەی کوردی نازانن،" واتە ئەو مەترسییەش هەیە، نازانم ئێستا گەنجانی باکوور باش گوێت لێدەگرن، چیت هەیە بۆیان؟ بۆ ئەوانەی کە هێدی هێدی کوردییەکەی خۆیان لەبیر دەکەن، بۆ ئەوانەی کە گرنگ نییە بەلایانەوە بە کوردی قسە بکەن؟
هۆزان دینۆ: بێگومان، من هەمیشە دەڵێم قورسترین توانەوەی کولتوور و زمان لە باکووری کوردستان ئەنجامدرا و بەڕاستی هێشتاش بەردەوامە، بەڵام هەندێک شت هەن کە ئێمە برینەکانی خۆمانی پێ دەپێچینەوە، واتە هەرچەندە شتی زۆریشمان لەدەستدابێت، ئێستا با بڵێین بە هاوکاریی ئێوە، چاپەمەنیی کوردی، بە هاوکاریی هەموو تەلەڤیزیۆن و چاپەمەنییە کوردییەکان، بەڕاستی گەنجەکانمان هێدی هێدی دەگەڕێنەوە سەر راستیی خۆیان، چونکە ئێستا کە سەیری تیکتۆک، ئینستاگرام، فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەکەین، ئەنجامەکانیان دەبینین، میوزیکی ئێمە زیاتر گوێی لێدەگیرێت، پسپۆڕان دەڵێن ئەگەر مرۆڤ وشەیەک حەوت جار ببیستێت، جاری هەشتەم ئیتر لە گەنجینەی مێشکیدا لەبیری ناکات و لەبەری دەکات، لەبەرئەوەی ئێمە و گەلەکەمان بە شێوەیەکی فەرمی پەروەردە ناکرێین، پێویستە ئێمە بە میوزیکی خۆمان و بەکولتوور، کتێب، زمان، قسەکردن و هەڵوێستی خۆمان، گەنجینەی گەلەکەمان بە کوردەواری بهێڵینەوە، نەهێڵین بکوژرێت و بتوێندرێتەوە، بەڵکو بیژیێنین، بۆیە من هەوڵدەدەم. بۆ نموونە لێم دەپرسن دەڵێن، "مامۆستا ئەمە چ وشەیەکە بەکاریدەهێنیت؟" من واتاکەیان پێدەڵێم، دەڵێن، "ئێمە ئەوەمان نەدەزانی، چۆن دەبێت؟ ئێمە هەرگیز نەمانیستبوو،" واتە چەندە لە ستران و بەرهەمەکانتدا وشەی نوێ و رەسەن بەکاربهێنیت، ئەوە وەک پەروەردەیەک، وەک قوتابخانەیەک کار دەکات، گەلی ئێمەش بەڕاستی گەلێکی هونەردۆستە، گەلی ئێمە بەهاکانی خۆی دەردەخات، بەڵام دەبێت خۆشمان قیمەتی ئەو گەلە بزانین.
هێمن عەبدوڵڵا: شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، کۆنسێرتەکانت لە ئەورووپا، وەک بە ئینگلیزی دەڵێن 'Sold out' دەبن، هەموو بلیتەکان دەفرۆشرێن پێش ئەوەی دەستپێبکات، من باسی ئەورووپا ناکەم، وەک گوتم وایە، بەڵام ئێستا گوێم لێیە لە باشوور، ئەوانەی لە کۆنترۆڵی رووداو دانیشتوون، دەڵێن "توخوا لێی بپرسە کەی دێتە باشوور"؟
هۆزان دینۆ: من لە ساڵی 2008 چوومە باشوور، بەڵام گەڕاندیانمەوە، زۆر دڵم شکا، ئەو برینە هێشتا ساڕێژ نەبووە، بێگومان، مرۆڤ چۆن حەزناکات بچێتەوە وڵاتی خۆی؟ وەک دەڵێن ماڵی خۆتە، بێگومان رۆژێک دێت، هەر پارچەیەکی کوردستان دەرفەت بڕەخسێت، دەچمەوە وڵاتی خۆم.
هێمن عەبدوڵڵا: راستە، ئەوەش گرنگە لەوێ بیبیستن، چونکە وەک گوتم زۆر کەس ئەو پرسیارەیان کردووە بۆچی هۆزان دینۆ جارێک کۆنسێرتێک لە باشوور ناکات؟ سەد لە سەد لەوێش 'Sold out' دەبێت و هەموو بلیتەکان دەفرۆشرێن، بێگومانم کاتێک دەڵێم بلیتەکان دەفرۆشرێن، وەک هونەرمەندە ئەورووپی و ئەمریکییەکان نییە کە بە ملیۆنان دۆلار بێت، بەڵکو لە خۆشەویستییەوەیە، عەشقێک هەیە کە هەمووان لە هۆڵێکدا کۆببنەوە و بە شێوەی زیندوو گوێ لە گۆرانییەکانت بگرن.
هۆزان دینۆ: خۆشەویستی گەل بۆ من تەنیا لەبەر هونەر نییە، بەڵکو خۆشەویستییە لە راستیی خۆی، لە کوردەواری، لە چارەسەرکردنی برینەکانیان، واتە کاتێک گەلی ئێمە ئێمەی خۆشدەوێت، لە زۆر رووەوە خۆشیدەوێت، سەیری هەڵوێستت دەکات، سەیری ژیانت دەکات، سەیری هونەرەکەت دەکات، هەمووی پێکەوە واتادار دەبن، واتە تەنیا خۆشەویستی نییە وەک لە وڵاتانی دیکە کە کێشەیان نییە، خۆشەویستی گەلی ئێمە جیاوازە.
هێمن عەبدوڵڵا: زۆر کەس پرسیار دەکەن، ئایە چیرۆکی گۆرانی ئۆی یارێ چییە؟
هۆزان دینۆ: من داوای لێبوردن دەکەم، چونکە من هەرگیز چیرۆکی گۆرانییەکانم ئاشکرا ناکەم، بۆچی؟ چونکە هەمیشە دەڵێم ئەو هەستانەی ناونیشانیان دیار بێت، واتایان نامێنێت، چونکە هەر هەستێک دەبێت بە نهێنی خۆی، بە تایبەتمەندیی خۆی بپارێزرێت و وەک خۆی بمێنێتەوە، وەک مامۆستا محەممەد شێخۆ دەڵێت 'ئای لێ گوڵێ'، هەندێک دەڵێن باسی کوردستان دەکات، هەندێک دەڵێن باسی ئەویندارەکەی دەکات، هەندێکی دیکە دەڵێن باسی شتێکی دیکە دەکات، چونکە ناونیشانی هەستەکان چەندە نادیار بێت، ئاسۆی لێکدانەوەی فراوانتر دەبێت، با بەمشێوەیە بمێنێتەوە.
هێمن عەبدوڵڵا: یەکێک کە زۆر بە وردی گوێی لە سترانەکانی تۆ نەگرتبێت، دەڵێت زۆر خەمگینە، سترانەکانی هۆزان دینۆ خەمگینن، بەڵام کاتێک مرۆڤ باش گوێی لێدەگرێت، ئومێدی تێدایە، هیوای تێدایە، بۆچی ئەو هیوایە ئەوەندە گرنگە بۆ تۆ لەنێو سترانەکانتدا؟ لە کاتێکدا مێژووی ئێمە، مێژووی کوردستان، مێژوویەکی خەمگینە و تاوەکو ئێستاش هەر خەمگینە، بۆچی ئەو مەبەستە لە گۆرانییەکانت بۆتۆ ئەوەندە گرنگە؟
هۆزان دینۆ: تۆ دەبینیت کوردستان چوار پارچەیە، نە سیاسییەکان لە یەکدی تێدەگەن، نە میللەت لە یەکدی تێدەگات، نە قسەی یەکدی وەردەگرین، ئێمە هاوار دەکەین و دەڵێین ئێمە چوار پارچە نین، ئێمە یەک پارچەین، دەتوانین بە شێوەیەکی نەتەوەیی بجوڵێینەوە، من لە نەورۆزی پارساڵیشدا گوتم، گەورەترین هیوای من ئەوەیە ساڵی داهاتوو بتوانین نەورۆزێکی زۆر گەورەتر بە بەشداریی هەموو گەلی کورد پێکەوە ساز بکەین، سەدان هەزار کورد بێن، واتە ئێمە لە گوتنەوەی وشەی یەکێتی ماندوو بووین، بەڕاستی کە برینێک لە پارچەیەکی کوردستاندا بێت، لایەنەکەی دیکەش ئازار دەچێژێت، تۆ چۆن دەتوانیت لە ماڵی خۆت دابنیشیت ئەگەر لە پارچەیەکی دیکەدا کوردێک شەهید بێت یان کوردێک ژیانی لەدەست بدات؟ وەک ئەوەی لە رۆژهەڵات روودەدات، ئەو کوردەی گیانی خۆی لەدەستدەدات، چۆن دەتوانین ئێمە دڵخۆش بین؟ ناکرێت، ئەو برینە لە هەمووماندا دەمێنێتەوە، بۆیە من چۆن باسی خەمگینی نەکەم؟ چی بڵێم؟ ناتوانم ئەو رووداوانەی روویانداوە نەهێنمە زمان و لە گەنجینەی گەلەکەمدا تۆماریان نەکەم، بۆ نموونە هەندێکجار گۆرانی ئەڤینداریش دەڵێم، دەڵێم "منت خۆشدەوێت وەک وڵاتی خۆم"، واتە وڵاتەکەم لە خۆشەویستیی تۆ بەنرخترە، بۆیە هەندێک بەها هەن پێویستە بپارێزرێن، ناتوانیت بە هەرزانی بهێنیتە زمان و بەکاریان بهێنیت، شتێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، هونەرمەندێک بەهێزی خۆی دەتوانێت هەموو کچ و کوڕان بکاتە ئەڤیندار و دەشتوانێت لە شۆڕش دووریان بخاتەوە، بەڵام پێویستە تۆ هەموو ئەو هەستانەی بۆ ئێمە پیرۆز و گرنگن، لە ژیانی ئەواندا بیانژیێنیت، بیانخوڵقێنیت و هەمیشە لەوێ بیانگریت، بەخۆمان لە دیاسپۆرا دەژین و بە خۆمان چوار پارچەین، بەمە زیاتر پارچە پارچە دەبین، ئێمە چۆن دەتوانین ببینە نەتەوەیەکی گەورە، ئێمە نەتەوەیەکین لە جیهاندا زیاتر لە 70 ملیۆنین کەچی بێ وڵاتین، پارچەیەک ئازاد دەکەین لە پارچەکەی دیکەدا خوێن دەڕژێت، ئەوەی دیکە ئازاد دەکەین ئەوی دیکە بریندار دەکرێت و خوێنی لێدەچۆرێت، من وەک دینۆ دەڵێم بەڕاستی ئێمە ماندوو بووین، داوا لە هەموو سیاستڤانان دەکەم هەندێک بنەما و پێگە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی نەتەوەکەمان زیاتر لێکنزیکبکاتەوە و ئازارەکانیان کەمبکەنەوە.
هێمن عەبدوڵڵا: لە دیاسپۆرا ئەلبوومت بڵاوکرایەوە، پێشتریش هونەرت هەبوو، ئایا کاریگەریی دیاسپۆرا وایکرد هونەرەکەت بەهێزتر بێت و عەشقی وڵاتت زیاتر بێت؟ چونکە زۆر کەس دێتە دیاسپۆرا، با بڵێین ئەورووپا، دەڵێن ئەورووپا خۆشە، ئازادی هەیە، ژیانێکی ئاسوودەی هەیە.
هۆزان دینۆ: میللەتی بندەست هونەرمەندێکی ئازادی لێ دروست نابێت، ئەمە خۆهەڵخەڵەتاندنە، تۆ لە دیاسپۆرا بژیت، لە خەریبی و پەنابەریدا بژیت، ناتوانیت بڵێیت من ئازادم، ئەوە درۆیە، تۆ هەر غەریبیت، ئێوەش باشتر دەزانن، ئەمڕۆ ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ پارچەیەکی کوردستان، پارچەیەکی ئازاد، باشووری کوردستان، ئەو هەستەی لەوێ هەتە کاتێک بەسەر شەقامەکاندا دەڕۆیت، ئایا لەوێ ئازادتریت یان لێرە؟ بێگومان دەڵێی دینۆ من لێرە ئازادتر دەژیم و لێرە ناترسم، هەر باڵندەیەک بە رەوی خۆی دەفڕێت، بازێک لەگەڵ قەلەڕەشێکدا نافڕێت، ئێمەش دەبێت لەگەڵ رەوی خۆماندا بفڕین، هاتنی ئێمە بۆ ئێرەش لەپێناو داخوازییەکی نەتەوەیی و داهاتوویەکی نەتەوەیی بووە، بۆیە دەڵێم لە غەریبیدا دڵشادی نییە، مرۆڤ هەمیشە دڵبریندارە.
هێمن عەبدوڵڵا: تۆ جارێک کە پرۆسەی چارەسەری دەستیپێکرد، چوویەوە باکوور و وڵاتەکەت، هۆڵەندات بەجێهێشت چونکە گوتت وڵاتی دووەمی من نییە، بەڵام پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبوو و گەڕایتەوە، ئایا هیچ ئومێدێکت هەیە بەم زووانە لە ئامەد، لە مێردین، لە وان، لە شەمزینان، لە شوێنێک کۆنسێرت بکەیت؟
هۆزان دینۆ: من هەمیشە زیاتر لە هەموو کاتێک بەهیوا و ئومێدەوەم، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی ئێستای، کێشەی کورد چارەسەر نەکات، ئەوا خۆی هەڵدەوەشێتەوە، پێویستە حیساباتی باش بکەن، چونکە ئیتر کورد کوردی جاران نییە، کورد لە هەموو دنیادا، لە دیاسپۆرا، سیاسەت دەکات، خۆی دەپارێزێت، خاوەن ساز و دەزگایە، پێشکەوتووە، باوەڕ بکە ئیتر ترس و نیگەرانیم نییە، کورد هەر بەدەستی دەهێنێت، تەنیا کاتی دەوێت، ئەگەر دەوڵەت و دەسەڵاتداران زیرەک بن، ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن، ئەگەرنا دەبێتە بەڵا بەسەر خۆیانەوە.
هێمن عەبدوڵڵا: بەهیوای ئاشتی، بەهیوای بینینی کۆنسێرتەکانت لە باشوور، چونکە گوتم داواکارییەکی زۆر هەیە، هەروەها لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش و خۆزگە رۆژێک لە رۆژهەڵاتیش، زۆر زۆر سوپاس هۆزان دینۆ، من بەڵێنێکم لێ وەرگرتوویت، بەم زووانە دەست بە پۆدکاست دەکەین و تۆ میوان دەبیت لە پۆدکاستێکدا و درێژتر قسە دەکەین.
هۆزان دینۆ: زۆر سوپاست دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە.
هێمن عەبدوڵڵا: سوپاس بۆ ئێوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ